“ژن یەکەمین داگیرکراوی مێژووە” ئەم ڕستەیە نەک تەنها پێناسەیەکی سەرنجڕاکێشە، لە هەمان کاتدا شکانێکی کۆمەڵایەتیی سیستەماتیکی هەزاران ساڵ دەگێڕێتەوە. لە پڕۆسەی ژیانی کۆمەڵایەتیی سەردەمی نیۆلیتیکەوە تا دامەزراندنی ناوەندە دەوڵەتییە پیاوسالارەکان، ژن لەڕووی کۆمەڵایەتیی، فکریی و سیاسییەوە دوورخرایەوە، سەرکوتکرا و کۆنترۆڵکرا. بەڵام ئەم دوورخستنەوەیە بەرەنگاریی لێکەوتەوە. ژنان نەک تەنها هەوڵیاندا بوونیان بپارێزن، بەڵکوو ڕوویان لە دامەزراندنی شێوازێکی ژیان کرد. لەسەر ئەم خاڵەش، ئەو کۆنفیدراڵیزمەی پلەبەندیی کۆمەڵایەتیی، موڵکایەتیی و ناوەندگەرایی ڕەت دەکاتەوە، بناغەیەکی ڕوونی فەراهەم کرد بۆ هەوڵەکانی ژنان لە گەڕان بەدوای ئازادییدا.
هەزاران ساڵ ژنان لە گێڕانەوەکانی مێژوودا نادیدە کران. بەڵام لە کۆمەڵگە بەراییەکاندا زانیاریی بەرهەمهێنان و دامەزراوەکانی ڕێکخستنی کۆمەڵایەتیی، بە زۆریی لەلایەن ژنانەوە ئافرێندران. لە پێکهاتە دایکانەیی یان یەکسانخوازەکاندا، ژن لە ناوەندی ژیاندا بوو. دانانی پەیکەرەکانی ژنخوداوەندانی سەردەمی نیۆلیتیک، ئامرازەکانی بەرهەمهێنان و هێماکانی زاوزێ بەڵگەی مێژوویین. بەڵام لەگەڵ شۆڕشی کشتوکاڵدا تێگەیشتنێک لە زاڵبوون بەسەر سروشت و ژندا پەرەی سەند؛ لەگەڵ دەرکەوتنی موڵکایەتیی، ناسنامەی ژن سەرکوتکرا و ژن خرایە پلەی دووەمەوە.
ئەم گۆڕانکارییە نەک تەنها گۆڕینی دەسەڵات بوو، بەڵکو بەرتەسکبوونەوەییەکی کولتووری و زهنی بوو. زانیاریی ژن وەک خورافە بینرا، ئەزموونەکانی بێبایەخ کرا و لە کۆمەڵگەدا سڕایەوە. شارستانی پیاوی باڵادەست پەرەی بە تێگەیشتنی خودای پیاو دا، سروشت و ژنی وەک “ئەوی تر”، کە پێویستە کۆنترۆڵ بکرێت، پێناسە دەکرد. ئەم دۆخە تایبەت نەبوو بە ڕۆژهەڵاتی ناوین؛ ڕاوی جادووگەران لە ئەوروپا، سیستەمی کاست لە هیندستان و خانەدانەکانی ئاسیا هەمووی ڕەنگدانەوەی هەمان چوارچێوەی زهنیی بوون.
سیستەمی باوکسالار تەنها پێکهاتەیەک نییە، کە پیاوان ڕاستەوخۆ دەسەڵات بەسەر ژناندا بسەپێنن، ئەم سیستەمە شێوازێکی ڕێکخستنە، کە کۆمەڵگەی بەشێوەیەکی پلەبەندیی ڕێکخست، دەسەڵاتی ناوەندیی کرد و جیاوازییەکانی سەرکوت کرد. ژن لە خوارەوەی ئەم سیستەمەدا دانرا. بەڵام ئەم پێگەیە لە هەمان کاتدا، ژنی ناچار کرد،کە خەباتێکی گەورە و هۆشیاریی ئازادیی بەدەست بێنێت.
بزووتنەوە فیمینیستەکانی ئەمڕۆ، مانگرتنەکانی ژنان، بەرزبوونەوەی دەنگی ژینا ئەمینی لە ئێران، ئەنجومەنەکانی ژنانی ڕۆژاڤا و پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکانی پێشەنگیکردنی ژنان لە ئەفریقا لەم هۆشیارییەوە سەرچاوەیان گرتووە. ژن ئیتر نەک تەنها داوای ماف دەکات، بەڵکو بووەتە بکەرێکی بنیادنەری کۆمەڵگە.
کۆنفیدراڵیزم شێوازێکی ڕێکخستنی کۆمەڵایەتییە، کە لەدژی پێکهاتەی ناوەندگەرا، یەکگرتوو و نێرسالاریی دەوڵەت-نەتەوەی سەردەم پەرەی سەندووە. مۆدێلی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتی، کە ڕێبەر ئاپۆ پێناسەی کردووە، سیستەمێکە، کە گەلان خۆیان خۆیان بەڕێوە دەبەن، پرۆسەکانی بڕیاردان لە خوارەوە دەست پێ دەکەن و یەکسانیی ڕەگەزیی وەک بنەمایەکی سەرەکی دادەنرێت. لەم سیستەمەدا ژیان ڕێک دەخرێت، نەک دەسەڵات. بکەری سەرەکیی ڕێکخستنی ژیانیش، ژنە.
لە پەیوەندیی ژن بە کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتییەوە، ژن تەنیا وەک توخمێکی نوێنەرایەتیکراو نابینێت، بەڵکو وەک بکەرێک، کە سیستەمەکە دادەمەزرێنێت، بەردەوامیی پێدەدات و دەیگۆڕێت. ژن لەم مۆدێلەدا پۆلێک نییە، بەڵکو پارادایمێکە. لە ئاست سیاسەتی پیاوسالاردا، ڕوئیایەکی کۆمەڵایەتیی دەخاتەڕوو، کە هەمەگیر و پێشەنگە لە ژیاندا. بۆیە ئەنجومەنەکانی ژنان لە ڕۆژاڤا تەنها پێکهاتەی قسەکردن نین لەسەر کێشەکانی ژنان، بەڵکو شوێنێکن، کە سەرتاپای کۆمەڵگە دەگۆڕن.
ئازادکردنی ژن واتای ئەوە نییە، کە تەنیا ستەم نەمێنێت، بەڵکو واتای ئەوەیە، کە بگاتە ئاستێکی نوێی هۆشیاریی. ئەم هۆشیارییەی خۆپاراستن، ڕێکخستن، بەرهەمهێنانی جێگرەوە و دروستکردنی شێوازی ژیان دەگرێتەوە. هۆشیاریی ژنی ئازاد، هۆشیارییەکە، کە بێدەنگیی مێژوو ڕەت دەکاتەوە، یادەوەرییە کۆنەکەی دووبارە زیندوو دەکاتەوە و ئامانجی گۆڕینی بنەڕەتیی کۆمەڵگەیە.
ئەم هۆشیارییە نەک تەنها لە ڕۆژهەڵاتی ناوین، بەڵکو لە کۆمەڵگە خۆجێیەکانی ژنان لە ئەمەریکای لاتین، لە بزووتنەوە ئیکۆفیمینیستەکانی ئەوروپا، لە کۆۆپەراتیڤەکانی ژنان لە ئەفریقاشدا دەردەکەوێت. پێکهاتەی کۆنفیدراڵی بنکەیەکی سیستەمی و دامەزراوەیی بۆ ئەم هۆشیارییە دابین دەکات. سیستەمی هاوسەرۆکایەتیی، ئەکادیمیاکانی ژنان، کۆمیسیۆنەکانی دادپەروەریی ژنان و ئەنجومەنەکانی ژنان، شێوە بەرجەستەکانی هۆشیاریی ژنی ئازادن لە ڕێکخستنی کۆمەڵایەتییدا.
کۆنفیدراڵیزم نەک تەنها مۆدێلێکی سیاسییە، بەڵکو تێگەیشتنێکی ئەخلاقیی ژیانیشە. لە بناغەی ئەم تێگەیشتنەدا هاوژیانی ئازاد هەیە، کە ژیانێکی پێکەوەیی ئازادانەیە لەگەڵ ژن. ئەم شێوازی ژیانە نەک ئەوەی کە ژن و پیاو پێکەوە بن، بەڵکو پێکەوە ئازاد بن. ژن دەزانێت، کە بەبێ ئازادکردنی پیاو ئازادیی خۆی کەم دێنێت. پیاویش فێر دەبێت، کە بەبێ داننان بە دادپەروەریی بۆ ژن، ناتوانێت بگاتە کۆمەڵگەیەک، کە شایستەی ڕێزی مرۆڤایەتی بێت.
لەم خاڵەدا هاوژیانی ئازاد نەک تەنها مۆدێلێکی کۆمەڵایەتییە؛ بەڵکوو شۆڕشێکی ئەخلاقییە. لە بەرامبەر شارستانییەکانی بنیاتنراو لەسەر چەوساندنەوەی ژن، وەک شارستانییەتێک دەردەکەوێت، کە بناغەکەی لەسەر یەکسان و ئازادییە. کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتی بنەما ئەخلاقیی و سیاسییەکەی ئەم شارستانییەتە پێک دەهێنێت.
ژن لە پێکهاتە کۆنفیدراڵەکاندا نەک تەنها نوێنەرایەتی خۆی دەکات، بەڵکوو دەبێتە بکەرێک کە کۆمەڵگە خۆی بونیاد بنێتەوە. ئەکادیمیاکانی ژنان لە ڕۆژاڤا نەک تەنها ناوەندی پەروەردەن؛ ئەو ناوەندانەن کە هزر لەسەر ئەخلاق، مێژوو، سیاسەت و ژیان دەئافرێنێت. ئەو هۆشیارییەی لەم ناوەندانە پەرە دەسەندێت نەک تەنها بانگەوازێکە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوین، بەڵکو بۆ تەواوی جیهان: ئازادیی نەک تەنها مافێکە، بەڵکو بەرپرسیارێتییە.
چونکە ژن نەک تەنها بوونێکە؛ سەرەتایەکە.
تۆوی ژیانی نوێ لە دەستی ئەودایە، ئاوەکەی لە وتەیدایە.
لە بەرامبەر قاتڵەکانی کاست، چیتر بە تەنها نین؛
هەر ژنێک کە بێدەنگیی ڕابردوو تێک دەشکێنێت،
داهاتوویەک دادەمەزرێنێت: بۆ جیهانێکی یەکسان، ئازاد و ژیانێکی پێکەوەیی.
ئەو جیهانەش نەک تەنها بۆ ژنانە،
بۆ خودی مرۆڤایەتییە.
نوسینی: نوپەلدا کەنداڵ
لە تورکیەوە: نەجیبە قەرەداغی
سەرچاوە: ئاژانسی هاوار