لە شاری ڤەنلۆی هۆڵەندا لە ڕۆژانی ٤ بۆ ٧ تەمووز بە سەرپەرشتی دەیان ڕێکخراوە و دامەزراوە کە لە ڕووی تیۆر و پراکتیکیەوە کاریان لەسەر کۆمەڵگەی دایکانە کردووە، لەوانە دامەزراوەی وەک ماتری فۆرم، ئەکادیمیای هاگیا، ماتریڤال و هتد… فستیڤاڵێکیان ڕێکخست.
لە فستیڤاڵەدا کە بە ناونیشانی ” کۆمەڵگەی دایکانە بۆ ئایندە ” بەڕێوەچوو بۆ ماوەی چوار ڕۆژ لەسەر زۆر بابەتی پەیوەندیدار بە ڕوانگەی کۆمەڵگەی دایکانەوە، پانێل و ۆرکشۆپ پێشکەش کران. سەدان ژنانی فەیلەسوف، ئاکادیمیسیان، نووسەر، لێکۆڵەر و چالاکڤان بەشداریان کرد. ئاکادیمیای ژنۆلۆژی بەشداری فستیڤاڵەکە بوو.
زیاتر لە ٦٠٠ ژن و ژمارەیەک لە پیاوان و منداڵانیش بەشداریان لە فستیڤاڵەکەدا کرد و ژنان لە زۆر جێگەی جیهانەوە و بە پاشخانی کولتووری جیاوازەوە، باسیان لە ئەزموونەکانیان کرد لە ئاستی کۆمەڵگە خۆجێیەکاندا. کاری سەرەکی چێشخانەی فستیڤاڵەکە لە ڕۆژانی فستیڤاڵەکە لە لایەن پیاوانەوە خۆبەخشانە ڕاپەرێنرا.
ئامانج و دیدی سەرەکی لەم فستیڤاڵەدا بەم شێوەیە گەڵاڵە کرا: ” ڕێزگرتنمان بۆ زەوی و سامانەکانیی، لەو حیکمەتەوە سەرچاوە دەگرێت کە هەموو شتێک لەدایک دەبێتەوە. خەمخۆری و پەروەردە لە چەقی کارەکانماندایە. ژیانی هاوسەنگ لە کۆمەڵگەیەکی دایکانەدا: ئارامی لەناوخۆدا و لەگەڵ دەوروبەر–ژیانێکی باش بۆ هەمووان. لە زانینی ژنانەوە فێربە”
لە فستیڤاڵەدا بانگەوازی بۆ گەیشتن بە جیهانێکی ئیکۆلۆژی، ئازادیخواز، یەکسانیخواز و ئاشتیانە کرا و ئاماژە بەوە کرا کاتێک بیر لە زانستی دایکانە دەکەینەوە، ئەوا ڕووناکی دەبەخشێت و گۆڕانکاری و کاریگەری زنجیرەیی لە کۆمەڵگەدا دروست دەکات.
لە ڕۆژی دووەمی فستیڤاڵەکەدا فەیلەسوف، لێکۆڵەر و نووسەر و بەرپرسی ئەکادیمیای هاگیا، هایدە گوتنەر ئابندرۆت و ئەندامی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی نەجیبە قەرەداغی پێکەوە لە ۆرکشوپێکدا گفتوگۆیان لەسەر کۆمەڵگەی دایکانە کرد لە ڕووی تیۆری و پراکتیکیەوە.
نەجیبە قەرەداغی ئاماژەی بە پەیوەندی نێوان کەلتووری خوداوەند و کەلتووری ئازادی لە تێکۆشانی ئازادی ژنانی کوردستان کرد و باسی دیالێکتیکی شۆڕشی ژن لە کوردستان کرد کە لە دۆخی بەدیهاتندایە و جەختی لەسەر پەیوەندییەکەی بە ڕیشەی دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی”یەوە کرد کە لە فەلسەفەی ئۆجالان بۆ ژیانی ئازاد سەرچاوە دەگرێت. لە بەشێکی دیکەدا، ڕوانەوەی گیای شۆڕشی ژنی لە سەر بنجی خۆی، بە زانستی ژنۆلۆژی لە ئەزموونی ژنانی کورد دا خستەڕوو کە چۆن بە ڕەنج و تێکۆشان هەنگاو بۆ سیستەمێکی دیموکراتیانە دەنێت لەسەر بنەمای دیموکراسی ڕادیکاڵ و ڕاستەوخۆ و ئیکۆلۆژی و ئازادی ژن.
لە بەردەوامی فستیڤاڵەکەدا، توێژەری کۆمەڵگەی دایکانە هاید گۆتنەر-ئابنددرۆت وتارێکی لەسەر پۆتانسێلی بەهاکانی دایکانە بۆ داهاتووی هەسارەکەمان و قەیرانەکانی سیستەم پێشکەش کرد و ئاماژەی بە زۆر تێکۆشان کرد لە جیهاندا کە هەڵگری بەهاکانی کۆمەڵگەی دایکانەن و لە پێناوی دا تێکۆشانیان کردووە، یەکێک لەوانەش ئاماژەی بە بزوتنەوەی ئازادی ژنی کورد کرد.
جوان مارلەر لە پەیمانگای شوێنەوارناسییەوە باسی لە کارەکانی لێکۆڵەری لیتوانی ماریا گیمبوتاس کرد لە بواری شوێنەوارناسی کولتووری و فیگۆرەکانی خوداوەند لە جیهاندا بە تایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا.
هەرچی جنێڤیڤ ڤۆگان لەسەر ئابووری دیاری بە فراوانی سەرنجی خستە سەر ئەوەی کە بەخشین-وەرگرتنی دایکان لەگەڵ کۆرپە، نەخشەی بنەڕەتی ژیانمان دادەڕێژێت و باسی لە سیستەمێکی کۆمیناڵ و دیموکراتی کرد لەسەر بنەمای ئابووری دیاری.
هەر یەک لە ماریا سوارێز، هایدن کریستینا و لەیلی مۆرێنا کە لە خەڵکی بریبری کۆمەڵگەی خۆجێی کۆستاڕیکاوە هاتبوون باسی ئەوەیان کرد کە چۆن ئەوان بە کارەکانیان لەگەڵ کۆمەڵگە، بەها کۆمەڵایەتی و کولتووریەکانی کۆمەڵگەی دایکانەیان زیندوو کردۆتەوە.
لێکۆڵەر و نوسەر ئانینی ڤان دەر میر لەسەر لێکۆڵینەوەکانی خۆی لەسەر کۆمەڵگەی دایکانە لە ٤٠ هەزار ساڵ لەمەوبەرەوە و فیگۆرەکانی ژنەخوداوەند بەناوی ” زمانی ما، دایکانی یەکەم” بابەتێکی پێشکەش کرد و پاشانیش کتێبەکەی پێشکەش بە ئەکادیمیای ژنۆلۆژی کرد.
لە فستیڤاڵەدا لایەنی کولتووری و هونەریش هەبوو کە بە شانۆ، کۆنسێرت، پێشانگا، خواردن، نیشاندانی چۆنێتی پاراستنی تۆو سەرنج بۆ سەر مێژوو و ڕۆژی ئەمڕۆی کۆمەڵگەی دایکانە ڕاکێشرا.
لە فستیڤاڵەکەدا ۆرکشۆپێکی تایبەتی بۆ بەشدارانی پیاوان رێکخراو و گفتوگۆیان لەسەر پێگەی پیاو لە کۆمەڵگەی دایکانە کرد، چ لە مێژوودا و چ لە تێکۆشان بۆ گەڕاننەوەی بەها کولتووری و کۆمەڵایەتیەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی پیاوسالاری و گۆڕانکاری و وەرچەرخانی دیموکراتیانە.
لە فستیڤاڵەدا بەرنامەی تایبەتی بۆ منداڵان ئامادە کرابوو، لەسەر ئەو بنەمایەی کە منداڵان ڕاستەوخۆ فێری بەرپرسیارێتی و بەشداری بکرێن لەسەر بەها کۆمیناڵەکانی کۆمەڵگە دایکانە.
لە کۆتایی فستیڤاڵەکەدا کۆنسێرتێک کرا و بانگەوازی کرا بۆ بەرزکردنەوەی دەنگی ژنان لە دژی شەڕ و ملیتاریزم و گەیشتن بە کۆمەڵگەیەکی ئاشتی و دیموکراتیانە لەسەر بنەمای بەها هاوسەنگەکانی ژن-دایک.