بەرخودانی دژ بە بیرچوونەوەی یادەوەریی: ئەنفال

فاتمە کۆچاک

لە تورکییەوە: نەجیبە قەرەداغی

چواردەی مانگ بوو

لەسەر گۆیژە، با قەڵەمەکەی فڕاندم

کە دۆزیمەوە و پێم نووسی

پۆل پۆل فڕین وشەکانم

پانزەی مانگ بوو

“سیروان” قەڵەمەکەی بردم

وەختێ گرتمەوە و پێم نووسی

بوون بە ماسیی شیعرەکانم

شانزەی مانگ بوو!

ئاخ، شانزەی مانگ!

کە شارەزوور قەڵەمەکەی لێ وەرگرتم

وەختێ دایمەوە بنووسم

وەک هەڵەبجە

وشک بووبوون پەنجەکانم[1]!

 

جوگرافیای گوڵەکانی بەهار و کێڵگە شەپۆلئاساکانی گەنم، جۆگە و ڕووبارە خرۆشاوەکان و دۆڵە قووڵە ترسناکەکان، ئەشکەوتی شاراوە و تاشەبەردە ڕووتەکان. سەرەتا و بەر لە هەموو شتێک، ئێرە شوێنێکە، کە ڕیتمی ژیان لە پەیوەندیی نێوان مرۆڤ و چیاکاندا دیاری دەکرێت. لووتکەکان کە بە شێوەی زنجیرەیی بەرەو هەموو لایەک درێژ دەبنەوە، بەرزترینەکانیان بە درێژایی ساڵ بەفر دایپۆشیون. پەندێکی پێشینان دەڵێت: “کورد جگە لە چیا دۆستیان نییە”. داگیرکەران ئەمە باش دەزانن و لە هەر شەڕێکدا کە دژی کورد بەڕێوەی دەبەن، سەرەتا “چیا”کان دەکەنە ئامانج، چونکە دەزانن کوردێک کە پشت بە چیا نەبەستێت، هەمیشە ڕووبەڕووی هێرش دەبێتەوە. عەلی حەسەن مەجیدی پیاوە وەفادارەکەی دیکتاتۆر سەدام حسێن، کە بەرپرسیار بوو لە ئەنجامدانی کۆکوژی “غەنیمەت” لە کوردستان، ئەم ڕاستییەی دەزانی و پێش دەستپێکردنی کۆکوژییەکان یەکەمین فەرمان، کە بە سەربازەکانیدا دابوو، ئەوە بوو؛ “ئەگەر چیاکان تەخت بکەین، لە یەک ڕۆژدا هیچ شوێنەوارێکی کورد نامێنێت”.

دەکرێت کۆکوژی وەک کۆنترین خووی شارستانییەت هەژمار بکرێت. تۆمارە مێژووییەکان، یەکەمین قڕکردنی بەکۆمەڵ لە ساڵی ١٤٩ پ.ز  لە ساڵنامەدا تۆمارکردووە، لەبارەی لەناوچوونی قەرتاجە لە کۆتایی جەنگی سێیەمی پونیک. بەڵام ئەگەر هەنگاوێک، ئاوڕ لە پاش بدەینەوە، دەتوانین بڵێین کە لەگەڵ پێکدادانی شۆڕشی کشتوکاڵی لە میزۆپۆتامیاى ژوورین و دژە شۆڕش لە میزۆپۆتامیاى ژێرین، یەکەمین کۆکوژی لەلایەن سێیانەی “ڕاهیب – شا – سەرباز”ەوە لە خودی ژندا لە بەرانبەر کۆمەڵگە پەرەی سەند. چونکە میتۆلۆژییەکان لە ڕۆژهەڵاتەوە بۆ ڕۆژئاوا، پڕن لە پەیکەری ئەو خوداوەندانەی سەمبولی کۆمەڵگەی دایکانە (کۆمەڵگەی سرووشتی)ن، کە سەرەتا بە دەستوەردانی ئایدۆلۆژیی زیهنییەتی پیاوسالاری بۆ ڕیشەی خراپە گۆڕان و دوایی بۆ بڵاوکردنەوەی ترس لە کۆمەڵگەدا، ناسنامەکانیان چەواشەکران. یەکەم و دووەم شکانی ڕەگەزی سیستەمی پیاوسالاری هێنایەئاراوە، کە خۆی لەسەر ئەو کۆکوژییە بنیاتنا، کە دژی ژنان ئەنجامدرا[2]. دەکرێت بڵێین قڕکردنی کۆمەڵگە / کۆکوژی، کە داهێنانی شارستانییەتی دەوڵەت و پیاوسالارییە، کە دواتر ڕەنگدانەوەی لە ئایینە تاکخوداییەکانیشدا هەبووە، کە ژنانی بە بێ سوژە مەحکوم بە لەناوچوون کردووە.

بەکارهێنانی جینۆساید وەک چەمکێک بۆ ئەو کۆمەڵکوژییانەی کە بە شێوازی دڕندانە لە مێژووی شارستانییەتدا ڕوویانداوە، دەگەڕێتەوە بۆ مێژوویەکی نزیکتر. چەمکی جینۆساید یەکەمجار لە ساڵی ١٩٤٣ لەلایەن ڕافایێل لێمکینەوە داهێنرا و دوای جینۆسایدی جووەکان لەلایەن نازییەکانەوە، لە ساڵی ١٩٤٨ لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە (UN) پەسەند کرا. لە ماددەی دووەمی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە ڕێگریکردن و سزادانی تاوانی جینۆساید، بەم شێوەیە جینۆسایدی پێناسە کردووە:  “هەر کردەوەیەک لەم کردەوانەی خوارەوە، بە مەبەستی لەناوبردنی تەواو یان بەشێک لە گرووپێکی نەتەوەیی، ئیتنیکی، ڕەگەزی یان ئایینی ئەنجام بدرێت، بە تاوانی جینۆساید دادەنرێت: “کوشتنی ئەندامانی گرووپێک، زیانی گەورەی جەستەیی یان دەروونی بە ئەندامانی گرووپێک، خستنەژێر بارودۆخێکی تایبەتی ژیانەوە کە پێشبینی کرابێت ببێت بەهۆی لەناوچوونی تەواو یان بەشێکی فیزیکی گرووپێک، سەپاندنی ڕێوشوێن بۆ ڕێگریکردن لە منداڵبوون لەناو گرووپێک، گواستنەوەی بەزۆری منداڵانی گرووپێک بۆ ناو گرووپێکی تر”[3].

نووسەرانی کتێبی “مێژوو و سۆسیۆلۆژیای جینۆساید”، فرانک چاڵک و کورت جۆناسۆن، کە ئەم پێناسەیەیان بە کێشەدار زانیوە، جینۆساید بەم شێوەیە پێناسە دەکەن: “کۆمەڵکوژی بریتییە لە کوشتاری بەکۆمەڵی یەک لایەنە، کە لەلایەن دەوڵەتێک یان دەسەڵاتێکی ترەوە ئەنجام دەدرێت، بە مەبەستی لەناوبردنی گرووپێک کە بوونیان وەک گرووپ و ئەندامبوونیان لەو گرووپەدا لەلایەن بکەرەوە پێناسە. ئەگەر بە هەموو لایەنەکانییەوە سەیری ئەم بابەتە بکەین، کە نموونەی زۆری لە مێژوودا هەیە، بۆ هاندانی مرۆڤێک بۆ لەناوبردنی مرۆڤێکی تر، پێویستە بە تەواوی سووکایەتی پێبکرێت، پەراوێز بخرێت و بڕوای پێ بهێنرێت، کە نزمترە. بکەران سەرەتا هەموو پەیوەندییەکی مرۆیی لەگەڵ گرووپی دەستنیشانکراو دەپچڕێنن بۆ ئەوەی بتوانن بە شێوەیەکی هەڕەمەکی دەست بە کوشتنیان بکەن. قوربانییەکان کەمتر لە مرۆڤ ببینن، کە لەناوبردنیان خزمەتێکە بۆ کۆمەڵگە. کاتێک ژێرخانی جینۆساید ئەنفال ئامادە دەکرا، دەبینین کە هەمان دۆخ ڕووی دا. عەلی حەسەن مەجید، کە ئامۆزای دیکتاتۆر سەدام حوسێن بوو و سکرتێری گشتی مەکتەبی باکووری حزبی بەعسی عێراق بوو. دەسەڵاتی پێدرابوو بۆ ئەنجامدانی جینۆساید لە باشووری کوردستان. لە ڕاپۆرتە هەواڵگرییەکانی دەوڵەتی عێراقدا بەم شێوەیە باسی کوردی کردووە: (ناهێڵم چیتر وەک کەر لە چیاکان بژین، بەچەکی کیمیایی لەناویان دەبەم، کێ قسە دەکات؟ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی؟ لە کۆمەڵگەی نێودەڵەتی بەم و لەوانەش کە گوێیان لێدەگرن). پێم وابوو لەوانەیە چەند کەسێکی باشیان تێدا بدۆزینەوە (لەناو کورددا)، بەڵام هەرگیز نەماندۆزییەوە. جگە لە پارێزگارەکەی هەولێر و سلێمانی ئەوانی تر نە دڵسۆزن و نەباشن، ئەو سەگانە بۆچی باشن؟ سەریان پاندەکەمەوە، شۆڤڵ دەنێرم بۆ نزیک و دوور لەگۆڕیان دەنێم.”[4]

جینۆسایدەکان کردەوەی خراپەی دەسەڵاتن کە بۆ ئامانجێکی ستراتیژیی دیاریکراو جێبەجێ دەکرێن و دەبینرێت، کە ئەم کردەوەیە بە هەمان شێوە لە شاڵاوەکانی ئەنفالدا جێبەجێ کرا. ڕژێمی بەعسی عێراق، کە لە حەفتاکانەوە لە نێوان دانپێدانان بە ئۆتۆنۆمی و لەناوبردنی کورددا دەهات و دەچوو، چەندین جار تاکتیکی گێزەر و قامچی بەکارهێنا، کاتێک دەسەڵاتی خۆی پتەو دەکرد و بەرەو ئامانجی کۆتایی هەنگاوی دەنا. حزبی بەعس لە ساڵی ١٩٧٠ بەهۆی هەوڵی پتەوکردنی پێگەی خۆی لە دەسەڵاتدا، پێشنیاری ئۆتۆنۆمی بۆ کورد کرد. بەڵام ڕژێم بە ئەنقەست هەرێمی ئۆتۆنۆمی کوردستانی بە شێوەیەک دیاری کرد، کە سامانە زۆرەکانی وەک نەوت، لە هەرێمە دابڕاوەکان لە کوردستان بهێڵێتەوە. دوای چوار ساڵ لە دانوستاندن، هەرێمی ئۆتۆنۆم لەلایەن کوردەوە ڕەتکرایەوە و لە ١٩٧٤ لەلایەن بەغداوە یەک لایەنە جێبەجێ کرا، لە سێ پارێزگای هەولێر، سلێمانی و دهۆک پێکهاتبوو. سەرەڕای ئەوەی نزیکەی نیوەی خاکی هەرێمی باشووری کوردستان لە دەرەوەی ئۆتۆنۆمی مایەوە. هەرێمی ئۆتۆنۆم گرنگییەکی ئابووری ڕاستەقینەی هەبوو، چونکە نیوەی بەرهەمی کشتوکاڵی عێراق، کە زۆربەی بیابان بوو و کورتهێنانێکی زۆری لە بەرهەمهێنانی خۆراکدا هەبوو، لە کوردستان بەرهەم دەهات. دوای بڕیاری ئۆتۆنۆمی، ڕژێمی بەعس دەستی بە پرۆسەی بە “عەرەبکردن”ی کەرکووک، خانەقین و ناوچەکانی تری نەوتی باکوور کرد، بە دەرکردنی جووتیارە کوردەکان و نیشتەجێکردنی خەڵکی هۆزە عەرەبە هەژارەکانی باشوور لە شوێنیان. پێش ئەنفال، لە نێوان ساڵانی ١٩٧٠ و ١٩٨٦، زیاتر لە ملیۆنێک کەس ئاوارەکران. لە باشووری کوردستان کە خاوەن کولتوورێکی ڕیشەداری بەرخودانە، بەرەنگاری دژی سیاسەتەکانی بەعس لە ماوەی ئەو ساڵانەدا بەردەوام بوو. سەرەڕای ڕێککەوتننامەی جەزائیری ١٩٧٥ و “ئاش بەتاڵ”، بەرخودان لە ناوچە گوندنشینەکاندا خۆی ڕێکخستەوە.

بێگومان لەم پرۆسەیەدا پێویستە باس لە پشتگیریی هێزە نێودەوڵەتییەکان بکرێت. سەدام حوسێن، کە ئەمریکا وەک هاوپەیمانی سرووشتی خۆی دەیبینی، دوای وەرگرتنی ڕەزامەندی شاراوەی باڵادەستی ناوچەیی و هێزە باڵادەستەکان، لەوانەش یەکێتی سۆڤیەت، دەستی دایە جینۆسایدی کورد. دواتر کاتێک بەرژەوەندییەکانیان لەگەڵ سەدام ئاوەژوو بووەوە، ئەو باڵادەستەی ئەوی ڕووخاند. بەپێی تۆمارە فەرمییەکان، ئەوان چاویان لە لەناوبردنی ٢٠٠،٠٠٠ کەس و سووتاندنی ٤٠٠٠ گوند نووقاند، تەنیا لە ماوەی دوو ساڵدا. ئەو ڕۆژانە، لانی کەم بۆ کورد، ڕۆژێک بوو کە جیهان کەڕ، لاڵ و کوێر بوو. ئەو ڕۆژانە، ڕۆژانێک بوون، کە مرۆڤایەتی شەرمەزار بوو. ڕێزی خۆی لەدەست دا و سەرکۆنەکرا. هەر بۆیە، لە گفتوگۆکاندا سەبارەت بە ئەوەی کێ جینۆسایدی ئەنفالی ئەنجام دا؟ ئەگەر بڵێین بەبێ ڕەزامەندیی دەوڵەتە داگیرکەرەکانی ناوچەکە و هێزە باڵادەستەکان لەگەڵ جێبەجێکارانی ڕژێمی بەعس ئەنجامدراوە، جگە لە نەزانی سیاسی هیچی تر ناگەیەنێت! وەک ئاروندهاتی ڕۆی دەڵێت: “جینۆسایدەکان بە گشتی هەر بەو هۆیانەوە نکۆڵییان لێ دەکرێت، کە لەسەری سزا دەدرێن. چارەنووسی ئابووری کە لە سۆسی جیاکاری ڕەگەزی / ئیتنیکی / ئایینی / نەتەوەیی هەڵکێشراوە. بە کورتی، دابەزین یان بەرزبوونەوەی نرخی بەرمیلێک نەوت (یان تەنێک یۆرانیۆم)، ڕێگەدان بە دامەزراندنی بنکەی سەربازی، یان کرانەوەی ئابووری وڵاتێک، دەتوانێت فاکتەری یەکلاکەرەوە بێت لە بڕیاردانی حکومەتەکان لەسەر ئەوەی ئایا جینۆساید کراوە یان نا. تەنانەت لە ڕاستیدا لەسەر ئەوەی، کە ئایا جینۆساید بکرێت یان نا؟ و ئەگەر کرا، ئایا ڕابگەیەنرێت یان نا؟ و ئەگەر ڕاگەیەنرا، ئەم هەواڵە بەرەو کوێ دەچێت؟ بۆ نموونە، سەبارەت بە مردنی دوو ملیۆن کەس لە کۆنگۆ هیچ هەواڵێک نەکرا. بۆچی؟ ئەمە بەندە بەوەی کێ یاساکان دادەنێت؟”[5]

ڕژێمی بەعسی ئایینگەر – نەتەوەپەرست، ستراتیجی جینۆسایدی بە ڕەزامەندی بێدەنگی هێزە نێودەوڵەتییەکانیش جێبەجێ کرد، هەروەک ڕاوڵ هیلبێرگ لە مێژووە بەناوبانگەکەی هۆلۆکۆستدا تێبینی کردووە. بەپێی هیلبێرگ، پرۆسەی لەناوبردن نموونەیەکی ناوەکی هەیە. لەم نموونەیەدا سێ هەنگاوی پەیوەندیدار هەن: پێناسەکردن، کۆکردنەوە (یان دەستگیرکردن)، لەناوبردن. “ئەمە پێکهاتەی نەگۆڕی پرۆسە بنەڕەتییەکەیە؛ هیچ گرووپێک ناتوانرێت بکوژرێت پێش کۆکردنەوە یان دەستگیرکردنی قوربانییەکان و جیاکردنەوەی قوربانییەکان، ناکرێت پێش ئەوەی بکەر بزانێت کێ لە گرووپەکەدایە.”[6] جینۆسایدی کورد لە ساڵانی ١٩٨٧ – ١٩٨٩ کە ئۆپەراسیۆنی ئەنفال لە ناوەڕاستیدا بوو، وەک نموونەیەکی تەواوی ئەم پارادایمە، وەک پەڵەیەکی ڕەش لە مێژووی جیهاندا تۆمارکراوە. یەکێک لە خەسڵەتی ناسینەوەی تاوانێکی جێنۆساید دەستنیشانکردنە، کێن ئەوانەی دەبێت بکوژرێن؟ جووەکان، ئێزدییەکان، کوردە گوندنشینەکان، ئەرمەنەکان، دوای دەستنیشانکردن، پەلاماردان و کۆکردنەوە دێت. ئینجا پاکتاوکردن و کوشتن.

دوای ڕووخانی سەدام حوسێن، بەڵگەنامە دەستکەوتووەکان و گێڕانەوەی شایەتحاڵەکان پشتڕاستی دەکەنەوە، کە شاڵاو و ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنفال بەپێی پلانێکی دیاریکراو جێبەجێکراون. سەرەتا ناوچەکە دیاریکرا، دواتر لەلایەن سەربازەکانەوە گەمارۆدەدران و هاتوچۆ بۆ ناوچەکە قەدەغەدەکرا. دواتر سەرباز و جاشەکان دەچوونە ناو گوندەکانەوە، خەڵکەکەیان بەپێی تەمەن و ڕەگەز جیادەکردەوە و بە ئۆتۆمبێل بۆ شوێنی نەزانراو دەیانناردن. دوای ئەوە، چۆڵکردنی شوێنی نیشتەجێبوون و ئاژەڵ و کەلوپەلی ناو ماڵەکان وەک “دەستکەوت – غەنیمە” دەستیان بەسەردا گیرا. سەربازەکان بە تەقەمەنی، بلدۆزەر و گرەیدەر خانوو، قوتابخانە و مزگەوتەکانیان لەگەڵ زەوی تەخت دەکرد، سەرچاوەکانی ئاویان بە کۆنکرێت پڕدەکردەوە. درەختی میوەدار دەبڕدرایەوە، ئاگریان لە ڕەز و باخەکان بەردەدا. هەرچەندە ئامانجی ڕژێمی بەعس لەناوبردنی بەکۆمەڵی کورد و “یەکلاکردنەوە”ی کۆتایی کێشەی کورد بوو لە عێراق، بەڵام لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکاندا دەیان گوندی سریانی، ئێزدی، تورکمان و جووش لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ دانیشتووانەکانیان لەناوبران. لە چوارچێوەی شاڵاوەکانی ئەنفالدا، باشووری کوردستان جگە لە ناوەندی شارەکان لەژێر ناوی “داماڵین لە مرۆڤ”دا بێگیان کران. هەموو ناوچە گوندنشینەکان وەک ناوچەی قەدەغەکراو ڕاگەیەندران، ڕووەک و جۆرەکانی ئاژەڵی ناوچەکانیش لەناوبران.

بەپێی بەڵگە بەدەستخراوەکانی دەزگای هەواڵگریی عێراق، کوشتنە بەکۆمەڵەکان، بێسەروشوێنکراوەکان و ڕاگواستنە زۆرەملێکانی شاڵاوەکانی ئەنفال و ئۆپەراسیۆنەکانی تری دژە کورد لە ١٩٨٧-١٩٨٩، بە شێوەیەکی هاوئاهەنگ و پلانڕێژکراو ئەنجامدراون. بەڕێوەبردنی ئەم ئۆپەراسیۆنانە تەواو ناوەندی بوو، بەڵام سەرکەوتنیان پشتی بە هاوئاهەنگی هەوڵەکانی چەندین دامەزراوە و دەزگا هەبوو لە ئاستی ناوخۆیی، هەرێمی و نیشتمانی، لە پۆستی سەرۆک کۆمارەوە تا خوارترین یەکەی جاش.

لە ساڵی ١٩٨٦، بە نووسراوێکی فەرمی کە دەیگوت؛ “ئەم یەکانەی پێکەوە ماونەتەوە هەر کاتێک مەیلی یاخیبوونیان هەیە و لە باکوور و ناوەڕاستی عێراق دەبێت هەموو ئامادەکارییەک دژی ئەم گرووپە مەترسیدارە بکەن”، پێناسەی ‘مەترسیدار و نامتمانەپێکراو’یان بۆ کرا و یەکەم هەنگاوی جینۆساید نرا[7]. جینۆسایدی ئەنفال، کە بە ناوی سورەتی ئەنفال لە قورئان ناونرا کە واتای “دەستکەوتی جەنگ” دەگەیەنێت و لە ساڵی ١٩٨٧ – ١٩٨٨ ڕوویدا و بۆ هەشت قۆناغ دابەشکرا، هەوڵێکی بەرفراوانی ڕژێمی بەعس بوو بۆ لە ناوبردنی گەلی کورد لە باشووری کوردستان. ڕژێمی بەعس، کە جینۆسایدی بە بریاری ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕش و بە سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی سەدام حوسێنی سەرۆکی ئەوکاتەی دەوڵەتی عێراق ئەنجام دا، کوشتارگەکانی لە نێوان مانگەکانی شوبات و ئەیلوول لە هەشت قۆناغی سەربازییدا بەڕێوەبرد. . ئەڵبەتە هەشت قۆناغەکە تەنها پەلامارە سەربازییەکان بوون، کە ئەرکیان تەنها گرتن و کۆکردنەوەی خەڵکەکە بوو، کۆمەڵکوژییەکە دواتر بە ڕێبازی جیاواز بەردەوام بوو.

لە “سەردەمی مۆدێرن” واتە مۆدێرنیتەی سەرمایەداری، پەیوەندی نێوان کۆمەڵگە – بکەر و شوێن – جوگرافیا لە ڕێگەی ستراتیژی” لەناوبردن – لەبیرکردن – گۆڕین” وەک جووڵەیەکی سیستەماتیکی کۆکوژیی مرۆڤ و کۆمەڵگە، هەوڵی لەناوبردن دەدرێت. هەوڵدەدرێت گەلان و کۆمەڵگەکان لەو ناوچانە دابڕێندرێن، کە زۆرترین خۆبوون و بەرگرییان دژی دەسەڵاتداریی و باڵادەستی هەیە. گوندەکان سەرەکیترین شوێنی جێبەجێکردنی شاڵاوەکانی کۆکوژیی ئەنفال بوون، چونکە بەهێزترین ناوەندی بەرگری بوون. لە ماوەی سێ ساڵدا، بەپێی هەندێک سەرچاوە، سووتاندن و وێرانکردنی ٤٥٠٠ گوند و ڕاگواستنی خەڵکەکەی بۆ کەمپە زۆرەملێکان و گۆڕینی ئەو شوێنانە بۆ دۆخێک، کە نەتوانن بۆی بگەڕێنەوە، پەیوەندی ڕاستەوخۆی بەو ڕاستییەوە هەیە. لەناوبردنی گوندەکان بە ئاستێک، کە بۆی نەگەڕێنەوە، دابڕینی هەزاران کەسی دیلکراو لە کەمپەکان لە خاکەکەیان و ناچارکردنیان بە برسێتی لە باشووری کوردستان، ئاماژەیە بۆ ئەوەی دەیانەوێت کۆکوژی بەردەوام بێت. ئەم ستراتیژە دواتر لە باکووری کوردستانیش لە سەرەتای ١٩٩٠ـەکان جێبەجێکرا و ٤٠٠٠ گوند بە ستراتیژی “ئاوەکە وشک بکە، ماسییەکە بکوژە” بە ئیلهام وەرگرتن لە بەعس، درێژەی پێدرا.

قۆناغی یەکەمی ئەنفال لە ١٨ی شوباتی ١٩٨٨ دەستی پێکرد، ماوەی شەش مانگی خایاند. ٢٢ی شوبات هەتا نۆی ئەیلوول ١٩٨٨. قۆناغی یەکەمی ئۆپەراسیۆنەکە ناوچەکانی دۆڵی جەفایەتی، دوکان، شارباژێڕ، چوارتا، قەڵاچوالان و سوورداش و مەرگە و کانی توو، تەواوی ناحیەی بنگردی گرتەوە. قۆناغی دووەمی ئەنفال لە ٢٢ی ئاداری ١٩٨٨ دەستی پێکرد، حەوت ڕۆژی خایاند. شاڵاوەکان ناوچەکانی قەرەداغ، سەنگاو، بازیان، عەربەت و دەربەندیخانی گرتەوە. قۆناغی سێیەمی ئەنفال، کە بە گەورەترین و خوێناویترین قۆناغ دادەنرێت، سنوورەکانی ناوچەی گەرمیانی گرتەوە. ئەم قۆناغە لە حەوتی نیسانی ١٩٨٨ دەستی پێکرد و لە ٢٠ی هەمان مانگدا کۆتایی هات. چەمچەماڵ، سەنگاو، قادرکەرەم، دووز و لەیلان و کفری و کەلاری گرتەوە. لە قۆناغی سێیەمی ئەنفالدا، کە سەختترین قۆناغ بوو، لە بەشەکانی داهاتووی نووسینەکەدا بە تایبەت باسی هەڵەبجە دەکەین.

قۆناغی چوارەمی ئەنفال، کە لە ٣ی ئایاری ١٩٨٨ەوە تا ٨ی ئایار درێژەی کێشا، کەرکووک، پردێ، شیوان، شێخ بزێنی و قەرەهەنجیر و کۆیە و تەقتەق و گوندەکانی دەشتی هەولێر و تەکییە و چەمچەماڵ و ئاغجەلەری لە پارێزگای سلێمانی گرتەوە. دواتر قۆناغەکانی پێنجەم، شەشەم و حەوتەمی ئەنفال لە ١٥ی ئایاری ١٩٨٨دا دەستی پێکرد و لە ٢٦ی تەممووزدا کۆتایی هات. ئەم قۆناغە دۆڵی بالیسان، دۆڵی مەلەکان و دۆڵی ئاکۆیان و ناوچەی خۆشناوەتی و ڕەواندز و سۆران و وەرتێ و خانەقا و چۆمان و ڕانییە و قەڵادزێ و ناوچەی چیای قەندیلی گرتەوە. قۆناغی هەشتەم، کە دوا قۆناغ بوو، لە ٢٥ ئابی ١٩٨٨دا دەستی پێکرد و ١١ ڕۆژی خایاند. ڕژێمی بەعس لەم قۆناغەدا ناوچەی بادینانی کردە ئامانج. ئۆپەراسیۆنەکانی کوشتار لە دهۆک، ئامێدی، ئەتروش، زاخۆ و کانی ماسێ بەردەوام بوو.

پەلامارە سەربازییەکان، کە لە ساڵی ١٩٨٨دا کۆتایی هات، ئێستاش کاریگەرییەکانی لەسەر باشووری کوردستان بەردەوامە. بەپێی ئامارە فەرمییەکان ٢١٠،٠٠٠ کەس لە ژن، پیاو، منداڵ و بەساڵاچوو کوژران و بێ گۆڕ بوون. یەک ملیۆن کەسیش ئاوارەکران. هەروەها چوار هەزار و ٥٠٠ گوند و ٣٠ ناحییە تەختی زەوی کران. هەزار و ٨٠٠ قوتابخانە، ٣٠٠ نەخۆشخانە، سێ هەزار مزگەوت و ٢٧ کڵێسا ڕووخێندران. ئامانج لەم وێرانکارییە سەرتاپاگیرانە ئەوە بوو؛ کورد چیتر نەتوانن لەسەر خاکی خۆیان بژین، ئەمەش لە ڕێگەی کۆمەڵێک هێرشی سیستەماتیک بۆ سەر شوێنەکانی ژیان بە گوندەکانیانەوە تا دەگاتە کشتوکاڵ، ژێرخان، ڕێگاوبان ..هتد، جێبەجێکرا. لە ماوەی شاڵاوە کۆکوژییەکانی ئەنفالدا، لەگەڵ لەسێدارەدانی بەکۆمەڵ، ڕاگواستن و ئۆپەراسیۆنەکانی زەمینی و ئاسمانی، ٧٧ جار هێرشی کیمیایی ئەنجام درا.

شاڵاوەکانی کۆکوژیی ئەنفال قۆناغ بە قۆناغ، سەرەتا بە گەمارۆدان و پاشان کۆکردنەوە و دواتر ڕاگواستن و لەناوبردنی بەکۆمەڵ جێبەجێکران. هەڵەبجە زۆرترین دەنگدانەوەی هەبوو لە ڕای گشتیدا. هێرشی کیمیاوی بۆ سەر هەڵەبجە، کە لە قۆناغی سێیەمی شاڵاوەکانی ئەنفالدا بوو، بوو بە هێمایەک لە کۆکوژییەکانی ئەنفالدا. هەڵەبجە و دەوروبەری بە گازی خەردەل، گازی دەمار (سارین، تابوون، ڤی ئێکس)، ژەهری خوێنمەیینی هایدرۆسیانید و گازی کیمیاوی، یان بە ناوی باوتر، چەکی کۆکوژ بۆردومانکران. لە کاتی بۆردومانەکەدا، خەڵک “بۆنێکی خۆش، بۆنی سێوی شیرین، پرتەقاڵ و سیر”یان دەکرد و بە تێپەڕبوونی چەند خولەکێک، بە ئەستەم هەناسەیان دەدا و دواتر دەمودەست گیانیان لەدەستدەدا. هەندێکیان بە پێکەنینەوە گیانیان دەرچوو، مردنی هەندێکی تر درێژەی دەکێشا؛ سەرەتا بە سووتان، درووستبوونی بقڵی ئاوی زەردباو یان بە ڕشانەوەیەکی سەوزباو، دەمردن. کۆکوژیی هەڵەبجە نزیکەی ٥٠٠٠ پیاو، ژن، منداڵ و بەساڵاچووی کوشت؛ زیاتر لە ١٠ هەزار کەسی بریندارکرد. هەزاران کەس هێشتا بێسەروشوێنن و هەزاران کەس بەهۆی نەخۆشی و کەمئەندامیی دوای لەدایکبوون، دوای کۆمەڵکوژییەکە گیانیان لەدەستدا. ئەوانەی بە زیندوویی ڕزگاریان بوو، بە ڕێژەیەکی زۆر لە ئاسایی، کێشەی تەندروستییان هەبوو. بە بەراورد لەگەڵ ناوچەکانی تری وڵات، ٢٤ جار زیاتر لەباربردن، ١٠ جار زیاتر شێرپەنجەی ڕیخۆڵە، جۆرەکانی تری شێرپەنجە، نەخۆشییەکانی هەناسە، کێشەکانی پێست و چاو، ژنان کێشەی نەزۆکیان هەبوو. ئەم هێرشە کیمیاوییانە کاریگەری جەنەتیکی بەردەوامیان هەبوو و ئەم کاریگەرییە لە ڕێژەی کەمئەندامی لەدایکبوون لەو شارانەی کە هێرشیان کرایە سەر بە ڕوونی دەردەکەوێت. هەندێک سەرچاوەش ئاماژە بەوە دەکەن کە ئامانجی سەرەکی ئۆپەراسیۆنەکە هەر ئەوە بووە. ماوەیەک دوای هێرشەکە، چەند ڕۆژنامەنووسێک چوونە هەڵەبجە. یەکێک لەو ڕۆژنامەنووسانە کاوە گوڵستان بوو، کە ئەوەی بینیبووی بەم شێوەیە باسی دەکات:

ژیانێکی وەستاو هەبوو. ژیان وەستابوو؛ وەک ئەوەی فیلمێک سەیر بکەیت و لە وێنەیەکدا ڕاوەستابێت. بۆ من، ئەمە شێوازێکی نوێی مردن بوو. دەچیتە ژوورێک، چێشتخانەیەک، ژنێک دەبینیت (پێش ئۆپەراسیۆنەکە) بە چەقۆیەک لە دەستیدا خەریکی گێزەر وردکردن بووە. دوای ئەوە زۆر خراپتر بوو. قوربانییەکان هێشتا بۆ شوێنێک دەبران. چەند گوندییەک هاتنە لای هێلیکۆپتەرەکەمان. ١٥ یان ١٦ منداڵی جوان لەگەڵیاندا بوون، پاڕانەوە لێمان، کە بیانگەیەنینە نەخۆشخانە. هەموو ڕۆژنامەنووسەکان لەوێ دانیشتین و هەر یەکەمان منداڵێکمان هەڵگرت. کاتێک هێلیکۆپتەرەکە بەرزبووەوە، شلەیەک لە دەمی کچە بچکۆلەکەی باوەشمەوە هاتەدەرەوە و لە باوەشمدا گیانی لەدەستدا”[8].

کاتێک قوربانی دەنگی نابیسترێت، بەهێزترین هاندەرە بۆ ئەوانەی کۆکوژی ئەنجام دەدەن. ئەم ڕۆژانە ئەو بێدەنگییەی لە کاتی کوژرانی هەزاران کەس لە تەنیا ڕۆژێکدا لە غەززە دەیبینین، زۆر شتمان پێ دەڵێت دەربارەی چۆنیەتی بێدەنگی و هاوبەشی لە تاوان. لە کۆکوژیی ئەنفالدا دەتوانین ببینین، کە ئەم بێدەنگییە لە هەموو لایەکەوە کاری کردووە. کاتێک باس لە کوردستان دەکرێت، لە پرۆسە مێژووییەکانی هەموو پارچەکانەوە باش دەزانین، کە ئەم بێدەنگییە چەند قات زیاتر دەبێت. هەروەک چۆن لە نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەمدا بێدەنگییەکی تاوانبارانە بەرانبەر لەناوبردنی سەدان هەزار کورد لە کۆچگری، ئاگری، ساسۆن، دێرسیم و زیلان هەبوو، لە چارەکی کۆتایی سەدەی بیستەمیشدا، لەژێر ناوی ئەنفالدا، کەس ئاگای لە کوشتنی سیستەماتیکی سەدان هەزار کەس و ئاوارەبوونی ملیۆنان کەس نەبوو. ئەمڕۆش بە هەمان شێوە، ئەم بێدەنگییە لە کوردستان دەوڵەتە داگیرکەرەکانی ناوچەکە هاندەدات و بە ڕێبازی چەکی کیمیاوی بۆ لەناوبردنی کۆمەڵگە و بەرخودان بەکاردەهێنرێت[9].

بەپێی لێکۆڵینەوەکانی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ، گازی کیمیاوی بە هەڵەبجەوە، لانیکەم لە ٦٠ گوند و شارۆچکەدا بەکارهێنرا، بەڵام هیچ هێزێکی باڵادەست بایەخی پێنەدا، تا ئەو کاتەی کە بەرژەوەندییەکانیان لەگەڵ ئەو جانەوەرەی کە هەر خۆیان درووستیان کردبوو، سەدام حسێن، یەکی نەگرتەوە و بە بیانووی “چەکی کیمیاوی هەیە” هاتنە عێراقەوە. سەدام حسێن هەرگیز لەسەر کۆکوژیی هەڵەبجە دادگایی نەکرا، چونکە لە دۆسیەی کۆمەڵکوژی دوجەیل لە ساڵی ١٩٨٢ سزای مردنی بەسەردا سەپێنرا و لەسێدارەدرا. بەڵام عەلی حەسەن مەجید، ئامۆزای سەدام حسێن، کە بە “عەلی کیمیاوی” ناسرابوو، بێگومان بە ڕەزامەندی سەرگەورەکەی سەدام حسێن، وەک بەرپرسی سەرەکی ئەو جینۆسایدە لە کەیسی هەڵەبجەدا دادگایی کرا، سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنرا و لە ٢٥ی کانوونی دووەمی ٢٠١٠دا لەسێدارەدرا.

لە دوای ٣٦ ساڵ لە جینۆسایدی ئەنفال، ناتوانین باس لە سەرچاوەیەکی درووست و تەواو بکەین، کە بە ژمارە و ئەنجامەکانی بەشێوەیەکی ڕاست دەرببڕین. لە هەموو قۆناغەکانی ئەم جینۆسایدە، شێوازێکی کوشتنی بەکۆمەڵ بەکارهێنرا، کە گۆڕ لەئارادا نەبوو، تەنیا بۆ ئەوەی خەڵک لە شۆک و دۆخێکی تۆقێنەردا دەستبەرداری بەرەنگاربوونەوە بن. لە کەمپەکانی کۆکردنەوەدا، ئەوانەی بە “خراپکار” ناودەبران و بە مەترسیدار دەبینران، بە هەزاران کەس بەبەرچاوی کەسوکاریانەوە بردران. بۆ ماوەیەکی درێژ هیچ هەواڵێک لە چارەنووسیان نەبوو، چونکە وەک شێوازێکی کۆکوژی، نەک لەسەر خاکەکەیان، بەڵکو لە بیابانەکانی خواروو و ناوەڕاستی عێراقدا لە گۆڕی بەکۆمەڵدا نێژران. یەکێک لە گرنگترین لایەنەکانی ئەم کۆکوژییە، وەک زۆربەی نموونە هاوشێوەکانیی لە مێژوودا، سیاسەتی بێ گۆڕکردن بوو، کە بە سیاسەتی بێ یادەوەریکردنی کۆمەڵگە ناسراوە.

بەپێی داتاکانی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان، لە شاڵاوەکانی ئەنفالدا لە کۆی ٢١٠ هەزار کەسی کوژراو، ١٨٢ هەزار کەسیان لە بیابانەکانی عێراق بە زیندوویی لەو چاڵانەی بە بولدۆزەر هەڵکەنران، زیندەبەچاڵکران. تاکو ئێستا تەنها پاشماوەی ئێسکی ٢٦٧٢ کەس دۆزراوەتەوە. واتە هێشتا ڕووفاتی ٩٨.٥٪‌ی ئەو کەسانەی کوژراون، لەژێر خاکدان و سیاسەتی بێ گۆڕکردن، یەکێکە لە کاریگەرییە بەردەوامەکانی ئەنفال. زۆربەی ئەو کەسانەی لە کۆکوژیی ئەنفالدا لە زێدی خۆیان دەرکران و لە بیابانەکانی عێراقدا کوژران و فڕێدرانە گۆڕە بەکۆمەڵەکانەوە، هێشتا لەژێر خاکدا بێ گۆڕن. نیکرۆپۆلەتیک (سیاسەتی مردن) کە لەلایەن دەوڵەتە داگیرکەرەکانەوە پەیڕەو دەکرێت، سیاسەتێکی بێ یادەوەریکردنە کە لە هەر چوار پارچەی کوردستان جێبەجێ دەکرێت. دەریا ئایدن، ئەنترۆپۆلۆجیست و هاوتەریب وتەبێژی دەستپێشخەری ڕێزگرتن لە مردووان و دادپەروەری، ئەم سیاسەتە بەم شێوەیە پێناسە دەکات: “یادەوەریی پەیوەندی بە مردن، مێژوو بە گۆڕەوە هەیە. گۆڕەکان کەرەستەی بەرجەستەی مێژوون. کردەوەکانی دەوڵەت بەرانبەر بە مردووەکان دەستێوەردانێکە لەو پرۆسەیەدا بە گشتی. باس لەوە دەکرێت، شوێنبزرکردنی قوربانییەکە و تاوانەکە، بۆ لەناوبردنی تاوان و شاردنەوەی تاوانبار ئەنجامدراوە، بەڵام مەسەلەیەکی لەوە واوەترە. شوێنبزرکردن، بڵاوکردنەوەی تۆقاندنە لە کۆمەڵگەدا. هەروەها پەلاماردانی ڕووفاتی ئەوانەی لە شەڕدا گیانیان لەدەستداوە، تەنیا سزادانی کەسوکاریان نییە، بەڵکو هەوڵێکە بۆ ڕێگریکردن لە درووستبوونی یادەوەریی بەرخودان.”[10]

حکومەتی هەرێمی کوردستان ١٤ی نیسانی وەک ڕۆژی ئەنفال ڕاگەیاند، کە لەو ڕۆژەدا زۆرترین کەس کوژران (لە ١٤ی نیسانی ١٩٨٨دا، ٢٠ هەزار کەس لە گوندەکانی ملەسوورە، کۆڵەجۆی گەرمیان بران و چیتر هیچ هەواڵێکیان لە بارەوە نەزانرا)، بەڵام وێرای ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر لە ٣٠ ساڵە لە دەسەڵاتدایە، جگە لە یادکردنەوەی ئەنفال وەک تەنها ڕۆژێک، کارێکی جددی نەکردووە بۆ بەدواداچوونی گۆڕە بەکۆمەڵەکان و دیاریکردنی چارەنووسی ونبووەکان. نموونەیەکی بەردەوامبوونی سیاسەتی بێ گۆڕکردن و بێ یادەوەرییکردنە. لە سیاسەتی نێوان دەوڵەتان، واتە سیاسەتی نێوان پیاوان، کە ڕاستییەکان هێندە کراوەن بۆ ئاوەژووکردنەوە، کۆکردنەوەی شایەتحاڵەکانی کۆکوژی و دانی مافی بەخاکسپاردن بە بێ گۆڕەکان، زیاتر لە یادەوەریمان نزیک دەکاتەوە. ئەمەش ئەرکێکە، کە دەبێت لەلایەن هەموو ئەو هێزانەی دەڵێن؛ “لە پێناوی گەلەکەیاندا خەبات دەکەن” جێبەجێ بکرێت.

کاتێک پرسیار دەکرێت کە ئایا کۆکوژی هەبووە یان نا؟ ڕوویداوە یان نا؟ بابەتەکە وەک مەسەلەیەکی زانستی سەیردەکرێت، کە مێژوونووسان دەتوانن بە لێکۆڵینەوە بیدۆزنەوە، بەڵام ئەگەر کۆکوژییەک لەلایەن دەوڵەتەوە ڕێکخرابێت، ئەوا بەڵگە نووسراوەکان لەناودەبرێن، شوێنەوارەکان دەسڕدرێنەوە و قسەکردن لەسەر بابەتەکە قەدەغە دەکرێت بۆ داپۆشینی ئەم ڕووداوانە. وا دیارە کاتێک گەواهیدەرەکان، یاداشتە ڕۆژانەییەکانیان کە ناتوانن ببنە جێگرەوەی بەڵگەی مێژوویی، توێژینەوەکانی مێژووی زارەکی و گێڕانەوەکان دەردەکەون، ئەو کاتە پێویستمان بە ئەدەب و فەلسەفە و شیکاری دەروونی هەیە نەک مێژوو، بۆ ئەوەی پەیوەندییان لەگەڵدا درووست بکەین و ئەو شتانە بناسێنین، کە لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر گواستراوەتەوە[11].

لە باشووری کوردستان، دوو ڕێباز لە توێژینەوە و بڵاوکراوەکانی تایبەت بە کۆکوژیی ئەنفال بەرچاو دەکەوێت: یەکەمیان؛ بە گێڕانەوەیەکی گشتگیر لایەنی سیاسی کۆکوژییەکە دەردەخات، بەڵام لایەنی کۆمەڵایەتی، دەروونی و مێژوویی کەم ڕەنگ دەکات.

دووەمیان، بە شێوازێکی زۆر کورتکراوە تەنها وەک ڕووداوێکی تاکەکەسی مامەڵەی لەگەڵدا دەکات و لە زەمینەی کۆمەڵایەتی و سیاسی دایدەبڕێت و دەیکات بە چیرۆک. ئەم دوو شێوازە لە نموونەکانی تری کۆکوژی لە جیهاندا دەبینرێن و شێوازێکی نائاسایی نین. بەڵام کاتێک باسی کۆکوژی دەکرێت، زیاتر پێویست بە هەڵسەنگاندنێکی کۆمەڵناسییانە هەیە. بۆ ئەوەش، پێویستە لە یادکردنەوەی سادە زیاتر، پرۆسەیەکی بیرهێنانەوەی شکۆدار بۆ قوربانیان و ڕزگاربووان بەڕێوەبچێت، کە لەگەڵ واتای یادەوەریی کۆمەڵایەتیدا بگونجێت. چاوەڕوانیکردن لە دەسەڵاتداران یان ئەوانەی بەشدارن لە کۆکوژییەکە کە واتا بە ئازار و ئەزموونەکانتان بدەن، وەک ئەوە وایە قوربانی چاوەڕێی بەزەیی لە بکوژەکەی بکات. بۆیە پێویستە بۆ قوربانیان یادکردنەوەیەکی شکۆدار، درووستکردنی گۆڕ و یادگاری وەک شوێنی یادەوەری هەبێت. لەلایەکی تر، هێشتا کات زۆری بەسەردا تێنەپەڕیوە، تەنها ٣٦ ساڵ بەسەر کۆکوژییەکەدا تێپەڕیوە، کە دەکرێت بۆ ڕزگاربووان هەموو باشووری کوردستان و تەنانەت هەموو کوردستان لەخۆبگرێت – پێویستە واتا بە بە ئەزموونەکانیان بدرێت و درووستکردنی گێڕانەوەیەکی مێژوویی پتەو هەبێت، تاکو کۆمەڵگە ڕێوشوێنی پێویست بگرنەبەر، بۆ ئەوەی دووبارە هەمان شت بەسەریاندا نەیەتەوە.

گۆڕانی جەستەی ژن بۆ گۆڕەپانی توندوتیژی لە کۆکوژیی ئەنفالدا

لە ئەنفالدا، زۆرترین چیرۆکسازی و ڕۆچوون بە وردەکاری ئەو ژنانەی باشوور دەگرێتەوە کە قوربانیی کۆکوژییەکە بوون. لە کاتێکدا دەیان هەزار کەس کۆمەڵکوژکران، هەزاران ژن دەستدرێژییان کرایەسەر و ژمارەیەکیان لە بازاڕەکاندا فرۆشران. ژنانی قوربانیی ئەنفال، بە چاوی خۆیان شایەتحاڵی مەرگی منداڵەکانیان و هاواری ئەو ژنانە بوون، کە دەستدرێژییان کرایەسەر. هەرچەندە لەسێدارەدانە بەکۆمەڵەکان زۆربەی کات بەرانبەر بە پیاوانی چەکدار ئەنجامدەدران، بەڵام لە هێرشە ئاسمانی و کیمیاییەکاندا زۆربەی قوربانیان ژنان و منداڵان بوون. بەپێی هەندێ سەرچاوە ژمارەی ئەو منداڵانەی لە کۆڕە بەکۆمەڵەکاندا دۆزراونەتەوە ١٠٢ منداڵن.

دەستدرێژیی بۆ سەر هەزاران ژن و فرۆشتنیان لە بازاڕەکاندا، تراژیدیایەکی باسنەکراوی ئەنفالە. زۆرێک لە ژنانی ئەنفالکراو تا ئێستاش بەرەنگاری ئەو کێشە دەروونییانە دەبنەوە، کە لەو ڕۆژانەوە بۆیان ماوەتەوە.

ڕزگاربووانی شاڵاوە کۆکوژییەکانی ئەنفال، هاوسەر، منداڵ و کەسوکاریان ڕووبەڕووی چەندین کێشەی دەروونی و کۆمەڵایەتی بوونەوە. سەرەڕای هەوڵەکانی حکومەتی هەرێم بۆ چارەسەرکردنی کێشە کۆمەڵایەتی و دەروونییەکانی ڕزگاربووانی ئەنفال، ڕزگاربووان ڕەخنە لە حکومەت دەگرن، کە یارمەتیی ماددی و مەعنەوی پێویستی پێشکەش بە خێزانە ئەنفالکراوەکان نەکردووە. زۆربەی قوربانییانی ئەنفال هێشتا لە گۆڕە بەکۆمەڵەکانی عێراقدان. خێزانەکان داوای هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان دەکەن. هەرچەندە هەندێک لەو گۆڕە بەکۆمەڵانە هەڵدراونەتەوە، بەڵام بەهۆی قەیرانی ئابووری و ئاسایشی ناوچەکەوە، سەدان گۆڕی بەکۆمەڵی تر چاوەڕێی کردنەوەن.

سەبریە ئەحمەد، یەکێک لە شایەتحاڵەکانی ئەنفال خەڵکی گوندی داویانی گەرمیانە، ژنێکە، کە ٢٢ کەس لە خێزانەکەی لە کەمپەکانی مەرگدا لەدەستداوە. سەبریە، کە ساڵانێکە ناتوانێت پرسەیان بۆ بگێڕێت، دەڵێت: “خۆزگە هەر گۆڕێکیان هەبوایە” و باوەڕی وایە ڕەنگە ئەوکات بتوانێت بە پرسە و ماتەمینی ماڵئاوایی لە خۆشەویستانی بکات.

عەتیە حوسێن مەحموود کە توانیبووی لەگەڵ منداڵەکانی پێش گەیشتن بە کەمپەکانی مەرگی ڕژێمی بەعس ڕابکات، دەڵێت: “دووگیان بووم و سێ منداڵی بچووکم هەبوو. هاوسەرەکەم ڕۆیشت تا شتێک بۆ منداڵەکان بهێنێت و چیتر نەگەڕایەوە” و هەوڵدەدات بە نیشاندانی چەند پارچە نینۆکێکی بەجێماو لە قوربانیەکەوە، ئازارەکەی کەم بکاتەوە. تابان گەرمیانی، ئەندامی یەکێتی نیشتمانی کوردستانە، دەڵێت: هەرگیز ئەو ئازارانە لەبیر ناکەن کە تووشیان بوون: “ژنانی ئەنفالکراو وەک کۆمەڵگەیەکی نەخۆش و بێچارەن، هەم لە ڕووی کۆمەڵایەتی و هەم لە ڕووی دەروونییەوە بوونە بەشێک لە مێژوو.”

تابان گەرمیانی، کە لە تەمەنی ١٧ ساڵیدا شایەتحاڵی کۆکوژیی ئەنفال بووە، حەوت برای لە ئەنفالدا لەدەستداوە. تابان دەڵێت: هێشتا ١٨٢ هەزار کەس بێ گۆڕن، جەخت لەوە دەکاتەوە، کە هەوڵدەدرێت کۆکوژییەک لە یادی گەلێک ببرێتەوە کە تا ئاستی خەمۆکیی کاریگەری کردووە:

“هیچ کام لە دی ئێن ئەی (DNA)ی ئێمە وەرنەگیرا، لێکۆڵینەوە لە ناسنامەی ئەوانە نەکرا، کە دۆزرانەوە، ئەرشیفی زانیارییەکان نەکرا. حوکوومەت تا ئێستا ژمارەی ڕزگاربووانی ئەنفالی ئاشکرا نەکردووە، کە زۆربەیان منداڵ، گەنج، ژن و بەتەمەن بوون. تەنها باسی کەرەستەکان کرا و هیچ شتێکی تر نەخرایەبەر لێپرسینەوە. حوکوومەت هیچ کات باسی ئەوەی نەکرد، کە چەند زیانی ئابووری و دەروونی ڕوویداوە. بەداخەوە لە چەند ساڵی ڕابردوودا، وەڵامی پرسیارەکانمان وەرنەگرتووەتەوە. ژنانی ئەنفال وەک کۆمەڵگەیەکی زۆر نەخۆش و بێ دەرەتان، چ لە ڕووی کۆمەڵایەتی و چ لە ڕووی دەروونییەوە، چوونە ناو مێژووەوە. نەخۆشن چونکە برینەکانیان هێشتاش ساڕێژ نەبوون. هیچ کامیان لەبیر ناکەم. کاتێک نەتەوە یەکگرتووەکان گەمارۆی خستەسەر عێراق، عێراقیش گەمارۆی خستەسەر ئێمە. وەک ژنانی ئەنفال ئەم دۆخە زۆر ناخۆش بوو بۆ ئێمە. ئەو شتانەی دوای ئەنفال ڕوویان دا هەرگیز لە یادەوەرییماندا ناسڕێنەوە”.

شایەتحاڵی ئەوانەی ماونەتەوە، وەک ئەوەی هەموویان کۆک بن، ئاماژە بەوە دەکەن؛ ئەنفال کۆمەڵکوژییەکە، کە کاریگەرییەکانی لەسەر باشووری کوردستان هێشتا بەردەوامە. چونکە ئامانجی بکەرانی کۆمەڵکوژییەکان، وەک نموونەکانی جیهان و بەشەکانی تری کوردستان، بێ خاک، بێ گۆڕ، بێ بەڵگە و بێ پرسە هێشتنەوەیانە، بە کاریگەرییە درێژخایەنەکانییەوە کۆمەڵگە دیلدەکەن. لە دیوەکەی تری مێداڵییەکەدا، کۆنترین “شەڕی غەنیمە -دەستکەوت” دێتەئاراوە و منداڵانی کچ لە ڕەگوڕیشەی خۆیان دادەبڕێندرێن و وەک ڕێبازێکی داگیرکاری و جینۆساید، وەک کۆیلە دەفرۆشرێن. ئەمە ڕێبازێکە کە ڕژێمە ئایینییەکانی سیستەمی دەوڵەتی پیاوسالار لە هەموو سەردەمێکی مێژوودا پەیڕەویان کردووە. جینۆسایدی ئەنفال تەنیا بە کوشتن سنووردار نەبوو. قوربانییەکان بە تایبەت ژنان، هەروەک ئەو مامەڵە نامرۆڤانەیەی داعش لەگەڵ ژنان و منداڵان کردی، دووچاری هەمان مامەڵە بوونەوە. کۆیلەکردن و فرۆشتنی ژنان، بەکارهێنانیان وەک کەنیزەک و دەستدرێژی کردنەسەریان، ئازارەکانی ژنانی ئەنفالی قووڵتر کردەوە. دەروونی زۆرێک لەو ژنانەی ئەنفالیان بەسەر هات تا ئێستاش چاک نەبووەتەوە. لە بەڵگەنامە فەرمییەکاندا هاتووە، کە لەو سەردەمەدا ١٨ ژنی گەنجی کورد بۆ کارکردن لە یانەکانی شەوانەدا بە میسر. دیارە ئەمە تەنیا ئەو ژمارەیەیە، کە لە هەندێ بەڵگەنامەدا ڕەنگی داوەتەوە، بەڵام لە ڕاستیدا ئەو ژن و کچە گەنجانەی لە ماڵەکانیان دەرهێنران و سواری ئۆتۆمبێل کران بۆ کوشتن، فرۆشران بە قەتەر، کوێت، ئیمارات و شێخەکانی عەرەبستانی سعودی، یان وەک دیاری پێشکەشکران، لێکۆڵینەوەی لێ ناکرێت و ئاشکرا ناکرێت.

چیرۆکی کچە ڕفێندراوەکانی ئەنفال لە ساڵی ٢٠١٣ لە ڕێگەی زنجیرە درامایەک بەناوی (نیران صدیقە) کە لە کەناڵی ئێم بی سی (MBC)ی سعودی پەخشکرا، دووبارە کرایەوە ڕۆژەڤ. لە زنجیرە درامای “نیران الصدیقة” یان ئاگری دۆستانەدا، بە شێوازێکی ناڕاستەوخۆ باس لە فرۆشتنی ١٨ کچی کورد بە میسر و بەزۆر کارپێکردنیان لە یانەکانی شەوانەدا دەکرێت و وەک پەشیماننامەی میسر دەردەکەوێت، کە بەشداربوون لەو جینۆسایدانەدا. لە ساڵی ٢٠١٠دا، بەڵگەنامەکانی سەر بە دەزگای هەواڵگریی عێراق بڵاوکرایەوە. لە بەڵگەنامەکاندا، نووسینگەی پارێزگاری کەرکووک، ناوی ئەو کچ و ژنە گەنجانەی بڵاوکردەوە، کە تەمەنیان لە نێوان ١٤ تا ٢٦ ساڵ بوو و لەلایەن بەغداوە فرۆشرابوون. لە نامەیەکی نووسینگەی کەرکووک بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتیی هەواڵگری، کە لە ٢٠ی کانوونی یەکەمی ١٩٨٩ نێردراوە، هاتووە: “کچە کوردەکانی گیراو لە ئەنفالی یەکەم (گرووپی تەمەن ١٩ – ٢٤)، بە فەرمانی ئێوە نێردران بۆ یانەکانی شەوانە لە کۆماری میسر: ناو و تەمەنەکانیان بە ئاماژەی ئێوە هاوپێچکراوە.”

سەرەڕای بەڵگەنامەی ئاشکرا، سەرنجڕاکێشە حکوومەتی باشووری کوردستان لەجیاتی هەنگاونان، ماوەیەکی درێژ هەوڵی دا ئەم بەڵگانە بەدرۆ بخاتەوە. حکوومەت لەو سەردەمەدا بۆ وەڵامی پرسیارەکان، هەڵبژاردنی نکۆڵیکردنی بە گوتنی؛ “هیچ تۆمارێکی وەهامان لەبەردەستدا نییە”. دایەوە. ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و پارێزەرانی داکۆکیکاری قوربانییەکانی ئەنفال، داوایان کرد بەپەلە هەنگاو بنرێت بۆ گەڕاندنەوەی ئەو ١٨ کچ و ژنە گەنجە بۆ کوردستان، ئەگەرنا ناچاردەبن پەنا بۆ ڕێکاری یاسایی ببەن.

هیچ زانیارییەک دەربارەی چارەنووسی ئەم ژنانە لە ساڵانی دواتردا بەدەست نەهێنرا، بەڵام نموونەیەکی سەرنجڕاکێش، کە گوڵاڵە گەرمیانی، ئەندام پەرلەمانی پێشووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی ژنان (JINHA) لە ساڵی ٢٠١٥ باسی کرد، دەربارەی چۆنیەتی سەیرکردنەوەی جینۆسایدی ئەنفال لە ڕوانگەی ژنانەوە شتی زۆرمان پێ دەڵێت.

“تا ئێستا ژمارەیەکی دیاریکراومان لەسەر ئەو ژنانە نییە، کە لە ئەنفالدا فرۆشراون و دەستدرێژییان کراوەتەسەر. ژنان بە تایبەتی خۆیان دەبوێرن لە باسکردنی ئەم بابەتە. ژنان باسی ئەوە دەکەن، کە چەند کەس لەبەر چاویان بە برسێتی و تینوێتی مردوون، بەڵام باسی ئەوە ناکەن کە چەند ژن دەستدرێژییان کراوەتەسەر. یەکێک لەو ژنانەی قسەم لەگەڵ کرد، لەو ساڵانەدا تەمەنی بیست ساڵ بووە. داوام لێکرد ئەوەم بۆ باس بکات، کە بەسەری هاتووە. گوتی: ‘هەر شتێک تۆ مەزەندەی بکەیت، بەسەرم هاتووە’. دایکی پێی دەڵێت: ‘هەرچیت بەسەر هاتووە، بۆ کەسی باس مەکە’. ئەم ژنە زیاتر لە بیست ساڵە لەگەڵ ئازارەکانیدا دەژی. لە دادگاییکردنی سەدام، زۆر ژن، زۆر ژنی قوربانیی ئەنفال شایەتییان دا، کە لە بازاڕەکاندا فرۆشراون. هیچ کام لەمانە نەبوونە بابەتی دادگا. سەدام لەسەر ئەوەی بەرانبەر بە ژنانی کورد کردی، سزا نەدرا. بە جۆرێک بێسزایی ڕووی دا. سەرەڕای تێپەڕبوونی ئەو هەموو ساڵە، هیچ داتایەکی دروست دەربارەی ئەو ژنانە پێک نەهێنرا، کە فرۆشرابوون بە وڵاتانی تری عەرەبی. ژنان نابێت شەرم بکەن یان خۆیان تاوانبار بکەن لەسەر ئەوەی دەستدرێژییان کراوەتەسەر. دەبێت خەبات بکەن. دەبێت ئەم چیرۆکانە ببیسترێن. هەموو کەس دەبێت ئەوەی بەسەری هاتووە باسی بکات، تاوەکو چیتر ئازاری وەها ڕوو نەداتەوە. با ئەو ژنانەی فرۆشراون بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان. هەموو کەس پشتگیرییان دەکات. ئەوان مێژووی خۆڕاگریی ئێمەن.”

دەوڵەتەکان لە پلانی جینۆسایددا، زیندووهێشتنەوەی هەندێک کەس وەک ڕێبازێک بەکاردەهێنن. لە ئەنفالدا دەبینین، کە ئەم ڕێبازە زۆر بەکارهێنرا. بە تایبەتی ئەوانەی کەسوکاریان لە تێکۆشاندا بەشداربوون، دەستگیرکران و لە کەمپەکانی کۆکردنەوە و زیندانەکاندا ناچارکران تەماشای ئەشکەنجەدانی کەسوکاریان بکەن. لە قەڵای نزارکێی دهۆک، زیندانی سەلامیەی موسڵ و زیندانی ئەمنەسوورەکەی سلێمانی، هەزاران ژن هەم خۆیان ڕاستەوخۆ قوربانیی ئەشکەنجە بوون و هەم ناچارکران تەماشای ئەشکەنجەدانی کەسوکاریان بکەن. ڕژێمی بەعس بەم جۆرە بەرەوڕووی ژنانی باشوور بوویەوە، کە پایەیەکی بەرەنگاریی کۆمەڵایەتی و کولتووری بوون، لە زیندان و کەمپەکاندا، کە تاقیگەی جینۆساید بوون، بەو ئامانجەی کە بیانترسێنن و دەستبەرداری بەرەنگاری بن، ناچارکران تەماشای ئەشکەنجەدانی باوک، هاوسەر، برا و منداڵەکانیان بکەن،

ئایا ڕۆحی بەرەنگاریی ژنان تێکشکا و ڕێبازەکانی قڕکەران سەرکەوتوو بوون؟ یان دەتوانین پرسیارەکە بەم شێوەیە بکەین: ئەوانەی مانەوە، بە تایبەتی ژنان، چییان بەسەر هات؟ ئەم دوو پرسیارە پەیوەندییەکی توندوتۆڵیان بە یەکترەوە هەیە. وەڵامی پرسیاری یەکەم بێگومان نەخێرە. سەرەڕای هەموو ئەو ئازارانەی چەشتیان، ژنانی باشوور هەرگیز وازیان لە هیوای ئازادی و ژیان نەهێنا، بەڵام ئەوانەی ڕزگاربوون، پرۆسەیەکی دژواریان تێپەڕاندووە. لە ساڵەکانی دواتردا ژنان لە لایەکەوە هەوڵیان دەدا بێ هیچ پشتگیرییەک لە حوکوومەتی نوێی دامەزراوی باشووری کوردستان لەسەر پێی خۆیان بوەستن، لە لایەکی ترەوە هەوڵی تێپەڕاندنی ئەو خەمۆکییەیان دەدا، کە تووشی ببوون. ئەو ژنانەی گەڕانەوە بۆ ماڵ و گوندەکانیان، لەو ژیانەی هەوڵی درووستکردنیان دەدا، ڕووبەڕووی دەسەڵاتێک بوونەوە، کە مەیلی بەلای لەیادکردنی هەموو شتەکان هەبوو، وەک ئەوەی هیچ شتێک ڕووی نەدابێت. ژنان بەهۆی ئەو گەمارۆیەی، کە هەموو جیهان لەسەر عێراق و عێراقیش لەسەر باشووری کوردستانی دانابوو، برسی کران. کاتێک دوای چەندین مانگ گەڕانەوە بۆسەر خاکەکانیان، هیچ شتێک وەک جاران نەمابوو. نە ماڵ و نە زەوی و نە باخ و بێستانیان مابوو. بە هاوپشتی، یەکتریان لەسەر پێ ڕاگرت.

ساڵەکانی سەرەتا، ساڵەکانی دەربەدەری بوون و بۆ ئەم ژنانە زۆر سەخت بوون. لە هەندێک ناوچە ژنان کۆدەبوونەوە و بە گوتنی؛ ‘لەبەرئەوەی کوردین ستەممان لێ دەکرێت’ پشتگیری یەکتریان دەکرد. چیرۆکی هەندێک ژنیش هەیە کە لە دەوروبەری کێڵگە کشتوکاڵییەکان لە بەرەبەیانیدا کۆدەبوونەوە و هەوڵی وەرگرتنی کاریان دەدا. لەم سەردەمەدا ئەو ژنانەی خاوەن زەوییەکان هەڵیان دەبژارد، ژنی گەنج و جوان بوون. ژنان لە ڕووی زایەندییەوە لەژێر گوشاردا بوون. ساڵانێکی سەخت بوون. دوای ساڵی ١٩٩٢ چەندین ڕێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی هاتن. یارمەتییان دان بۆ بنیاتنانەوەی گوندەکان. بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی گوندەکان، کەرەستەیان پێدەدان و هەوڵیان دەدا خەڵکەکە خۆیان کارەکە بکەن. ژنان هەوڵیان دا خۆیان گوندەکانیان بنیات بنێنەوە. پیاوەکان خەریکی کشتوکاڵ بوون، ژنان و منداڵەکان مابوونەوە. لەبەر ئەوەی ئیتر پیاوەکانیش نەمابوون، ژنان و منداڵەکان بە تەنیا دەستیان بە چاندن و دروێنە دەکرد. لە چەمچەماڵ گوندێکی نوێ درووست کرابوو و ناوی گوندەکە ‘مێینە’ بوو (واتە ژنانە). ژنان خەباتێکی زۆریان کرد، بەڵام نەتەوە یەکگرتووەکان لە ١٩٩٨ بەرنامەی نەوت بەرامبەر خۆراکی هەبوو. لەجیاتی کڕینی بەرهەمەکانی گوندنشینان، نەوتی ناوچەکەیان دەبرد و لە بەرامبەردا خۆراکیان لەو شوێنانە دەهێنا، کە بە هەرزانتر دەفرۆشران و بە خۆڕایی بەسەر خەڵکدا دابەشیان دەکرد. لەبەر ئەوە کاتێک بازاڕ بۆ بەرهەمەکانی خەڵک نەما، بەرهەمهێنانیش واتای نەما. کاتێک وشکەساڵی ساڵی ١٩٩٩یش هات، زەبرێکی گەورەتر لە کشتوکاڵ درا. ئیتر گوندەکان لەبەرەوە چۆڵبوون[12].

تاوانی جینۆساید تا ئەوکاتەی لە چوارچێوەی کۆمەڵناسی مێژووییدا بە وردی لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت، دەکرێت ڕێگری لێ بکرێت و کاریگەرییە خەمۆکییەکانی جینۆساید لەسەر نەوەکانی داهاتوو وەلاوە بنرێت. دەبێت ئەوە وەک دیاردەیەک لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت، کە تا ئێستا گێڕانەوەیەکی تەواو سەبارەت بە ئەنفال درووست نەبووە و هێشتا بەبێ درووستکردنی ناوەندێکی یادەوەریی هاوبەش و بەبێ کارکردن بۆ قوربانییەکان و ئەوانەی ماونەتەوە، بە فەرامۆشکراوی ماوەتەوە. پێویستە بە وردی و بە جدی بیر لە هەنگاوی پێشینە بکەینەوە، کە چی پێویستە بکرێت بۆ ئەوەی ئەنفال، کە هێشتا برینێکی کراوەیە، ڕووداوەکانی بخرێنەژێر تیشکی هۆشیاریی، تێگەیشتن و چارەسەرکردنی ئەو خەمۆکییانەی دەرووستی کردوون. چۆن لە ڕووداوەکان تێبگەین؟ چۆن یادیان بکەینەوە و چۆن وەڵامێکی بدەینەوە؟ ئەنفال تەنها بەشێکە لەو ڕووداوانەی، کە لە باشووری کوردستان لە سێ سەدەی ڕابردوودا کەوتووەتەبەر شاڵاوەکانی کۆکوژییەوە بەڵام قووڵترین و گەورەترینیانە.

هەروەک چۆن هەمەگیریی جەستەی مرۆڤ تەندروستی دەکات، کاتێکیش مامەڵە لەگەڵ جوگرافیایەک دەکەین دەبێ لە نێو هەمەگیرییەکدا وەری بگرین، ئەمە ئاماژە بەو ڕاستییە دەکات، کە پێویستە بۆ تێگەیشتن لەوەی لە هەر پارچەیەکدا ئەو ڕووداوانەی ڕوویانداوە، ناچاریین لە گۆشەی کۆمەڵناسی و مێژووییەوە سەیری کوردستان بکەین وەک جەستەیەکی هەمەگیر. ئەلێیدا ئاسمان- Aleida Assmann، یادەوەری وەک مەیدانێکی “تێکۆشان” پۆلێن دەکات. لەبەرئەوەی “یادەوەری، مەیدانی بەرخودانە دژی لەبیرکردن.” و ئەم بەرخودانە پێداویستی خۆی هەیە. پێویستی بە ڕێباز هەیە. ئەو شوێنەی ئەم مەیدانی بەرخودانە خۆی تێدا زەق دەکاتەوە، ئەو مەیدانەیە، کە پێی دەڵێین بیرەوەری / یادەوەری “بەکۆمەڵ”. چونکە مرۆڤ بوونەوەرێکی لەبیرکەر و هەڵەکارە، یادەوەریی مرۆڤ تووشی لەبیرچوونەوە دەبێت، بەڵام کۆمەڵگە وەک ‘تاک’ نییە. دوژمنایەتی دەسەڵاتەکان بۆ کۆمەڵگە یان هەوڵی داگیرکردنی کۆمەڵایەتیبوونەکەی لە ڕێگەی تاکەوە، تەواو پەیوەندی بە سنوورەکانی ئەم یادەوەرییەوە هەیە. بەردەوام هێرش دەکات، تا لەناوی نەبات ئارام ناگرێت. کاتێک لەناوی دەبات، ئیتر لێرەدا، بە تایبەت دەسەڵاتی خۆی بەسەر یادەوەریدا دادەمەزرێنێت[13]. کچە ونبووەکانی دێرسیم و کچە ونبووەکانی ئەنفال هەمان ڕووی شەڕی ‘غەنیمە – دەستکەوت’ی هەمان عەقڵیەتی جینۆسایدن، کە لەسەر جەستەی ژن بۆ داگیرکردنی کۆمەڵگەیەک، ئەنجامی داوە. ئەو ژنە دووگیانانەی لە چەمچەماڵ بە سەرنێزە سکیان دەدڕا و کوژران، لەگەڵ ئەو ژنانەی لە زیلان بە هەڵدڕینی سکیان قەتڵوعام کران، شێوازی جێبەجێکردنی هەمان عەقڵیەتی داگیرکارین. ساکینە جانسز، کە بەرانبەر بە شێوازەکانی ئەشکەنجە لە زیندانی ئامەد بۆ شکاندنی ئیرادە و ئابڕومەندیی گەلێک دەڵێت؛ ‘شەرمم کرد تەنانەت ئاخێکیش هەڵبکێشم’ لەگەڵ نەسرین عومەر ڕەشید؛ کە لە ئەشکەنجەکانی ئەمنەسوورەکە چاوەکانی لەدەست دا و سەرەڕای سیاسەتە دژە – ژنەکانی حکومەتی باشووری کوردستان دەڵێت؛ ‘خەبات ئەمڕۆش بەردەوامە’، تازەیی هیوای ئازادیی لە وتەکانیاندا ڕەنگدانەوەی هەمان ڕیشەی بەرخودانە. تێگەیشتن لە ڕابردوو، تێگەیشتنە لە ئێستا و وەڵامدانەوەیەتی. تێگەیشتن لە یەکێکیان تێگەیشتنە لە ئەوی تر، بیرهێنانەوەی یەکێکیان بیرهێنانەوەی هەموویانە، ئەوەی لە یەکێکیانەوە فێری دەبین سەرەداوی ئەو شتانەمان پێدەدات، کە دەبێت لە هەموویانەوە فێری بین. هەڵسەنگاندنەکەی ئۆجەلان لەم ڕووەوە زۆر سەرنجڕاکێشە:

” ئەو جوگرافیایەی لانکەی سەردەمی بەرەبەیانی شارستانییەت بوو، ئەم جارە دەبێتە لانکەی بەرەبەیانی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتی و دیموکراسیی ڕادیکاڵ و ڕاستەقینە. ڕێسایەک لە سرووشتدا هه‌یه و دەڵێت‌: هەموو شتێک سەرلەنوێ لەسەر بنجی خۆی دەڕوێتەوە. وەک دیارە، دیموکراسیش لەسەر ڕەگە شاراوەکانی نیۆلیتیکەوە بە شێوەیەکی تەواو سەرکەوتوو لەدایک دەبێتەوە. ئەو لانکەیەی تا ئێستاش گورزەکانی تەواوی شارستانییەتە ناوەندییە هەژموونگەراکانی بەردەکەوێت، دەرفەتی گەورەکردنی کۆرپەلە لەدایکبووەکەی (دیموکراسیی) هەیە. ئەو خاک و شاخانەی لەمێژە هێزی خۆبەڕێوەبردن و توانای کۆمەڵگەی سیاسی و ئەخلاقییان لەدەستداوە، لەوانەیە جارێکی دیکە شاهێدی ڕابوونی “کورد”ـەکان لە بێشکە و دەستپێکردنی کاروانەکەی بێت”[14].

کاتێ لەبیرنەکردن لەلایەک چوارچێوەی تێڕوانینی داهاتووی کات – شوێن و مرۆڤ دیاری دەکات، لە هەمانکاتدا ڕۆڵی ڕێنیشاندەرێکیش دەبینێت بۆ کۆمەڵگەکان بۆ ئەوەی ئەو شتانەی ڕوویان داوە دووبارە نەبنەوە. ئەم خاکەی لە کەوانی زاگرۆسدا یەکەم کۆمەڵگەبوون و کولتووری ژن – تەوەری تێدا درووست بووە، هاوکات وەک خاڵی یەکتربڕینی کولتووری پیاوسالاریی و شوێنی یەکەم جینۆسایدەکانیش ناسراوە. کولتووری بەرخودان، کە لە باشووری کوردستان بە شێوازی جیاواز و بەردەوام درێژەی هەیە، سەرەڕای هەموو هەوڵەکانی سەرکوتکردن و کۆکوژیی، زیندوویی خۆی لەدەست نەداوە. لەوانەیە نهێنی چوارچێوەی لەیادنەکردن – بەرخودان و مانەوە، لە خودی شوێنەکەدا، لە یادەوەری زیندوویی جوگرافیاکەدا، لە شکۆی پشتبەستن بە چیاکانییەوە شاراوە بێت، کە تا ئەمڕۆ هاتووە.

[1]  شێرکۆ بێکەس، شانزەی ئادار لە هەڵەبجە، بڵاوکراوەکانی شیعریستان، ئەستەنبوڵ: ٢٠١٨.

[2]  ع.ئۆجالان – مانیفستۆی شارستانی دیموکراتی- بەرگی پێنجەم

[3]  https://inhak.adalet.gov.tr/Resimler/Dokuman/2312020093827bm_11.pdf

[4] ڕێکخراوی چاودێریی مافی مرۆڤ – چاودێری ڕۆژهەڵاتی ناوین، جینۆساید لە عێراق، ئۆپەراسیۆنی ئەنفال دژی کورد. ئەستەنبوڵ: بڵاوکراوەکانی ئارام، ٢٠٠٤.

[5] ئارونداتی ڕۆی: لەو وتارەی کە لە ١٨ی کانوونی دووەم ٢٠٠٨ لە ئەستەنبوڵ پێشکەشی کرد، بە یادی یەکەم ساڵیادی کوشتنی سەرنووسەری ڕۆژنامەی ئاگۆس، حەرانت دینک.

[6] ڕاول هیلبێرگ-هۆلۆکۆست: Les Sources d’une histoire

[7]  ڕێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤ- چاودێری ڕۆژهەڵاتی ناوین، جینۆساید لە عێراق، ئۆپەراسیۆنی ئەنفال دژی کورد. ئەستەنبوڵ: بڵاوکراوەکانی ئارام، ٢٠٠٤.

[8] https://military-history.fandom.com/wiki/Kaveh_Golestan

[9] باشووری کوردستان لەژێر هەڕەشەی چەکی کیمیاییدایە”، ڕۆژنیوز، ٧ی تەمموزی ٢٠٢٢

https://rojnews.news/tr/guney-kurdistan-kimyasal-silahlarin-tehdidi-altinda/

[10] ” هێزی مردووەکان، لەناوبردنی یادەوەری لە لایەن دەوڵەتەوە”، 1+1 ئێکسپرێس، 4ی ئایاری 2020

, https://birartibir.org/olulerin-gucu-devletin-hafiza-kirimi/

[11] “گێڕانەوەی کارەسات”، وردپرێس، ١٦ی ئابی ٢٠١٥ ، https://zeynepdirek.wordpress.com/2015/08/16/felaket-anlatisi/

[12] چۆمان هەردی، ئەزموونەکانی هەڵاواردنی ڕەگەزی لە جینۆسایدی/ ژنانی ڕزگاربووی ئەنفال، ئیستەنبوڵ، بڵاوکراوەکانی ئێڤەرێست:٢٠١٣

[13] “حەسەنکێف: لە نێوان یادەوەری و کارەسات”، یەنی ئۆزگورپۆلیتیکا، ٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٨ https://www.ozgurpolitika.com/haberi-hasankeyf-hafiza-ile-felaket-arasinda-115483

[14]  ع.ئۆجالان: مانیفستۆی شارستانی دیموکراتیک، بەرگی پێنجەم ٢٠١٢

بابەتی پەیوەندیدار