٢٨ی حوزەیران ٢٠١٧ لە کۆڵن ئەندامانی ناوەندی ژنۆلۆژی لە ئەوروپا نەجیبە قەرەداغی و ئیڤۆن هاینا سەردانی ماریا میسیان کرد و بۆ ماوەی ٤ سەعات گفتوگۆیان لەسەر زۆر بابەتی وەک تێز و کتێبەکانی ماریس میس، بەشێک لە بزووتنەوەکانی فێمینیست و دۆخی هەنوکەییان، سروشت، کۆلۆنیالیزم، ئەزمونەکانی ژنانی هندستان کە ماریا میس خۆی ماوەیەکی درێژ لەوێ ماوەتەوە. کاریگەری قەیرانەکانی سیستەم لەسەر ژیانی کۆمەڵایەتی، دیدە نوێیەکان و دەرفەتی کردەیی کردنیان، کاریگەری تەکنەلۆژیای زاوزێ reproductive technology و کاریگەری لەسەر ژن، ژنۆلۆژی، بزووتنەوەی ئازادیی ژنی کورد و بەرهەمە فکری و کردەییەکانی بزووتنەوەکە و شۆرشی ڕۆژاڤا. ئەمەش پوختەی دیدار و گفتوگۆکە بوو.


ناوەندی ژنۆلۆژی: تۆ زۆر جار باس لە گرنگی پراکتیک دەکەی لە پەیوەندی لەگەڵ تیۆری؟ بۆ پراکتیکت بەر لە تیۆری پێ گرنگە؟
ماریا میس: پراکتیک گرنگە چونکە ئەوە پراکتیکە کە پێویستی تیۆری هەنگاو بە هەنگاو دروست دەکات، پێویستە لەناو پراکتیک تیۆری تێبگەی و لە تێکۆشاندا زیاتر تێبگەی کە پێویستیەکانت چییە. دەبێ بچینە ناو کۆمەڵگە بۆ ئەوەی بتوانین گۆڕانکاری بکەین ناتوانین بە میتۆدی پۆزەتیڤیزم مامەڵە لەگەڵ کۆمەڵگە بکەین کە لە دەرەوە سەیری بکەین و بمانەوێ بیگۆڕین. دەبێ تیۆری بۆ گۆڕانکاری بێ و گۆڕانکاریش دەبێ زەمینەی کارکردن بێ لەگەڵ کۆمەڵگە. نامانەوێ درێژە بە دۆخی ئۆبژێکتیڤیزم و سوبژێکیڤیزم بدەین. ئەگەر لێکۆڵێنەوە بکەین لەسەر دۆخی کۆمەڵگە دەبێ هەموو سوبژە بین ناکرێت بەشێك سوبژێکت بن و ئەوەی دیکەش ئۆبژێکت بێت.
ناوەندی ژنۆلۆژی: نمونەیەک هەیە بۆ ڕوون کردنەوەی ئەو حاڵەتە؟
ماریا میس: لە ساڵی ١٩٧٨ دا لە دژی توندوتیژی لەسەر ژن، ویستمان ماڵی ژنان دامەزرێنین لە کۆڵن بەڵام سەرۆکی شارەوانی ئەو کاتە پێی وتین توندوتیژی خێزانی نییە و رەتی کردەوە. گروپێکی خوێندکار و ژنان بووین وتمان ئێمە وەک بزووتنەوەیەکی فێمینیست دەمانەوێ ئەو کارە بکەین. کاتێ سەرۆکی شارەوانی وتی توندوتیژی نییە . گروپەکەشمان وتیان دەچینە کۆڵانەکان و لە ژنان دەپرسین بزانین توندوتیژی هەیە؟ ئەگەر هەیە لە چ ئاستێکدایە؟ پرسیارمان کرد. توندوتیژی هەیە یا نییە، ئەگەر هەیە لە کوێ هەیە؟ کێ بینیویەتی یان کێ توشی بووە؟ ئەنجامی ئامارەکە نیشانی دا کە ڕێژەیەکی بەرزی توندوتیژی هەیە. چووینەوە بۆ لای سەرۆکی شارەوانی کۆڵن، وتمان فەرموو ئەوە ئامار بەڵام دیسان فەرامۆشی کرد. پاشان خۆمان ماڵی ژنانمان دامەزراند. زۆر کەس کە لە گروپەکە بوون ویستیان ماڵێک دامەزرێنن چونکە فەرمی نەبوو کارەکە زەحمەت بوو بەڵام ماڵ یان پەناگە زۆر پێویست بوو بۆ ئەوەی جێیەک هەبێ ژنان خۆیان بپارێزن. لەبەر بێ دەرفەتی ژنان بڕیاریان دا ماڵی هەر یەکێکیان ببێتە شەلتەرێک، ئەوەش یەکەم جار بوو کە لە ئەڵمانیا شتێکی وەها بکرێت. ئەوەش هەنگاوێکی گرنگ بوو بۆ ئەوەی ژنان یەکتر بناسن لە نزیکەوە ئاگاداری دۆخی یەکتری بن و هاوکاری یەکتر بکەن و لە دۆخی ئەوانە زۆر شت تێبگەین. ئەو کاتە تەنانەت ژنە سیاسییەکان و ئەوانەی لەناو دەزگاکانی دەوڵەتدا بوون پشتگیری ئەو هەنگاوەی ژنانیان نەکرد.
ناوەندی ژنۆلۆژی: بە لای ئێوەوە کێشە یەکەمی ئەمڕۆی ژن چییە؟
ماریا میس: پێم وایە کێشەی یەکەمی ژنان توندوتیژیە و بزووتنەوەکانی فێمنیست ڕاوەستە لەسەر ئەو بابەتە ناکەن چونکە ڕێخکراو نین و خۆیان ناپارێزن. ئەوە گرنگە کە تۆ سەرەتا بجووڵێی، شت بکەی و دواییش ڕاوەستە لەسەر تیۆرییەکەی بکەی. ئێستا لە کۆڵن سێ پەناگەی ژنان هەیە ئەوەش نیشانەی ئەوەیە توندوتیژی زۆرە. کەواتە لە ئەنجام دا ئەو کارەی ئەو دەستپێشخەریەی یەکەم ژنان کە کردیان ئەگەر سەرکەوتوو بوایە ئەوە ئێستا پێویست بە ماڵی ژنان نەدەبوو. پێم وایە پرسەکە ژن نییە، پرسەکە پیاوە و داوای یەکسانی لەگەڵ ئەم پیاوە هەڵەیە. من تێبینیم لەسەر چەمکی “یەکسانی جێندەر”ی هەیە. ئەو چەمکە ناتەواوە لەگەڵ ئەم دۆخەی ئێستا. پێویستە گۆرانکاری بکەین بۆ ئەوەی ژن و پیاو یەکسان بن و پێکەوەبژین.
ناوەندی ژنۆلۆژی: بۆ تێبینیت هەیە لەسەر ئەو چەمکە لە دۆخی ئێستادا؟
ماریا میس: گۆڕانکاری لە پیاودا زۆر گرنگە و ڕەخنەیەکی کە لە بزووتنەوەی ژن دەتوانین بیگرین لە ئەوروپا بەتایبەتی لە ئەڵمانیا لەبەرئەوەی کە لێرە شتێکی وەها هیچ ڕووی نەدا، بزووتنەوە فێمینستەکان لێرە تێکۆشانیان کرد کە مافەکانیان وەک مافی پیاو بێت. هەموو شتێک وەک پیاو بێت. ئەوە باش نییە چونکە پیاو ئەمرۆ زۆر ستەمکار و زۆردارە و باڵادەستە لەسەر هەموو شتێک نامانەوێ ژن بەشداری ئەو ڕێبازەی یەکسانی بێت. دەبێ کەسایەتی و شێوازی ژیانی پیاو بگۆڕێت. ژنان لێرە، لەسەر مەسەلەی یەکسانی تەنیا تاکەکەسییانە بیردەکەنەوە نەک وەک مەسەلەیەکی کۆمەڵایەتی و بەو تێگەیشتنە بۆ یەکسانی، کاریگەرییان لەسەر کۆمەڵگە نییە.
ناوەندی ژنۆلۆژی: لە ڕوانگەی ئێمەوە وەک ناوەندی ژنۆلۆژی پێمان وایە کە ژنانی فێمینیست سێکوچکەی پیاوسالاری، سەرمایەداری و دەسەڵاتداری لە یەک دادەبڕێنن؟ تێکۆشان لە بەرامبەر یەکێکیان جیا لەوەی دیکە دەبینن؟
ماریا میس: زهنییەتی باوکسالاری و دەسەڵاتداری یەکەمینە لەسەر ژنە، ئەو دوو چەمکە بۆتە سەرچاوەی ئەوەی کە سەرمایەداری خۆی بیناکرد. سەرمایەداری لەسەر باوکسالاری بیناکرا. دەبێ هەردوو پێکەوە ببینین. ئەمرۆ پیاوی سپی هەموو شتێکی داگیرکردووە، جیهان، ژن، سروشتی داگیرکردووە. دەبینن کە مەکسیک، ئەمەریکای لاتین و زۆر جێگەی دیکەیان داگیرکردووە و هێشتاش داگیری دەکەن. مارکس بە شێوەیەکی ڕاست ئەنالیزی سەرمایەداری نەکرد، چونکە کاری ژن و ڕەنجیی ژنی نەبینی. تەنیا لەسەر پرۆلیتاریا شیکردنەوەی کرد. لە ڕاستیدا بناغەی کاری پرۆلیتاریا ژنە، کاری ماڵ، منداڵ خستنەوە، بەرهەمهێنان و هتد بەڵام مارکس ئەوانەی وەک کار نەبینی. مارکس وەک ڕاستەهێڵ سەیری مێژووی کرد و ئەوەش راست نەبوو چونکە دۆخی ئێستای ئێمە لە پێشوو باشتر نییە. ئەو دیدەی مارکس کە پێی وایە هەر شت بەرەو پێشەوە دەچێت ڕاست نییە. دۆخی پیشەسازی ئەمرۆ کە مارکس پێی وابوو پیشەسازی پێشكەوتوو گرنگە بۆ مرۆڤ ئەمرۆ دەیبینین کە دۆخی کۆمەڵگەی تێکداوە و کۆمەڵگەی کردۆتەوە کۆمەڵگەیەکی بەرخۆر. دۆخی ژن لە کۆمەڵگەی چینی ناویندا خراپترە چونکە ژن تەنیا دەمێنێتەوە و بێ پاراستنن و رێز بۆ ژن نییە و تەنیا وەک هێزی کار دەبینرێت. جیاوازییەکەی لەگەڵ کۆمەڵگەی فیوداڵدا ئەوەی کە ژن لەوێ لەژێر ناوی دیکەدا و پاساوی دیکەدا باشتر دەتوانن خۆیان بە کۆمەڵ بپارێزن چونکە مەترسی باشتر دەبینن. ژن لە کۆمەڵگەی چینی ناویندا مەترسی زوو نابینێ و زیاتر پشتی خۆی بە دەوڵەت دەبەستێ و ئەوەش راست نییە چونکە دەوڵەت نەک نایپارێزێت بەڵکوو لەو کەسانەش ناپرسێتەوە کە دەستدرێژی بە کۆمەل دەکەنە سەر ژن، پرسەکە تەنیا ئەوە نییە کە دەوڵەت لێیان دەپرسێتەوە بەڵکوو کە دەستدرێژی ڕووی دا ئیتر زیندانیکردن دۆخێکی درەنگکەوتووە. دەستڕاگەیشتنی ژن بە کار و خوێندن بە واتای ئازادکردنی نییە ئەگەر گۆڕانکاری لە خێزاندا دروست نەبیت.

ناوەندی ژنۆلۆژی: جووڵەیەکی بەرچاو هەیە لە بزووتنەوەی ئەلتەرناتیڤ لەنێو ژنانی ئەڵمانیادا ئێوە گەشبین نین بەوە؟
بۆ دۆخی ئەمرۆ زۆر گەشبین نیم چونکە دۆخی ژن نەگۆڕاوە و بزووتنەوەکانی فێمینیست زۆر بێدەنگن. لە هندستان ژن زۆر بەهێزن، ژنانی ئەڵمان زۆر لاوازن لە باری رێكخستنی و کەسایەتی. فەرموو (ئاماژە بە ڕۆژنامەیەکی بەردەمی کە وێنەی ژنێکی هندستانە کە هەواڵەکەی ئاماژە بەوە دەکات ژنێک بۆتە سەرۆکی بانکێکی گەورە) ئەوە ژنێکی هندی کە سەرۆکی بانکێکی هندستانە بەڵام ئەمرۆ یەک ژنی ئەڵمانی نابینی کە سەرۆکی بانک بێت، بۆ یەک جاریش دۆیچە بانک سەرۆکەکەی ژن نەبووە. دۆخی ژن لێرە باش نابینم. زۆر کار دەکەن، زۆر کاری شاراوە دەکەن، خۆیان رێکخستن ناکەن و ناپارێزن، زۆر تەنیان، خراپترین بارودۆخ باردۆخی کچانی گەنجە بەتایبەتی کاتێ دەڵێن “پێویست بە فیمینیزم نییە”. ژیانێکی بێوزە و بێجۆش هەیە. تەنیا ژیانێکی ئاسایی دەوێ. تەنیا بیر لە خۆی، پیاو و ئایندەی خۆی دەکاتەوە. کچانی گەنج شتێک لەسەر فێمینیزم نازانن چونکە پێیان وایە کە ئازادن و ژیانیان باشە. ئەوەش گوزارە نییە لە راستی.
ناوەندی ژنۆلۆژی: بەو نموونەی بانکەدا پێت باشە کە ژن بەشداری سیستەمی سەرمایە ببن؟ بەڵام تۆ لە تێزەکانی خۆت دا لە دژی ئەوەی.
ماریا میس: ڕاستە دەبێ ئامانجی ژن ئەوە نەبێ کە ببنە بەشێك لەو سیستەمە بەڵام دەبێ بزانین کە ژن لە هندستان ئەو کارە ناکەن کە تەنیا بۆ خۆیانی بەکاربێنن بەڵکوو بۆ ژنی تریشە. بە کارێکتەری پیاو ئەوە ناکەن. بێگومان دەبێ ژن بەشداری سیستەمی سەرمایەداری نەبن. دەمەوێ نموونەیەکی تر بێنمەوە کە لە دەنهاگ پێشتر پەیمانگایەک بۆ ژن دامەزرا بەناوی ژن و پەرەسەندن، لە زۆر جێگەی دونیاوە ژن هاتنە ئەو پەیمانگایە، زۆر ژن لەسەر بنەمای ئەو زانینەی لەوێ بەدەستیان هێنا، چونەوە و لە وڵاتەکانی خۆیان رێکخستنی ژنیان دامەزراند. هەموو بزووتنەوەیەک کە بۆ ئازادیی نەتەوەیی شەڕ دەکات، لە سەرەتای تێکۆشانەکانیان دا بۆ ڕزگارکردنی وڵات دواتر دەزانن کە تێکۆشانی ژن سەرەکییە بۆ ڕزگاری. دەرک بەوە دەکەن کە بەبێ ڕزگاری ژن ناتوانن وڵات ئازاد بکەن، نموونەی ئەوە دەتوانین لە هندستان، لە نیپاڵدا ببینین. بۆ نموونە لە وشەی نیشتمانی دایک motherland بەو واتای ئەوەیە کە دایک یان خوداوەندی دایک هەبووە بۆ ئەوەش ڕزگاری ئەو خاکە یان ئەو وڵاتە بێ ڕزگارکردنی ئەو کولتوورەی دایک لە دەستی داگیرکەردا نابێت. من لە کتێبەکەم “ژنان، دوایین کۆلۆنین” بە درێژی باسی ئەوەم کردووە کە ژن کۆلۆنی یەکەم و داگیرکراوی یەکەمن.
ناوەندی ژنۆلۆژی: ئێوە لە گفتوگۆکانتاندا باستان لە مەترسی تەکنەلۆژیای زاوزێ کرد، ئەوە کەی دەکرێت ببێتە مەترسی؟
ماریا میس: بابەتێکی گرنگە بۆ گفتوگۆ. مەسەلەی تەکنەلۆژیای زاوزێ کە کار لەسەر منداڵی لولەیی دەکرێت بەڕێی پیتاندنی دەرەوەی منداڵدن. ئەوەی لێرەدا بۆتە جێی مشتومڕ مەسەلەی کرێکردنی منداڵدان و بەکارهێنانی ژن یان تاقیکردنەوەی جینەکانە لەسەر ژن. ڕێکخراوی تۆڕی نێونەتەوەیی فێمینیست بۆ بەرەنگاربونەوەی ئەندازیاریی جینایەتی و زاوزێ (FINRRAGE) لەپێناوی بەرەنگاربونەوەی زهنییە تی پیاوسالاری و رێگرتن لەو ئیستغلالکردنە دامەزرا. پێم وایە لە قۆناغی ئێستادا بە ناوی پێشکەوتن و پەرەسەندنی تەکنەلۆژییەوە کاری زۆر دڕاندانە لەبەرامبەر ژن دەکرێت. وای لێهاتووە ئەو کۆمپانیانەی ئەو کارە دەکەن دەستیان بە بازرگانیکردن بە منداڵدانی ژنانی دیکەی هەژاراوە کردووە، بۆ خستنەوەی منداڵ بۆ ژنان و پیاوانی سپی. ئەمە بەئاشكرا داگیرکارییە. دەبێ بزووتنەوەکانی فێمینست لە دژی ئەوە بوەستنەوە و کاری لەسەر بکەن.
ناوەندی ژنۆلۆژی: لە جێیەکدا باس لە ڕێنوێنی خۆژێنی دەکەی ئەم چەمکە چۆن کاری پێ بکرێت؟ لە بەرامبەر بە چ چەمکێک دەکرێت ببێتە ئەلتەرناتیڤ؟
ماریا میس: پێم وایە لەم قۆناغەدا سیاسەتێکی خۆراک بوونی نییە کە لەگەڵ ئەخلاق بێتەوە، چونکە دەرفەتێک نەهێڵراوەتەوە بۆ خۆژێنی. ناچارکراوین لەسەر ئەوانی دیکە بژین و کەڵک لەوانی دیکە وەرگرین. بە داگیرکاری ئەوانی دیکە دەژین، نەک لەسەر بنەمای خۆژێنی. بەهۆی تەکنیکەوە مرۆڤ لە ریشەی بەرهەم دابڕاوە، بۆ ئەوەش مرۆڤ لە پێناسەی هەلومەرج و بەهای کار دابڕاوە. لە کێڵگەی باوکمدا مرۆڤ و ئاژەڵان پێکەوە دەژیان. زۆر جار دایکم تەنانەت لەگەڵ مانگا و بەرازەکان دەمایەوە تا بەچکەکەیان دەبوو. دەکرێت ڤیگانیزم چەمکێکی رۆشنکەرەوە بێت لە بەرامبەر دۆخی لیبرالیزم لە ئەمرۆدا. لە جێی ئەوەی کە داگیر بکەین و چاومان لەوانی دیکە بێت کە خۆمانیان لەسەر بژێنین دەکرێت بە رێنوێنی خۆژێنی هەرکەس لەو جێیەی لێیەتی کەڵک لە سەرچاوە و دەرفەتی ژیان ببینێت، لە جێی ئەوەی کە بە شەڕ زەوی و سامانی ئەوانی دیکە داگیر بکات، دەکرێت پەرە بە ئەلتەرناتیڤ بدەین بە کەڵک وەرگرتن لە رێبازی هاوشێوەی ڤیگانیزم چونکە سیستەمی لیبرالیزم هەموو شتێکی رەوا کردووە و مرۆڤی لە خۆژێنی دوورخسۆتەوە. تەنانەت کێڵگە و زەوییەکانیان کردۆتە چۆڵەوانی بۆ کاری خۆیان. بۆ بەدەستهێنانی رۆنی ڕووەکیی دارخورما دارستانەکان دەبڕنەوە و خەڵکی یان کۆچبەر دەکەن یان ناچاریان دەکەن تەنیا ئەو دارانە بڕوێنن.
ناوەندی ژنۆلۆژی: ئێوە ئاگاداری ئەوەن کە ژنانی کورد کەڵکیان لە بەشێکی تێزەکانی ئیوەش وەرگرتووە؟
ماریا میس: زۆر خۆشحاڵم و بۆ من چاوەڕواننەکراوە کە ئەمرۆ ژنی کورد کەڵک لە تێز و هزری من وەردەگرن بۆ ئازادیی ژن و کۆمەڵگە. بۆ نموونە ئەم تۆوە (کاتێ پەنجەی بۆ ئینجانەیەکی بەردەمی ڕادەکێشێت کە نەمامی گوڵێکی تێدا سەوز بووە) لە مەکسیکەوە بۆم هاتووە چاندم ئێستا بەرهەمەکەی دەرکەوتووە، ناوی تۆوەکە (کۆمەڵگەی نوێ)یە. وەک ئەم تۆ و گیایەی کە گەشەی کردووە تۆ تێزێک یان فکرێک دێنیتە ئاراوە بەڵام وەک شتێکی چاوەڕواننەکراو بەرهەمەکەی لە جێیەکی تر دەردەکەوێت.

من گەڕامەوە گوندەکەم و سەیرم کرد کە دەتوانم بەدیدێکی نوێوە لە شتە کۆنەکان بڕوانم، من تێگەیشتم لە گوندەکەمەوە کە فرەچەشنی، کاریگەری دار و گوڵەکان لە یەکتر، رەنجێکی کە لەبەر ئەو شتانەی پێگەیشتووە دراوە. من تێگەیشتم تەنیا گوڵ ناتوانن بژین، بەڵکوو گوڵ، دار، تیشکی رۆژ دەتوانن پێکەوە بژین و یەکتر بەهێز بکەن. من لە گوندەکەمەوە دوای کەوتمە ئەو تەمەنەوە ئەو فێر بووم. ژن باشتر سروست و ئاژەڵ دەناسن و پەیوەندییان بەهێزترە، لەسەر بنەمای بەرخۆری، تاڵانی و لەسەر بنەمای بەکارهێنان نییە لەسەر بنەمای ڕێز و هاوسۆزییە، ژیانی ژن لەگەڵ منداڵەکانی وەک ژیانی ئاژەڵە لەگەڵ بەچکەکانی، بەچکە هەمیشە بۆلای دایک دەچێت.
هەر ئەو نموونەی تۆ باست کرد (ناوەندی ژنۆلۆژی: لە گوندێکی کوردستان من خۆم بینیم ژنێک مەڕ و ماڵاتی دۆشی و ڕەوانەی لەوەڕگەی کردن، دواتر من لە ژن و پیاوەکەم پرسی کە ئەگەر ژن دووگیان بێت، یان نەخۆش بێت یان بۆ چەند ڕۆژ بچێتە شار کێ دەیاندۆشێت، پیاوەکە وتی من کراسی هاوسەرەکەم لە خۆم دەکەم و من دەیاندۆشم، کە بۆنی هاوسەرکەم دەکەن لە جلەکانەوە ڕێ دەدەن بیاندۆشم) گرنگە و زۆر سەرنج راکێشە.
ناوەندی ژنۆلۆژی: نازانم چەندە ئاگادارن کە گوندی ژنان ژنوار لە ڕۆژاڤا هەیە کە ژنان خۆیان بونیادی دەنێن. ئەوە دەبێتە بەرهەمی ژنان کە تێدا خۆیان پەروەردە دەکەن و دیدی نوێی خۆیانی تێدا گەڵاڵە بکەن، هێز و ئیرادەی خۆیان بۆ چارەسەری پرسەکان نیشان دەدەن و خۆیانی تێدا ڕێکخستن دەکەن. ئەوە تەنیا ئەلبەتە لە گوندی ژنوار نییە بەڵکوو ژن لە رۆژاڤای کوردستان کە بەشی باکوری سوریایە، لەسەر بنەمای هاوسەرۆکایەتی بەشداری یەکسانیان هەیە لە بەرێوەبردن و وەگەڕخستنی ژیانیان لە هەموو بوارێکەوە و ڕێکخراوەی چەترئاسای تایبەت بە خۆشیان هەیە و ئەو بەشدارییەیان لە بواری سەربازی، سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووری و ئاکادیمی، هەم لە ڕووی تیۆری و هەم کردارییەوە لەسەر بنەمای ئازادی زایەندی، ئیکۆلۆژی و دیموکراسییە. جگە لە هاو-وتەبێژ و هاوسەرۆکایەتی لە دەزگا تێکەڵەکاندا، خۆیان لە شێوەی کۆمین، ئەنجومەندا ڕێکخستووە.
ماریا میس: لە دژی توندوتیژی سەر ژنان چیان کردووە؟ ئەوە گرنگە. دەکرێت تیشک بخرێتە ئەو گۆڕانکارییە لە ژنانی کورد چونکە بۆ یەکسانی پێویست بە گۆڕانکاری هەیە.

ناوەندی ژنۆلۆژی: ماڵی ژنان دامەزراوە (هەر وەک ئێوەش باستان کرد بۆ کۆڵن) ڕێکخستن ژنان بەربڵاو لە هەموو جێیەک دامەزراوە نەک تەنیا لە پاراستنی ژنان بەڕێی ئاسایشی ژنان مامەڵە لەگەڵ کەیسەکانی توندوتیژی دەکات بەڵکوو بە میتۆدی پەروەردەش مامەڵە لەگەڵ لایەنەکانی پەیوەندیدار بەو توندوتیژیەوە دەکات. وەک وتتان ماڵی ژنان زۆر گرنگە کە بیانەوێ هەروەزییانە چارەسەری کێشەکانیان بکەن بەڵام پێشیان وایە کە چارەسەری پرسی توندوتیژی تەنیا کێشەی ژن نییە بەڵکوو کێشەی کۆمەڵگەشە، کێشەی ژنانیشە بۆ ئەوەش بە زانستی ژنۆلۆژی تەواوی بوارە هزرییەکان دەخرێتە بەر ڕەخنە و کار لەسەر گۆڕینی زهنی دەکرێت، هەروەها پیاو بۆ نموونە چەمکی “کوشتنی پیاوێتی” ئۆجالان خستییە ئەجێندای بزووتنەوەی ژنەوە. کوشتنی پیاوێتی بە واتای گۆڕینی ڕیشەیی زهنییەتی پیاوسالاری بەرێی پەروەردە و رێبازی گفتوگۆ و رێ و شوێنی جوارجۆر گرتنەبەر تا ئەو کاتەی گۆڕانکاری دەکەوێتە سەر راستە ڕێی. ئەوەش بەشێکی گرنگی کارەکانی بزووتنەوەی ژنە، بێ ئەو گۆڕانکارییانە ئازادیی کۆمەڵگە و ژن گەرەنتی نابێت، کەی پیاو پرسی ئازادی وەک پرسی خۆی بینی، ئەوا دەکرێت بڵێین تێکۆشانی ئازادی هەنگاوێکی گرنگی ناوە، ئەو لە ئاستی دەستەبژێردا هەنگاوی ناوە و پێویستی بە هەنگاوی زیاترە. ئەلبەتە ئەوە کارێکی سەختە، زانستی ژنۆلۆژی و گفتوگۆکان لە تەوەرە و باسەکانی ژنۆلۆژیدا زەمینەی گۆڕانکارییەکەی ئاسانتر کردووە.
دەکرێ ژنانی جیهان لە تیۆریی “کوشتنی پیاوێتی” لە ژنانی کوردەوە فێر ببن.
ماریا میس
ماریا میس: دەکرێ ژنان لە تیۆریی “کوشتنی پیاوێتی” لە ژنانی کوردەوە فێر ببن. لێرە دەڵێن کە دەبێ ژن لەگەڵ پیاو هەڵبکات. بۆ لەگەڵ پیاوێتی ستەمکار و زۆردار هەڵبکات؟ هەروەها خۆشحاڵــم بە دامەزراندنی گوندی ژنوار هەنگاوێکی باشە گرنگە کە ژنان خۆیان ئەوە دەکەن. من ٢٠١٢ لە زانکۆی کۆڵن بانگی کۆنفرانسی ژنۆلۆژی کرام بەڵام بەهۆی تەمەن ( ٨٢ ساڵ) و نەخۆشی نەمتوانی بەشداری بکەم. پێشتر چومە کۆبونەوەیەکی تر لە کۆڵن و بەشداریم کرد. ژنۆلۆژی گرنگە بەڵام زانیاری زۆرم لەسەری نییە دەمەوێ زیاتر بزانم لەسەری. دەبێ ئەو ژنانەی کە تێکۆشان دەکەن مێژووی خۆیان بناسن ئەو ژنانەی مێژووی خۆیان نەناسن ناتوانن نە تێکۆشان و نە شتێکی تر بکەن. ئەگەر هەر کەس خۆبوون بژی ئەوە داگیرکەری نامێنێت. ئەو گەلەی داگیرکراوە دەبێ جارێکی تر هەبوونی خۆی بدۆزێتەوە و ڕێکخستن بکات. بۆ نموونە خەڵکی هندستان دەخوازرا بتوێنرێنەوە لەنێو کولتووری ئینگلیزدا و وەک کولتوورێکی باڵا خۆی نیشان دا. ویستیان خەڵکی هندستان وەک خۆیان لێبکەن هەر گەلێک دەبێ کولتوور و هەبوونی خۆی بپارێزێت.
ناوەندی ژنۆلۆژی: زیاتر بە چییەوە سەرقاڵن، جێگەکەتان زۆر بێدەنگە، زۆربەشی کەسانی بەتەمەنن؟
ماریس میس: (کتێبخانەکەی پیشان داین کە سەدان کتێبی خۆی تێدایە) ئێستا چەندین کتێبم بۆ زمانی دیکەش وەرگێڕدراوە و بۆیان هێناومەتەوە. (بەپێکەنینەوە) دەوڵەت ئێمەی لێرە وەک گیتۆ کۆکردۆتەوە، وەک بار سەیرمان دەکات. لەگەڵ ئەوەی کە ئێمە خەڵکی خاوەن ئەزموونین و دەتوانین زۆر کەڵک بە دەوروبەر بگەیەنین. وەک ئەوەی کە ئێمە تەنیا چەند ساڵێکمان ماوە بۆ مردن. ئێمەیان لە کۆمەڵگە دابڕاندووە، دەوروبەرم هەموو کەسانی بە تەمەنن بەڵام ئێمە خۆمان نەدایە بەر ئەو کەشەی بۆمان دروستکراوە، بەڵکوو لێرە لەگەڵ پیرەکانی دەوروبەر گروپێکی میوزیکمان سازکردووە کە گۆرانییە ئەڵمانییە کۆنەکان زیندوو دەکەینەوە. لە ئایندەیەکی نزیکدا کۆبونەوەمان دەبێت و لێرەش هەندێ ژیان بۆ شەقامیش دەگەڕێنینەوە.
ماریا میس کێیە؟
ماریا میس لە ساڵی ١٩٣١ لە کۆڵن لە دایک بووە. مامۆستای سۆسیۆلۆژی بووە لە زانکۆی کۆڵن. بۆ ماوەی پێنج ساڵ لە زانکۆی گۆتە لە هندستان مامۆستا بووە و نامەی دکتۆراکەشی لەسەر ژنانی هندستان بووە. ماوەیەکی درێژ چالاکی لە بزووتنەوەکانی ژنان هەبووە و یەک لە داڕێژەران و چالاکی بواری ئیکۆفێمینزیمە. ژمارەیەکی زۆر لە وتار و کتێبی نوسیوە، ناوەدارترینیان ئیکۆفێمینیزم، ژنان دوایین داگیرکراو، پیاوسالاری و زێدەبایی (کەڵەکەکردن). ماریا میس لە ١٦ ئایاری ٢٠٢٣ لە تەمەنی ٩٢ ساڵیدا لە شاری کۆڵنی ئەڵمانیا کۆچی دوایی کرد.




بەرێوەبەریی ماڵپەری ژنۆلۆژی