ئارماگێدۆنی سەپێنراو و دروستبوونی هۆشیاریی کوردبوون

فاتمە ئیزۆل

لە سەرچاوە پیرۆزەکاندا، چەمکی “ئارماگێدۆن”[1] زۆربەی کات وەک کۆتاییەکی ڕەها و ساتێکی بێ گەڕانەوەی قیامەت پێناسە دەکرێت. بەڵام لە یادەوەریی مێژوویی و سیاسیی گەلاندا، تەنیا وەک وێرانکاریی فیزیکیی شارەکان و کۆمەڵکوژیی مرۆڤەکان نابینرێت؛ بەڵکو گوزارەیە لەو خاڵە یەکلاکەرەوەیەی تێیدا هێرشە گشتگیرەکان دەکرێنە سەر ناسنامە و بوون و تەواوی ئەو بەها مرۆییانەی کە گەلێک خوڵقاندوویەتی. بۆ کورد، دۆخی بەردەوامی ئارماگێدۆن وایکردووە کە هەموو نەوە نوێیەکان ببنە شایەتحاڵی ئەم بارودۆخە. سیاسەتەکانی نکۆڵیکردن، ئاسیمیلاسیۆن (تواندنەوە)، کۆچپێکردنی زۆرەملێ، ڕاوەدوونان و کۆمەڵکوژی، گەیشتوونەتە ئاستێک کە بوونی کورد لەسەر زەوی بکەنە ئامانج. بەڵام لە ئەنجامی ئەم هەوڵە وێرانکارییانەدا؛ کوردان هۆشیارییەکی یەکگرتووی سیاسییان بەدەستهێناوە و گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی بۆچی دەبێت بە ناسنامە سەربەخۆکانی خۆیانەوە بجوڵێنەوە. ئێستا پڕۆژەی ئارماگێدۆن کە وەک کۆتاییەکی مێژوویی لەلایەن دەسەڵاتدارانی ناوچەکە و جیهانەوە بۆ ئەم گەلە ئامادەکرابوو، بووەتە ئاستەنگێک کە تێیدا هۆشیاریی کوردبوون و چارەنووسی هاوبەش لە ڕووی مێژووییەوە تیژتر و بەهێزتر بووە.

سورەتی فەتح و مۆڵەتی خودایی بۆ ئارماگێدۆنی کورد

کۆمەڵکوژیی گەلی کورد؛ بۆ ئەوانەی ئەنجامی دەدەن بووەتە مافێکی ئاسایی، بۆ ئەوانەشی تەماشاچی و بینەرن بووەتە درامایەک کە بە ڕوونی دەیبینن بەڵام بەهۆی پەردەیەکی تەمومژاوییەوە نایانەوێت بیبینن. مێژووی کورد، لەوەی تەنیا چیرۆکی گەلێک بێت کە لە ساتێکی تاکی قیامەتدا بژیت، بە نموونەگەلێکی بەردەوامی ئارماگێدۆن چنراوە. ئەم قۆناغانە تەنیا ساتی وێرانکاریی سەربازی و فیزیکی نەبوون؛ بەڵکو خاڵی شکان و وەرچەرخان بوون کە تێیدا ویستراوە بوونی کورد لە شانۆی مێژوو بسڕێتەوە و یادەوەریی بەکۆمەڵیان پارچەپارچە بکرێت. لەگەڵ گەیشتنی سیستەمی مۆدێرنی دەوڵەت-نەتەوە بە پێکهاتەیەکی دامەزراوەیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، گەلان –بە گوتەی بنیامین– لە ناوەڕاستی ئەو “وێرانە و کەلاوەیانەدا” جێهێڵدران کە مێژوو لەژێر ناوی پێشکەوتندا کۆی کردوونەتەوە. ئەوەی لەو وێنانەدا دەبینرێت؛ شارە وێرانەکان، ژیانە لەدەستچووەکان، زمانێکی قەدەغەکراو، کولتوورێکی سەرکوتکراو و هۆشیارییەکی مێژوویی دابڕاوە.

سەبارەت بە مێژووی کورد، واڵتەر بنیامین پێناسەیەکی مێژوویی دەکات و دەڵێت: “دۆخی نائاسایی (باری نائاسایی) بووەتە یاسا نەک جیاکاری”. لە کاتێکدا دەستبەسەرداگرتن لە ڕێگەی “قەیوم”ەکانەوە بووەتە سیاسەتێکی باو و ئاسایی، هەر کوردێکیش کە سیاسەت بکات، وەک کەسێکی “تاوانبار” وێنا دەکرێت تا لە گەلەکەی داببڕدرێت. ئەوەی لە جوگرافیای کوردستاندا “ئاسایی”یە، بریتییە لە هەڕەشەیەکی بێپسانەوە، سەرکوتکردنێکی بەردەوام و مافی بوونێک کە هەمیشە دوا دەخرێت. ساتە مێژووییەکانی وەک دەرسیم، زیلان، هەڵەبجە، ڕۆبۆسکی، شەنگال و حەلەب، ئەو ساتانەی ئارماگێدۆنن کە تێیدا ئەم بەردەوامییە بە پاساوی “سورەتی فەتح” بەرجەستە بووە.

فڕێدانی تەرمی ژنی کورد لە بەرزاییەوە و شەق لێدانی، پێشکەشکردنی کەزییەکانی وەک دیاری، کوشتنیان لە ڕێگەی دەستدرێژیی سێکسییەوە؛ ئەمانە زانیارییە دەروونییە گرنگەکانن دەربارەی جیهانی ناوەوەی بکوژەکان. کاتێک شیکارییەکانی “فرانز فانون” بۆ هۆشیاریی لەژێر مەرجی داگیرکاریدا دەخوێنینەوە، بەپێی فانون؛ توندوتیژیی داگیرکاری تەنیا هەوڵی لەناوبردنی جەستە نادات، بەڵکو ئامانجی پارچە پارچەکردنی “سوبژێکت” و کەسایەتییە؛ تاک و گەل ناچار دەکرێن بوونی خۆیان لە ڕێگەی نیگای “ئەویتر”ەوە (داگیرکەر) بببینن. بە ئامانجگرتنی جەستەی ژن، جگە لەوەی پێشێلکردنی بەها ڕەسەنەکانی گەلێکە، نیشاندەری دوژمنایەتییە بەرامبەر بەو سیستم و سیاسەتەی ژن کە بونیاد نراوە، و هەوڵێکە بۆ پاشەکشە پێکردن بەو هۆشیارییە سیاسییە. لەگەڵ ئەوەشدا، پێناسەکردنی کورد وەک “بێ زمان”، “شاخاوی”، “کەسێک کە پێویستە بتوێنرێتەوە (ئاسیمیلاسیۆن)” و “تێرۆریست”، دەرەنجامی ڕێکی ئەم وێرانکارییە دەروونی-سیاسییەیە. بەڵام نابێت ئەوە لەبیر بکرێت کە ڕەهاکردنی توندوتیژی، لە هەمان کاتدا دەبێتە هۆی لەدایکبوونی “خۆ-هۆشیاری”. ساتەکانی ئارماگێدۆن لە مێژووی کورددا، لەم ڕووەوە لەبری ئەوەی تەنیا شکانی تراوماتیک بەرهەم بهێنن، وا دەردەکەوێت کە بوونەتە هۆی هاندانی هەڵوێستی یەکگرتوویی، کە تێیدا هۆشیاریی کوردبوون خۆی لە دژی نکۆڵیکردن سەرلەنوێ بونیاد دەنێتەوە.

ئۆجالان کێشەی کورد تەنیا وەک پرسێکی نەتەوەیی سادە نابینێت؛ بەڵکو وەک ئەنجامی ڕژێمێکی نکۆڵیکاریی بونیادیی دەبینێت کە مۆدێرنیتەی سەرمایەداری بە پێکهاتە دەوڵەتگەرایی، ناوەندیی و تاکڕەوییەکەی بەرهەمی هێناوە. ئەم ڕژێمە، کوردانی هەمیشە لە ناو “هەڕەشەی لەناوچوون”دا هێشتووەتەوە و ناچاری کردوون لە لێواری ئارماگێدۆنێکی مێژووییدا بژین. بەڵام دیدگای “مۆدێرنیتەی دیموکراتیک” کە ئۆجالان جەختی لەسەر دەکاتەوە، ئەم لێوارە لە کۆتاییەکەوە دەگۆڕێت بۆ خاڵی لەدایکبوونی کۆمەڵگایەکی نوێ. بۆ کوردان، ئارماگێدۆن کۆتایی جیهان نییە؛ بەڵکو ئەو ساتەیە کە تێیدا سیستەمی نکۆڵیکردن شەرعییەتی خۆی لەدەست دەدات.

سیاسەتی تەنیاییکردنی ڕەها لە ڕۆژئاڤا و هەڵگەڕاندنەوەی ئارماگێدۆن بە ڕۆحی یەکگرتوویی کورد

چەمکی ئارماگێدۆن؛ زیاتر لەوەی خاڵێکی جوگرافی بێت، گوزارشتە لە ئاستەنگێک کە تێیدا گرژییە مێژووییەکان چڕ دەبنەوە و سیستەمی باو چیتر ناتوانێت بەردەوام بێت. هەرچەندە ئەم چەمکە لە چوارچێوە ئاینییەکەیدا کۆتاییەکی ڕەها وەبیر دەهێنێتەوە، بەڵام لە ڕووی مێژوویی و ڕیشەسازییەوە، زیاتر وەک ساتێکی وەرچەرخان دەردەکەوێت کە تێیدا سیستەمە کۆنەکان بەرەو هەڵوەشانەوە دەچن. ئەمە ئەو کایە مێژوویی و کۆمەڵناسییە پێناسە دەکات کە تێیدا شێوازەکانی دەسەڵات لەگەڵ سنوورەکانی خۆیاندا ڕووبەڕووی یەک دەبنەوە و کردەوەکانی سەرکوتکردن و لەناوبردن شەرعییەتی خۆیان لەدەست دەدەن.

کۆبانێ؛ لە کاتێکدا بۆ دەسەڵاتداران وەک “ئازاری ناوسک” وابوو، بۆ کوردان بووە چەقی مەعنەویا، کە تێیدا توانییان لەسەر خاکە دێرینەکەی خۆیان بەهای پیرۆز بخوڵقێنن و بە گوتنی “من هەم” ببنە بکەر و خاوەن بڕیار. کۆبانێ؛ ژن-دایکە… ئەو تێکۆشانەی کورد لە ڕۆژئاڤا لە دژی گروپە جیهادییەکان ئەنجامیان دا، مۆدێلێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و شێوازێکی جێگرەوەی بەڕێوەبردن بوو کە لە ڕاستیدا وەک وەڵامێک بۆ قەیرانەکانی جیهانی مۆدێرن هاتە ئاراوە.

داعش و ڕێکخراوە جیهادییەکانی هاوشێوەی، وەک “بەڵێندەری دەستی دوو”ی بکوژە ڕاستەقینەکان و ئەو دەسەڵاتدارانەی خۆیان لە پشت پیرۆزییە دروستکراوەکانەوە شاردووەتەوە، کار دەکەن. ئەوان نوێنەری ئەو ئامرازانەن کە سیستەمی سەروەری مۆدێرن بۆ بەرهەمهێنانی “گێژاو” و پشێوی هەڵیبژاردوون. کوردان لە ڕۆژئاڤا تەنیا ئامانجیان پاراستنی خاک نەبوو لە دژی ئەم گێژاوە، بەڵکو بەرگرییان لە فرەیی، ئازادیی ژن و دیموکراسیی خۆجێیی کرد. لە هەر گۆشەیەکەوە سەیری ئەزموونی ڕۆژئاڤا بکەین، دەبینین توانی لایەنە وێرانکارییەکانی ئارماگێدۆن تێپەڕێنێت و ستەمکاری بگۆڕێت بۆ قۆناغێکی بونیادنەر.

ئەم ئەزموونە کە تا ئاستێکی زۆر “ژن-تەوەر”ە، لەلایەن سیستەمی پیاوسالاری نێودەوڵەتییەوە بە شێوەیەکی هۆشیارانە و سیستماتیک مەحکومی گۆشەگیری و تەنیاییەکی ڕەها کرا. دەوڵەتانی جیهان، کوردانیان وەک “هاوپەیمانێکی بەسوود” لە دژی جیهادییەکان دەبینی؛ بەڵام هەر کە هەڕەشەکە کەمبووەوە، لەسەر تەنیاکردن و لەناوبردنی ئیرادەی سیاسیی کورد ڕێککەوتن.

ئەو سیاسەتەی تورکیا لەم پرۆسەیەدا پەیڕەوی دەکات، هەرچەندە لە ڕوواڵەتدا وەک نیگەرانییەکی ئەمنی نیشان دەدرێت، بەڵام لە ناوەڕۆکدا بەردەوامیی ستراتیژییەکی نکۆڵیکاریی سیستماتیکە بۆ خنکاندنی دەستکەوتەکانی خۆبەڕێوەبەری و خۆدهۆشیاریی کورد. تورکیا وەک “شامانێکی فێڵباز” کە ساڵانێکی زۆر ئەزموونی لە نکۆڵیکردنی کورددا هەیە، ئێستا لە ئاستی نێودەوڵەتیدا ڕاوێژ و تاکتیک دەداتە وڵاتانی تر بۆ گەمارۆی دیپلۆماسی، دەستێوەردانی سەربازی و تێکدانی شەرعییەتی کورد. لە پشت ئەو هەوڵانەی کە دەیانەوێت کورد بەرەو لێواری ئارماگێدۆن پاڵ پێوە بنێن، ترس و دڵەراوکێیەک هەیە لەوەی کە ناتوانن نکوڵی لە کوردانی ناوخۆی خۆیان بکەن.

بەڵام لێرەدا دەبێت گەلان میتافۆری ئارماگێدۆن هەڵبگێڕنەوە. ئەوەی کورد لە ڕۆژئاڤا بەرەو ڕووی دەبرێت، هەرچەندە دەوڵەتە دەسەڵاتدارەکان دەیانەوێت وەک “کۆتاییەکی ڕەها” نیشانی جیهانی بدەن، بەڵام لە ڕاستیدا هیچی تر نییە جگە لە دەرکەوتنی قەیرانی خودی ئەقڵیەتی دەوڵەت. دەبێت لەم وتەیەی واڵتەر بنیامین باش تێ بگەین کە دەڵێت: “کارەسات ئەوەیە کە هەموو شتێک هەر بەم شێوەیەی ئێستا بەردەوام بێت”. بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی نموونەیەکی تری هاوشێوەی فەلەستین، گرنگە بە هەنگاوی داینامیکی و جۆراوجۆر ئەم سیاسەتانە پووچەڵ بکرێنەوە. بەرخودانی کورد، بەردەوامیی سیستەمی دەسەڵات تێکدەدات و نیشانەکانی هەڵوەشانەوەی سیستەمی دەوڵەتگەرای مۆدێرن دەخاتە ڕوو. بۆیە تەنیاکردنەوەی کورد، لە ڕاستیدا پەرچەکردارێکی بەرگرییانەی سیستەمە بەرامبەر بەو قەیرانی شەرعییەتەی کە تێیکەوتووە.

دیدگای “مۆدێرنیتەی دیموکراتیک”ی ئۆجالان، لە ئەزموونی ڕۆژئاوادا بووە ئەنجامێکی بەرجەستە کە دەستی لێ دەدرێت و دەبینرێت. ئەم مۆدێلە کە دوورە لە دەوڵەت و ناوەندگەرایەتی و ئازادیی ژن وەک پرەنسیپێکی بنەڕەتی بونیادنەر وەردەگرێت، هەڕەشەی ڕاستەقینەیە بۆ دەوڵەتە دەسەڵاتدارەکان. چونکە ئەم مۆدێلە ئەو پڕۆژە دەوڵەتگەرایانە پووچەڵ دەکاتەوە کە ئارماگێدۆن وەک مەترسییەکی دەرەکی دەبینن. بەم شێوەیە؛ “قیامەت” لەبری ئەوەی بە مانای لەناوبردنی “ئەویتر” بێت، دەبێتە مانای هەرەسهێنانی بانگەشەی ڕەهایی دەسەڵات. لەم ڕوانگەیەوە، ململانێی بوونی کورد لە ڕۆژئاڤا، ئەگەری دروستبوونی ئارماگێدۆن بۆ خودی سیستەمی دەسەڵاتداری دەهێنێتە ئاراوە.

ڕێگەی دەڕچوون لە ئارماگێدۆن و ئاسۆیەکی سیاسیی نوێ

بۆ کورد، ڕێی دەرچوون لە ئارماگێدۆن نە گێڕانەوەیەکی ڕزگاریخوازی کلاسیکە و نە ساتێکی سەرکەوتنی تاکی و دابڕاوە. ئەم دەرچوونە ناوی ئەو هەوڵەیە کە گەلێکی پارچەکراو لەلایەن ڕژێمە جیاوازەکانی دەسەڵاتەوە بۆ ماوەی زیاتر لە سەدەیەک، دەیەوێت لە ناو مەرجەکانی پارچەییدا هۆشیارییەکی سیاسیی هاوبەش بەرهەم بهێنێت. بەڵام ئەم هەوڵە، لەژێر تیشکی پێشهاتە هەنووکەییەکاندا، بە تاقیکردنەوەیەکی سەختدا تێدەپەڕێت. ویستی کوردان لە هەر چوار پارچەکەدا بۆ ژیانی هاوبەش، چارەنووسی هاوبەش و بونیادنانی ئاسۆیەکی سیاسیی هاوبەش، نابێت تەنیا بە فشارە دەرەکییەکانەوە ببەسترێتەوە، بەڵکو دەبێت پەیوەست بکرێت بە جیاوازیی ئەزموونی نێوان پارچەکان و واقیعە سیاسییە ناهاوسەنگەکانیشەوە.

ویستی دەسەڵاتداران بۆ تەنیاکردن و لەناوبردنی ڕۆژئاڤا، وەک کۆنکرێتترین و پێشکەوتووترین گوزارەی خواستی یەکگرتوویی دەرکەوت، بەڵام لە هەمان کاتدا ئەو ناسکی و بێهێزییەشی نیشان دا کە پارچەیی دروستی کردووە. وەک چۆن ئۆجالان زۆر جار وەبیری دەهێنێتەوە، تراژیدیای مێژوویی کورد تەنیا پارچەییەکەی نییە، بەڵکو مەترسیی “ناوخۆییبوون” و قبوڵکردنی ئەم پارچەییەیە لە تێپەڕبوونی کاتدا. بۆ گەلێک کە لە هەر چوار پارچەکەدا بە ئەقڵییەتی دەوڵەتی جیاواز گەمارۆ دراوە، دەربازبوون لە ئارماگێدۆن پێش هەر شتێک پێویستی بە تێپەڕاندنی ئەم لۆژیکی دابڕانە هەیە کە بووەتە بەشێک لە ناخی تاکەکان. بەرکەوتنی زەبر لە ویستی ژیانی هاوبەش، کوردان لە دۆخی “بونیادنەری بەکۆمەڵ” (کۆلەکتیڤ سۆبژێکت) ناخات، بەڵکو ناچاریان دەکات کە هەمیشە ئەم دۆخە سەرلەنوێ بونیاد بنێنەوە. ئەم بونیادنانەوەیەش چیتر وەک ئایدیاڵێکی یەکگرتووی یەکدەست (یەکڕەنگ) نییە، بەڵکو دەبێت پشت بە بیرۆکەی “فرەیی” ببەستێت؛ بیرۆکەیەک کە دان بە جیاوازییەکاندا دەنێت، بەڵام لەسەر پرەنسیپە ئەخلاقی و سیاسییە هاوبەشەکان کۆدەبێتەوە.

ڕزگاری بۆ کوردان، بە پشتگوێخستنی برینەکانی ڕابردوو مەیسەر نابێت؛ بەڵکو لە ڕێگەی کارکردنێکی هۆشیارانە بۆ بیرهێنانەوەی ئەو برینانە و هێنانە ناوەوەیان بۆ ناو ژیانی ئەمڕۆ دەبێت. ئێستا خاڵی یەکلاکەرەوە ئەوەیە کە چۆن دەتوانرێت لە ناو ئەم پارچەییەوە بکەرێکی سیاسی بەرهەم بهێنرێت. ئەزموونی کورد ئەمڕۆ ڕێک ئاماژە بەم قۆناغە دەکات. لە کاتێکدا دەربازبوون لە ئارماگێدۆن لە ڕێگەی فۆرمێکی دەسەڵاتی چەقبەستووەوە مەحاڵە، پێویستی بە ئاسۆیەکی سیاسیی نوێ هەیە کە بنەمای کارەکەی هاوپشتیی نێوان پارچەکان، خۆبەڕێوەبەریی ناوخۆیی و پرەنسیپە ئەخلاقییە هاوبەشەکان بێت.

سەرچاوەکان:

واڵتەر بنیامین- دەربارەی چەمکی مێژوو. وەرگێڕانی ئەحمەد جەمال. ئەستەنبوڵ: بڵاوکراوەکانی ئیلەتیشم. ٢٠١٨

فرانز. فانون- نەفرەت لێکراوانی سەر زەوی. ئەستەنبوڵ: بڵاوکراوەکانی ڤێرسوس. ٢٠٠٧

عەبدوڵڵا ئۆجالان-  کێشەی کورد و چارەسەری نەتەوەی دیموکراتیک. کۆڵن: بڵاوکراوەکانی میزۆپۆتامیا. ٢٠١٣

عەبدوڵڵا ئۆجالان-  تێپەڕاندنی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری: مانیفێستۆی مۆدێرنیتەی دیموکراتیک. کۆڵن: بڵاوکراوەکانی میزۆپۆتامیا، ٢٠١٥

دلار دیریک- بزووتنەوەی ژنانی کورد: مێژوو، تیۆر، پراکتیک. لەندەن: چاپخانەی پلوتۆ، ٢٠٢٢

مارتن ڤان برۆینەسن-  ئاغا و شێخ و دەوڵەت: پێکهاتە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی کوردستان. لەندەن: زێد بوکس، ١٩٩٢

ئینجیلی ئۆکسفۆرد، کتێبی وەحی، بەشی ١٦. ئۆکسفۆرد: چاپخانەی زانکۆی ئۆکسفۆرد، ٢٠١٨

[1]  ئارماگێدۆن: ئەم چەمکە لە پەیمانی کۆندا هاتووە کە کۆبوونەوەی هێزەکانی چاک و خراپە بۆ خۆ ئامادەکردن بۆ شەڕی کۆتایی. هەروەها بە واتای هەستانی قیامەت، ڕۆژی مەحشەر دێت کە لەو ڕۆژەدا مرۆڤەکان زیندوو دەبنەوە بۆ حیسابخواستن. زۆر واتای مێژوویی هەیە لە جوگرافیای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەروەها واتایەکی تر وەک نووسەر ئاماژەی پێدەکات، سەپاندنی باڵادەستییە بە شەڕ.

بابەتی پەیوەندیدار