بانە ڕۆز
من لە پەنای ڕەنگی ئاوازە دێرینەکانی دایکمەوە پەروەردە بووم
چنراوم لەو دەزووانەوە کە لە ئەستێرەی پەنجەکانیەوە لەمبەر بۆ ئەوبەر خولاونەتەوە
وەک ئاوریشمێک کە زمان و دەنگی نەنکەکانم دەچرپێنێت
لە ڕیشەوە بوێری و ئازاری هەموویان وەک بڵێسەیەکی پیرۆز لە مندا پەخشبۆتەوە
ئەم ڕووناکیەم لە هیچ کەسێک قەرز نەکرد تاوەکو بیدەمەوە
ئەم ڕوناکیە وەک پەپولەیەکی هەمیشەیی لەناو خوێنهێنەکانمەوە
لەم دڵۆپە خوێن بۆ ئەو دڵۆپە خوێن دەفرێت و دەگەڕێتەوە
باڵەکانی لە پارچەی کراسەکانی نەنە ئایشە و نەنە حەبیبەوە لێکدراون
بە تارە زێڕینە ئیلاهیەکانیان دوراونەتەوە
جل و بەرگەکەم لە مێر پاشاوە پێم دراوە و
پێکەنینەکەشم وەک یاخیبوونێکی بێدەنگ خەنجەری لە ڕوخان تیژ کردۆتەوە
من نەدرەوشاومەتەوە تا چاوە ڕوکەشیەکان سەرنجم بدەن
من دەدرەوشێمەوە چونکە لەناو خۆمدا ئاگاییم ژیاوەتەوە
لە گەردوونێکی قوڵ و بێ سنوورەوە
ئەستێرەیەک لە ڕاستی نەوتراوەوە
دەنگ و ڕەنگی ژنانی خێزانەکەم لە خۆمەوە دەگوازمەوە
لە تەواوکەری هەوڵی ئەوانەوە، خۆم لە هەموو کۆتێکی پیاوسالاری پاک دەکەمەوە
ئەم ڕۆشناییە تیژە هێواش هێواش هاتۆتە گۆ
سرودێکی پڕ لە دەنگە بۆ ئازادی، بۆ ژنێکی سەربەخۆ
جادوویەکی کۆن کە لە یەکەم ڕۆژەوە هەڵمگرتۆتەوە
و وەک پارچەیەک لە مەزنێتی دایکم لای خۆم گلمداوەتەوە
من لە پەنای ئازارەکانی دایکمەوە بەهێزتر بووم
لە سایەی ڕەسەنایەتیەکەیەوە سەربەرزتر بووم
ئیتر وێنەی هیچ ژنێکی جیهان بۆ من نابێتە نموونە
نموونە لای من نەجاتە، کە هەر خۆی خودی ڕزگاربوونە