دەرسیمی ٨٩ ساڵ لەمەوبەر لە وێنەکانی ئەلیف دا

نووسینی: موژگان خالیس

لە تورکیەوە: نەجیبە قەرەداغی

ئەمڕۆ ٤ی ئایارە. کاتێک ڕۆژژمێرەکان ساڵی ١٩٣٧یان نیشان دەدا، بە بڕیارێکی ئەنجومەنی وەزیرانی دەوڵەتی تورکیا، چارەنووسی جوگرافیایەکی گەورە لە نێوان دەنگی گولە و دووکەڵدا مۆر کرا. دەرسیم بۆ ئێمە تەنها ناوی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی نییە، بەڵکو چیرۆکی ڕیشەکێشکردنی کۆمەڵگەیەک، پارچەپارچەکردنی خێزانەکان و لە هەموویشی بەئازارتر، بێدەنگکردن و لەناوبردنی منداڵانە، بەتایبەتی ئەو کچە بچوکانەی کە بێسەروشوێن کران.

بونیادنانی ناسنامەیەک: لە “هاتنەوە“ـەوە بۆ “دواجار

کاتێک سەیری ئەو بڕگەیەی ڕۆژنامەی ئەو سەردەمە دەکەین، بە ڕوونی دەبینین کە چۆن پڕۆژەیەکی “شارستانییەت” کراوەتە کەرەستەیەکی پڕوپاگەندە. وێنەکان لە تەنیشت یەک ڕیز کراون، وەک ئەوەی باس لە “گەشەسەندن و گۆڕانی” کچێک بە ناوی ئەلیف بکەن:

  • وێنەی یەکەمی ئەلیف-هاتن): ئەگەری زۆرە لە تەنیشت تەرمی بێگیانی خێزانەکەیەوە یان لە گوندەکەیەوە ڕفێندرابێت؛ منداڵێک بە جلوبەرگی دڕاو، پێخاوس و چاوانی پڕ لە شوێنەواری ئەو تراژیدیایە قووڵە.
  • وێنەی دووەمی ئەلیفلە قوتابخانە): ئێستا بووەتە قوتابییەک بە یەخەی سپی، جلی ڕەش و قژی بە ڕێکی داهێنراوە، سەرقاڵی “فێربوونی تورکی”ـە… کارەکتەرێک کە ناسنامە، زمان و ڕابردووی لەبەرەوە دەسڕێتەوە.
  • وێنەی سێیەمی ئەلیف دواجار): بە جلوبەرگێکی مۆدێرنەوە، وەک پەرستارێک کە “بە تورکییەکی پاراو” قسە دەکات.

ڕۆژنامەی ئەو سەردەمە ئەم دۆخەی وەک “چیرۆکی خوڵقاندنی مرۆڤێک” یان “موعجیزەی سدیقە ئاڤار” بە خەڵک دەفرۆشت. کەچی ئەمڕۆ کە سەیری دەکەین، دەزانین ئەمە موعجیزە نییە، بەڵکو نموونەی هەرە بەرجەستەی “کۆمەڵکوژیی یادەوەرییە. لەو پرۆسەیەدا کە بناغەکەی بە “یاسای تونجەلی-تونجەلی بەواتای مشتی پۆڵایین بە ئاماژە بەوەی کە دەرسیم بە مشتی پۆڵایین لەناوبرا” لە ساڵی ١٩٣٥ داڕژا، گەل لە ڕاپۆرتە فەرمییەکاندا وەک “دواکەوتوو” و “یاخی” ناوزەند دەکرا. ئەم زمانە بۆ ئەوە بەکار دەهات تا پاساو بۆ هەر جۆرە دەستێوەردان و توندوتیژییەک بهێنرێتەوە.

خوڵقاندنی مرۆڤ” یان سڕینەوەی یادەوەری؟

بەپێی تێڕوانینی ئەو کاتەی دەوڵەت، دەرسیم شوێنێک بوو کە دەبوو بە جۆرێک لە جۆرەکان “شارستانی” بکرێت و کارەکتەرە هەرە سەرەکییەکانی ئەم ئۆپەراسیۆنە منداڵەکان بوون. هەزاران کچی دەرسیمی لە خێزانەکانیان دابڕران؛ یان وەک “خوێندەوار” درانە دەستی ئەفسەرەکان یان لە قوتابخانە ناوخۆییەکاندا خرانە ژێر پرۆسەی توانەوەوە.

هەڵبژاردنی کچەکان ڕێکەوت نەبوو؛ چونکە ژنان ڕۆڵی سەرەکییان هەبوو لە گواستنەوەی زمان، باوەڕ و یادەوەریی کولتووری بۆ نەوەکانی داهاتوو. سڕینەوەی یادەوەریی ئەوان، بە واتای گۆڕینی ڕەگ و ڕیشەی داهاتووی کۆمەڵگەیەک بوو. ئەم پرۆسەیە تەنها پەروەردە نەبوو، بەڵکو ئۆپەراسیۆنێکی نەخشەبۆکێشراو بوو لە هەموو ڕوویەکەوە:

بێدەنگکردن: زمانە زگماکییەکەیان (کرمانجی/زازاکی و کوردی) بە تەواوی قەدەغە کرا.

بێ نیشتمانکردن: منداڵەکان لە گوند و کولتووری خۆیان دابڕران و لە ڕێڕەوە نامۆکانی شارەکاندا زیندانی کران.

دابڕان لە ڕەگ و ڕیشە: ناوەکانیان گۆڕدرا، پەیوەندییان لەگەڵ ڕابردوو پچڕێندرا. بە جۆرێک کە زۆربەیان ساڵانێکی زۆر دواتر دەیانگوت کە بە تەواوی لەبیریان چووەتەوە کێ بوون، یان ناچار بوون ناسنامەی خۆیان بشارنەوە.

لە “کێوی“ـەوە بۆ “شارستانییەت”…

ناوزەندکردنی خەڵکی دەرسیم وەک “کێوی”، ئامرازێک بوو بۆ ڕەوایەتیدان بەو توندوتیژییەی کە لە ناوکۆمەڵی تورکیادا پیادە دەکرا. ئەوەی دەکرا وەک “ئەرکێکی شارستانی” نیشان دەدرا و ڕفاندنی منداڵەکانیش بە زۆر، وەک “باشکردنی ژیانیان” دەخرایە ڕوو. دەستەواژەی “خوڵقاندنی مرۆڤ” لەوێدا، لە ڕاستیدا گوزارە بوو لە دووبارە بونیادنانەوەیەکی کولتووری و ئایدیۆلۆژی.

وێنەکانی ئەلیف، لە ڕواڵەتدا ڕەنگە منداڵێکی “مۆدێرن بوو” نیشان بدەن؛ بەڵام ناتوانین چاو لەو دابڕانە گەورەیە و ئەو تراژیدیایەی گۆڕینی ناسنامە بە زۆرەملێیە بپۆشین کە لە پشت ئەو چوارچێوەیانەوە شاراوەتەوە. ئەمە ڕێک ئەو کەندەڵانە قووڵەیە کە لە نێوان پڕوپاگەندە و ڕاستییە تاڵەکاندا هەیە.

باجی گۆڕانکاری و ڕووبەڕووبوونەوە

پڕۆسەی دەرسیم ١٩٣٧-١٩٣٨، ڕوونترین نموونەیە بۆ ئەوەی کە هەوڵدانە بۆ دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی تاکڕەنگ و یەکپۆش چەندە باجەکەی قورس دەبێت. ئەو تواندنەوەیە کە لەژێر ناوی “خوڵقاندنی مرۆڤ”دا بەڕێوە چوو، لە ڕۆحی کچە ونبووەکانی دەرسیمدا برینێکی وای دروست کرد کە هەرگیز سارێژ نابێت. کاتێک ئەمڕۆ سەیری ئەو وێنانە دەکەین، چیرۆکێکی سەرکەوتنی تێدا نابینین، بەڵکو منداڵییە دزراوەکان و شکۆیەکی پشتگوێخراو دەبینین.

٤ی ئایار تەنها ڕۆژێکی یادکردنەوە نییە، بەڵکو ڕۆژی دووبارە بەبیرهێنانەوەی ناسنامە و زمانە دزراوەکانی هەزاران منداڵی وەک ئەلیفە. چونکە مرۆڤایەتی ڕاستەقینە بەوە دەست پێ ناکات کە بە لەناوبردنی کەسێکی تر ناسنامەیەکی نوێ بونیاد بنێیت، بەڵکو بە ڕێزگرتن لە هەبوونی هەر مرۆڤێک بە ڕەگ و ڕیشە، زمان و شکۆی خۆیەوە دەست پێ دەکات.

لەبیرمان نەکردووە؛ چونکە لەبیرکردن، خنکاندنەوەی ئەو هاوارە بێدەنگەیە کە لە ناو نیگای وێنەکانی ئەلیفدا حەشار دراوە.

بابەتی پەیوەندیدار