‎چەند پەیڤێك لەبارەی ژنۆلۆژی

هاوژین زیبا

 ‎ ژنۆلۆژی زانستی ژن و هاوژیانی ئازادە، زانستێكە كنە و پشكنین بۆ ژیان و مێژووی ژن دەكات و لە هەموو ئەو زانیاریانە دەكۆڵێتەوە كە لەو بارەیەوە هەن و بە چاوێكی رەخنەییشەوە تەماشای ئەو پێناسانە دەكات كە لە دەرەوەی ژن بۆی دیاریكراوە. بە واتایەکی دیکە، ژنۆلۆژی سازییبوونی ناسنامەی ژنە.

ژن، لە كۆمەڵگای كوردی و جیهانیدا، هەمیشە لەلایەن دەسەڵاتێكی ترەوە (دەسەڵاتی ئایین، خێڵ، دەوڵەت و سەرمایەداری كە سەرجەمیان بەگشتی كۆمەڵێك دەسەڵاتی پیاوسالارانەن) ناسنامەی دیاریكراوە، هەمیشە لەلایەن قەڵمڕەوییەك لە دەرەوەی خۆیەوە ئەرك و مافەكانی دیاریكراوە و تێگەیشتنێك بۆ ژن بەسەر ژندا سەپێنراوە لە دەرەوەی سروشت و بوونی خۆیەوە بووە، بۆیە هەمیشە نامۆ بووە پێی، هەر ئەمەشە وایكردوە ژن خۆی نەناسێت، لە سروشت و بونیادی خۆی تێنەگات و نەتوانێت وزەی خۆی بەگەڕبخات و بەو جۆرە وێنای خۆی بكات كە هەیە. ژنۆلۆژی وەڵامە بەو دۆخە، هەوڵێكە بۆ ناسینی ژن لەناو خۆیدا، تێكۆشینی ژنانەیە بۆ دۆزینەوە و بەیانكردنی ناسنامەی ڕاستەقینەی ژن و فڕێدانی ئەو ناسنامە نامۆ و دەرەكییەی بەسەریدا سەپێنراوە.

ژنۆلۆژی هەوڵێكە بۆ ناسینی ژن لەناو خۆیدا، تێكۆشینی ژنانەیە بۆ دۆزینەوەی ناسنامەی ڕاستەقینەی ژن و فڕێدانی ئەو ناسنامە نامۆ و دەرەكییەی بەسەریدا سەپێنراوە.

بۆچی ئەمە بۆ ژن پێویستە؟

لە مێژووی مرۆڤایەتیدا تا ئێستا بە شێوازێكی دسپلین و فەرمی ژن و دنیای ژن تۆمارنەكراوە. لە بواری زانستیدا ژن بە تەنها لە ژێر ناوی ژنەكۆلێژیدا باسكراوە، پاشان بزوتنەوەی فیمینیزم بە پێشەنگایەتی كلارا زیتكن، ئیما گۆڵدمان، جێرماین گرییر، سیمۆن دیبۆڤوار و زۆر ژنانی دیكە هەوڵیاندا كە دنیای ژن، دەنگ و رەنگی ژن، ناسنامەی ژن سەربەخۆ بكەن، بەڵام بەهۆی دابشبوون و پارچە بوونی بزوتنەوەی فیمینیستی لە جیهاندا ئەم هەوڵە تاكو ئەمرۆش سەركەوتوو نەبووە. ئەم دابەشبوونە لە وشەسازی سیاسیشدا دەبینرێت ئەوەتا فیمینیزم بەسەر فیمینیزمی سۆسیالیست، فیمینیزمی لیبراڵ، فیمینیزمی رادیكاڵدا دابەشبووە.

گەر چاوێك بە مێژوو بخشێنینەوە، ڕەنگ و هێزی ژن لە هەر جێیەكی ژیاندا دەبینینەوە:  لە ئەدەبیات و ئابووری و سیاسەت و دیبلۆماسییەوە تا دەگات بە بەرێوەبردنی وڵات ژن بە هەوڵ وتێكۆشانی خۆی بەردەوام بووە بەڵام دەسەڵاتی پیاوسالاری نەیهێشتووە  ئەم رەنجە بە شێوازێكی زانستی تۆمار بكرێت.

‎هەر دەوڵەتێك دروستبووبێت، لە هەرجێیەك شوڕشێك بەرپا بووبێت، ژن رۆڵی هەبووە و بەشدار بووە، بەڵام نەبیندراوە و هەمیشە  لە پشتی پەردەوە ماوەتەوە؛ بۆ نموونە ئیلیانور رۆزڤێلێت یەكەم كەسبوو كە جاڕنامەی نێونەتەوەیی مافەكانی مرۆڤی پێشكەش بە نەتەوە یەكگرتووەكان كرد و قبوڵكرا، ئەمرۆ هەموو وڵاتان ئەو پەیماننامەیە دەناسن، بەڵام كەم كەس ئیلیانور رۆزڤێڵێت وەك داڕێژەری جاڕنامەی مافەكانی مرۆڤ دەناسێت، پتر وەك خانمی یەكەمی ئەمریكا و لە سێبەری سەرۆكی ئەوكاتی ئەمریكا فرانكلین رۆزڤێڵت دەناسرێت.

ئەمرۆ ژنۆلۆژی ئەو كەمتەرخەمییە چارەسەر دەكات، ‎ئیدی ژن بە شێوازێكی زانستی لە ژێر ناوی ژنۆلۆژیدا گفتوگۆ دەكرێت. لە بەرەبەیانی مێژووە تا ئێستا، لە هەر جێیەكی جیهاندا و لە هەر پێشكەوتنێكدا ژن هێز بووبێت و رەنجی دابێت، هەمووی لە چوارچێوەی ژنۆلۆژیدا زیندوو دەبێتەوە و ژنۆلۆژی دەبێتە ئاوێنەی جیهانی ژن. لەلایەكی دیكەوە ژنۆلۆژی پارادیگمای لێگەڕینی ژنانی ئازادە.

لە ساڵی 1785 بەدواوە تا ئێستا زۆر جار سمینار، پانێڵ، كۆنفرانس و زۆر چالاكیی تر وەك پلاتفۆرمی فیمینستی دروستبووە، بەڵام بەداخەوە ئەو پلاتفۆرمانە بەشێوازێكی فەرمی نەبوون بە دیكۆمێنتی پەروەردەیی لە زانكۆكاندا جێنەكەوتوون. ئەمرۆ هەوڵدەدرێت ژنۆلۆژی لە سەرجەم زانكۆكاندا بە فەرمی بناسرێت و وانەی ژنۆلۆژی بخوێندرێت هەر بۆیە بۆ جاری یەكەم بە شۆرشی رۆژئاڤا لە رۆژئاوای كوردستان فاكڵتە، ئینستوتی ئاندریا ۆڵڤ و گوندی ژنوار دامەزرا. لەسەر ئەو بنەمایە لە باكوری كوردستان و ئەروپا ئەكادیمیای ژنان دروستكران، لە ئێستادا زۆرێك لە ئەكادیمیەكان، پرۆفیسۆر و مامۆستاكان دەیانەوێت ژنۆلۆژی لە زانكۆكانی جیهاندا بوترێتەوە و بناسرێت، بەڵام تا ئێستا ئەم خواستە لە لایەن لیژنەی زانكۆكانەوە نابیندرێت.

ژنۆلۆژی بە تایبەتمەندییەكانیەوە، رۆڵی زانكۆیەكی سەربەخۆ دەبینێت. بە پانێڵ، سمینار، گۆڤار، ماڵپەر، ناوەندی پەروەردەیی و زۆر شێوازی دیكە  پێشدەكەوێت، لە زۆر وڵاتان بە سەدان ژن دێن بۆ ئەو زانكۆیە و ژن و ئابووری، ژن و مێژوو، ژن و خۆشەویستی، ژن و سیاسەت، ژن و زانست و زۆر لایەنی دیكەی ژیان و ناسنامەی ژن دەناسن. دەتوانین بڵێین ئەو ژنەی كە بەشداری ئەو زانكۆیە دەبێت سەرلەنوێ خۆی دەناسێت و هێزی خۆی دەبینێت و ئاشكرا دەكات. ئەو زانكۆیە گرنگی نادات بە بینای بەرز و گەورەی سەردەم، بەڵكو هاوشێوەی پلیكانەكانی سوكراتە، وەك باخچەكانی ئەریستۆیە، تەنانەت ئەگەر لە چادرێكی پەنابەریشدا بێت خۆی پێشدەخات.

وەك دەزاندرێت لەناو كۆمەڵگادا و لە سایەی سیستەمی دەوڵەتدا مرۆڤەكان بەسەر زاناو نەزان، بە ئاگاو بێ ئاگا، خوێندەوار و نەخوێندەوار، پارەدار وبێپارەدا دابەشكراون. ژنۆلۆژی ئەم دابەشبوونە ڕەتدەكاتەوە و خۆی بە هی هەموو ژنان دەزانێت، بۆیە ژن لەناو سیستەمی دەوڵەتدا خوێندەوار بێت یان نەخوێندەوار ئەو لەخۆی دەگرێت و هەتا ئەو ژنە خۆی پێش نەخات دەستبەرداری نابێت. بۆیە دەتوانین بڵێین دەرگای ئەو زانكۆیە بۆ هەموو ژنان كراوەیە.

لە كورستانیش هەر ژنێك دەیەوێت خۆی بناسێت، دەیەوێت لە هەر بوارێكی ژیاندا هێزی خۆی ببینێت، پێویستە سەردانی ئەو زانكۆیە بكات. ئەگەر ئەو ژنە ئەكادیمی بێت یاخود كارمەند یان لە ناوماڵ، لە هەر تەمەنێك و پێگەیەكی كۆمەڵایەتی و سیاسی و حزبیدا بێت، پێویستە هەوڵبدات لەو زانكۆیەدا وانەی ژنۆلۆژی بخوێنێت. بێگومان زوو یان درەنگ ڕاستیی ژنۆلۆژی لە لایەن  دونیاوە قبوڵدەكرێت، لێ ئەگەر ژن لەم بوارەدا بەشداری زیاتر بێت، زووتر ئەو ڕاستییە دەناسرێت و قبوڵدەكرێت، ئەگەریش ژنان كەمتەرخەم و خەمساردبن بەرامبەری، بێگومان ئەو ڕۆژە دوادەكەوێت.

بابەتی پەیوەندیدار