ژیلا و مەرێ

هەورامان ئەو جوگرافیایەی کە کەوتۆتە نێو زنجیرە چایاکانی زاگرۆس. وەختێک باس لە کولتووری هەورامان دەکەین، بەو واتایە دێت کە باس لە شێوە ژیانێک و فەرهەنگێک دەکەین، کە لەتەوەرەی دایک شێوەی گرتووە. بۆیە لە هەوراماندا وەختێک سەیری ئەم کولتوورە دەکەین، زەحمەتی لەوەدا نابینین کە تێبگەین لەلای مرۆڤ و کۆمەڵگەی هەورامان، بۆچی ئەوەندە ڕەهەندی مەعنەوی لە پێشەوەیە.

زاگرۆس بەتەنیا سەرچاوەی ژیاری و نیشتەجێبوونی مرۆڤ نەبووە، لە بەرەبەیانی مێژوویەکی هەزاران ساڵەی بەر لە ئێستادا، هێندەی ناوەندی شێوەگرتن و بەخێوکردنی کولتوورێکی ئازادانە و سروشتی بووە. بۆ تێگەیشتن لە بەشێک لەو حەقیقەتەی کە لە هەوراماندا سەرپێ کەوتووە، سەرنجتان بۆ دامەزراندنی یەکەمین سیستەمی دیموکراسی لەسەر ئاستی دنیا ڕادەکێشین کە ناسراوە بە هەڵبژادنەکانی ژیلا و مەرێ. “ژیلا” بەواتای “دەستەیەک یان کۆیەک لە مرۆڤە ژیرەکانی نێو کۆمەڵگە” دێت. هەرچی “مەرێ”شە بەواتای ئەو شوێنە دێت کە کۆبوونەوەکەی تێدا دەکرێت.

بوونی ئەنجومەنەکانی ژیلاو مەرێ لە هەوراماندا و مافی بەشداریکردنی هەموو دانیشتوانی ئەو گوندانەی کە گرێدراوی ئەنجومەنەکان بوون، بەبێ جیاوازی پێگەی کۆمەڵایەتی و ڕەگەزی، گوزارشت لەو شێوە ژیانە دەکات کە دوور لە هەرجۆرە زیهنیەتێکی پیاوسالاری و دەسەڵاتگەرایی سەرپێ کەوتووە. هەر چوار ساڵ جارێک لە ناوەڕاستی وەرزە دڵگیرەکەی بەهاردا بەڕێوە براوە. تا بە ڕۆژگاری ئەمڕۆش لە هەورامانی تەخت مەڕاسیمی کۆمسای کە دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ژیلای مەرێیە، بەڕێوە دەچێت. سەرەڕای ئەو گۆڕانکاریانەی کە بەسەریدا هاتووە. کۆمسای بەواتای گردبوونەوە و ڕاوێژ کردن دێت، بۆ کاروباری کۆمەڵایەتی و کشتوکاڵی و ئاژەڵداری.

لە ئەنجومەنەکانی ژیلاو مەرێدا کە هەر چوار ساڵ جارێک بەڕێوەچووە، ئەوەی جێگەی سەرنجە لە بەڕێوەبەرانی ئەم پڕۆسە دیموکراسییەدا، سەرپەرشتیکردنی هەڵبژاردنەکان بووە لەلایەن ژنان و پیاوانی خاوەن ئەزموون و بە تەمەنەکانەوە کە بە پلەی “پیر” گەیشتوون. پیر واتایەکی مەعنەوی هەیە، کە گوزارشت لە پێگەیشتنی زیهن و ڕۆح دەکات. مێژووی دەرکەوتنی ئەم چەمکە دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای دەرکەوتنی ئایینی میترا، کە مرۆڤ بۆ گەیشتنی بە پێگەی پیر پێویستە کۆمەڵێک قۆناغ ببڕێت کە بریتین لە “کولاغ، هاوسەر، سەرباز، شێر، ئاییندار، پەیکی خۆر، دوا پلەش گەیشتنە بە مەقامی پیر”.

ئەرکی سەرەکی ئەم کەسە بە ئەزموونانە دیاریکردن و هەڵسەنگاندنی ئاستی مەعریفی و توانای جەستەیی ئەو کەسانە بووە کە خواستی ئەوەیان هەبووە، خۆیان بۆ هەڵبژاردنەکانی ژیلاو مەرێ هەڵبژێرن. بۆ بەڕێوەچوونی ئەم ئەزموونە دیموکراتییە، هەڵسەنگاندنی ئەو کەسانەی کە خۆیان کاندید کردووە، لەلایەن ڕێوەبەرانی ژنان و پیاوانی بە ئەزموونەوە دۆسییەی قبووڵکردن و نەکردنی ئەوانەی خواستیان بووە خۆیان کاندید بکەن، بەر لە مانگێک تەواو بووە.

ژمارەی کەسانی کاندیدکراو لەنێوان ١٥-٢٠ کەسدا بوون. هەر یەک لەو کەسانەی کە بەربژێر بوون بۆ هەڵبژاردن، ناوی میوەیەکی ناوچەکەی لێنراوە، لە نموونەی مێووژ، هەڵوژە، هەرمێ و قەیسی و هەنجیر و گوێز…

بەگوێرەی گەورە و بچووکی ئەو گوندانەی سەر بە ئەنجوومەنەکە بوون، ژمارەی کاندیدەکان بۆ هەر گوندێک دیاریکراون. دەبێت ئەوە ڕوون بێت کە ئەم هەڵبژاردنە وەک سیستەمێکی ناوەندنی نەبووە کە هەموو هەورامان بگرێتەوە، ئەمە بەو واتایە ناڵێین کە لە جوگرافیای هەوراماندا، یەک هەڵبژاردن کرابێت، بەڵکو مەبەستمانە باس لەو ڕاستییە بکەین کە لە هەوراماندا سیستەمی لامەرکەزی هەبووە، بۆیە ئەگەر بیهێنینە بەر چاوی خۆمان جوگرافیای هەورامان لە پێنج کانتۆن پێک دێت کە ئەمانەن؛

١. کانتۆنی لهۆن.

٢. کانتۆنی ژاوەرۆ.

٣. کانتۆنی تەخت.

٤. کانتۆنی شەمیان.

٥. کانتۆنی ڕۆخانەی سیروان.

هەریەک لەم کانتۆنانەی هەورامان خاوەن سیستەمی دیموکراسی خۆیان بوون کە ناوی ژیلاو مەرێ بووە.

بەپێی ئەو سەرچاوانەی کە لە هەوراماندا باس لەم سیستەمە دیموکراسییە دەکە ، لەسەر ئەو بۆچوونە هاوڕان کە تاقیکردنەوەی جەستەیی بۆ هەردوو ڕەگەزەکە بە بەرزکردنەوەی بەردێک بووە، تاوەکو ناوقەدیان، دواتریش چەند پرسیارێکیان لەبارەی پەرتووکی ئاڤێستا و مەعریفەتی پیرشالیارەوە لێکراوە، پێویست بووە لەو سێ پرسیارەی کە لێیان کراوە، وەڵامی هەرسێ پرسیارەکە یان بەلایەنی کەمەوە دوو لە پرسە فەلسەفیەکان بزانن، تاوەکو لەم پڕۆسەیەدا ڕێگەی بەشداریکردنیان پێبدرێت.

لە دوای کۆتاییهاتنی پڕۆسەی هەڵبژاردنەکە، لە ڕێگەی ژماردنی دەنگی دەنگدەرانەوە، کە بە جۆرەکانی میوە دەنگی خۆیان بە کەسی دڵخوازی خۆیان داوە، ناوی کاندیدانی دەرچوو ڕاگەیەندراوە تاوەکو لە بەڕێوەبردنی ئەو ئەرکانەی کە دەکەونە ئەستۆیان، پیرۆزباییان لێبکرێت.

ئاسایش و مافی دەربڕین و ئاستی گوزەرانی دانیشتوانی هەر گوند و کانتۆنێک، لە ئەستۆی ژیلادا بووە. هەرچی ڕۆڵی بەشداریکردنی ژنانیشە لە ژیلاکاندا مسۆگەر بووە چ وەک ئەوەی بەشدارییان لە شێوازی دەنگدان و چ وەک ئەوەشی کە ژنان خۆشیان بۆ سەرۆکایەتی ژیلاو مەرێ بەربژێر کردووە. نموونەی خاتوو کەتایۆن، هۆریستا، ئەیا حەنانێ، تەبریزە و خاتوو هارونی لە قەڵای هارون نزیک بە گوندی ژیوار و قەڵانی سلێن لە گوندی سلێن و چەند نموونەی تریش، ئەو ڕاستییەمان پیشان دەدەن کە سیستەمی دیموکراسی کە مەبەست لێی “ژیلاو مەرێ”یە تا چەندە پێشکەوتوو بووە، وە ڕۆڵ و پێگەی ژنان لەنێو ئەم هەڵبژاردنانەدا تا چەندە ئامادەیی هەبووە. ئەیا حەنانێ نموونەی ئەو ژنانەیە کە بۆ سێ جار لەسەر یەک وەک کەسی یەکەم هەڵبژێردراوە.

دواجار دەڵێین؛”کردەوەی ئەخلاقی” وەک پێویستییەک دەرکەوت. ئەو پراکتیزەیەی کە بتوانیت سەرکەوتن بەدەست بهێنیت، گرتنەبەری هەنگاوی ڕەنگ کردنی ژیانە. وەک حەزرەتی زەردەشت دەڵێت؛ “باش بیربکەرەوە، ڕاستییەکان بڵێ، باش بکە”.

سەرچاوە: بەڵگەفیلمی ژیلاو مەرێ کە بەرهەمی کۆمپانیای چەترە بۆ بینینی ڤیدیۆکە کلک لەسەر ئەم بەستەرە بکە ژیلا و مەرێ

بابەتی پەیوەندیدار