تێكۆشانی ساكینه‌ بۆ ئازادیی ژنانی کورد بوو

شه‌هید ساكینه‌ جانسز ناسراو به‌ سارا، له‌ 12 شوباتی 1958 له‌ زستانی ساردو سۆڵه‌ی بێ ئه‌ندازه‌دا له‌ گوندی ته‌ختی خه‌لیل سه‌ر به‌ شاری دێرسیم له‌ باكوری کوردستان چاوی به‌ ژیان هەڵهێنا. ساكینه‌ هه‌م كورد، هه‌م ژن و هه‌م عه‌له‌ویه‌. هه‌ڵگری سێ ناسنامه‌یه‌، بەڵام لە هەرسێ ناسنامەیدا لەژێر زەبری داگیرکاریدا دەیناڵاند بۆ ئەوەش دەبوو هەڵگری ناسانامەی شۆڕشگێڕی بووایە بۆ ئەوەی وەڵامی گەورەترین و دڕاندانەترین کۆمەڵکوژی لە مێژووی کورددا بداتەوە.

دونیابینی ساکینە جانسز وەک ژنێکی سەربەخۆ و ئازاد، بەرانبەر سیستەمی پیاوسالاری و سەرمایەداری بەرگریکاربوو. ئەو تێکۆشانی بۆ ڕێگایەکی ئازاد کرد کە ئێستا هەزاران ژن لەسەر ڕێگە و ڕێبازی ئەو بەردەوامن و سەرلەنوێ لە دایک دەبنەوە. لەبەرئەوەیە ئازادی ژنانی کورد، تێكۆشانی ساكینه‌یه‌.

هەر سێ بەرگی کتێبە مەزنەکەی ساکینە جانسز (سارا) بۆ زمانی کوردی وەرگێڕدراوە، بەناوی ”ژیانم هەمیشە تێکۆشان بوو”. کە بیرەوەرییەکانی هەڤاڵ ساکینەیە و بەشێوەیەکی ئەدەبی شاکارێکی مەزنی نووسیوە. ژیان و بەرخۆدانیی هەڤاڵ ساکینە خۆی شاکارێکی نەوازەیە لە ژیان و تێکۆشانی شۆڕشگێڕییدا.

ساكینه‌ هه‌میشه‌ ئه‌شق و حه‌زكردنی خۆی بۆ چیا، تێكۆشان و ژیان وه‌ها باس ده‌كات: “من زۆر حه‌زم له‌ تێكۆشان و شه‌ڕكردن هه‌یه‌، بڕوام نییه‌ كه‌ تێكۆشان تەنیا قۆناغێك به‌رده‌وام بێت و دواتر بوه‌ستێ. له‌ خه‌یاڵ و یۆتۆپیای مندا پێویسته‌ شه‌ڕ و تێكۆشان بێكۆتایی بێت. له‌ كوردستانێكی سه‌ربه‌خۆشدا پێویسته‌ تێكۆشان به‌ شێوه‌یه‌كی زۆر مه‌زن و به‌شكۆ بێت. له‌ كوردستاندا یه‌كسانی، ئازادی له‌ناو ئه‌م شه‌ڕه‌ مه‌زنه‌دا كه‌ ئێمه‌ خۆڵقاندوومانه‌، مه‌زنترین خه‌یاڵی منە. خه‌یاڵی من ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ هه‌موو كوردستان لەسەر شاخه‌كان و به‌رده‌كانی گوڵ سه‌وز ببن. له‌ هێندێ جێگا هێشتا زۆر گوڵ و گوڵه‌ شلێره‌ی جوان شین ده‌بن. زۆر دارستانی جوان هه‌یه‌، به‌ڵام دوژمن زۆر به‌ خێرایی له‌ناوی ده‌بات. كه‌م جێگا ماوه‌ له‌ كوردستاندا كه‌ دوژمن بۆمباران، توپ و گولله‌بارانی نه‌كردبێت. بۆیه‌ خه‌یاڵی من ئه‌وه‌یه‌ كه‌ لە هه‌موو كوردستان گوڵ شین ببێت و خۆی به‌ گوڵ بڕازێنیتەوە.

ئۆجەلان لەبارەی ساکینەوە دەڵێت: “ژنێکی بەرگریکار بوو، هەمیشە باسی خەسڵەتە بەرگریکارییەکەی تۆم کردووە، بەشێوەیەکی ناوازە هەوڵتداوە و باوەڕت بە خۆت هەیە. لە مردن ناترسی بەدڵنیایەوە زۆر نیازباش و بوێری، هەروەها زۆر ویستی کارکردنت هەیە.

ساكینه‌ی تێكۆشه‌ر كه‌ به‌ گه‌نجێتی له‌گه‌ڵ ئۆجه‌لاندا ده‌ستی به‌ كاروانی تێكۆشانی كه‌م وێنه‌ كرد، هه‌واڵی دڵته‌زێنی ٩ ی کانوونی دووەمی ٢٠١٣ هه‌زاران كه‌سی به‌ ئاگا هێنایە‌وه‌. هه‌فته‌یه‌ك دواتر كوردستان باوه‌شی گه‌رمی بۆ ڕۆڵه‌ تێكۆشه‌رەكانی ساكینه‌ جانسز، فیدان دۆغان و له‌یلا شایله‌مه‌ز كرده‌وه‌ و له‌ ئامێزی گرتن.

هه‌ر وه‌كو ساكینه‌ هه‌میشه‌ له‌ قسه‌كانیدا ده‌یگوت ڕۆژێك به‌ سه‌ركه‌وتوویی بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ كوردستان و به‌ گوڵباران پێشوازیمان لێبكه‌ن. زۆر به‌ سه‌ربه‌رزانه‌ گه‌ڕایەوه‌ ئامێزی وڵاته‌كه‌ی و به‌ ملیۆنان كه‌س گۆڵبارانیان كرد و به‌ ئاوی دیده‌یان ڕێگایان بۆ خاوێن كرده‌وه‌. به‌ ملیۆنان كه‌س له‌ پاریس ماڵئاوایان لێ كرد، بەهەمان شێوە لە كوردستانیش پێشوازیان له‌ جه‌سته‌ پاكه‌كه‌ی كرد. ئه‌و له‌ دڵ و مێشكی خۆیدا خه‌یاڵ و ئێش و ئاواته‌كانی ئه‌و گه‌له‌ی هه‌ڵگرتبوو، بۆیه‌ شایانی ئه‌و پێشوازییه‌ گه‌رمه‌ بوو. ئه‌و ژان و زه‌حمه‌تییه‌كانی گه‌لی كردبووه‌ گالیسكه‌یه‌ك، دۆڵ به‌ دۆڵ، گوند به‌ گوند و چیا به‌ چیا، شار به‌ شار و وڵات به‌ وڵات ده‌یگێڕا بۆ ئه‌وه‌ی بیانگه‌ێنێته‌ مه‌نزڵگه‌ی سه‌ركه‌وتن. جارێكی دیكه‌ نیشانی دایه‌وه‌ كه‌ ڕێی ئاشتی ڕێگایه‌كی دوور و درێژه‌.

دوای شەهید بوونەکەی ئۆجالان دەڵێ: ژیانی ساکینه‌ نموونه‌یه.  ئازادی ژنان، تێكۆشانی ساكینه‌یه‌. من حیسابی سا‌كینه‌ دەپرسمەوە، ئه‌مه‌ش ئاشكرا ده‌كه‌م.

بابەتی پەیوەندیدار