زەینەب تورگوت
لە کاتێکدا چیرۆکەکان کە یەکێک لە بەردەکانی بناغەی ئەدەبیاتی زارەکیی کوردین، بەهۆی توانەوە و وەرگێڕانی هەڵەوە لە ناوەڕۆکی خۆیان دادەبڕێندرێن؛ هەردوو چیرۆکبێژ “نەسلیهان ئەسلان” و “ئامینە ستی ئاکتاش” بە ناو شارەکانی کوردستاندا دەگەڕێن و ئەو ئەفسانە و چیرۆکانەی کۆیان کردوونەتەوە، هەم دەیانگێڕنەوە و هەم بە نووسین تۆماریان دەکەن تا یادەوەری کولتووری بپارێزن.
چیرۆکەکان کە یەکێک لە دەمارە سەرەکییەکانی ئەدەبیاتی زارەکیی کوردین، بۆ ماوەی سەدەها ساڵ لەگەڵ نەریتی دەنگبێژیدا لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر گواستراونەتەوە. بەڵام بەهۆی مۆدێرنە، کۆچبەری و سیاستەکانی توانەوە (تواندنەوەی کولتووری)، بەشێکی زۆری ئەم میراتە زارەکییە یان لەبیر کراون، یان لە کاتی وەرگێڕانیان بۆ زمانەکانی تر لە چوارچێوە و ڕەسەنایەتی خۆیان دابڕاون. تا ئێستا دەیان چیرۆکی کوردی وەرگێڕدراونەتە سەر زمانی تورکی، بەڵام زۆربەیان بێ ئەوەی ئاماژە بە سەرچاوە و ڕیشەکەیان بکرێت، بە گۆڕینی ناو و ڕەگەزە کولتوورییەکانیان بڵاوکراونەتەوە. ئەم دۆخە بووەتە هۆی ونبوونی کەلەپووری زارەکیی ئەدەبیاتی کوردی و لاوازکردنی ناسنامە کولتوورییەکەی.
لە کاتێکدا چیرۆکە کوردییەکان تەنها ژانرێکی ئەدەبی نین، بەڵکو یەکێکن لە بناغە سەرەکییەکان. نەریتی چیرۆک و ئەفسانە کە لەگەڵ داستان، ستران و گێڕانەوەکانی دەنگبێژیدا پێکەوە گەشەیان کردووە، هەڵگری یادگەی مێژوویی، بەها کۆمەڵایەتییەکان، پەیوەندی مرۆڤ لەگەڵ سروشت و جیهانی خەیاڵدانی بەکۆمەڵی کوردانن. بەهۆی ئەوەی زۆرێک لە نووسەرانی هاوچەرخی کورد زمانی گێڕانەوەی خۆیان لەسەر بنەمای ئەم نەریتە داڕشتووە، چیرۆکەکان لە گەشەکردنی ئەدەبیاتی نووسراویشدا ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوە دەگێڕن.

نەسلیهان ئەسلان و ئامینە ستی ئاکتاش کە شار بە شاری کوردستان دەگەڕێن و چیرۆکەکان لە دەمی ژنان و بەساڵاچووان کۆدەکەنەوە، ئەم نەریتە هەم تۆمار دەکەن و هەم لەسەر سەکۆی شانۆکاندا دەیگێڕنەوە و بۆ ئایندەی دەگوازنەوە. کار و چالاکیی ئەم چیرۆکبێژانە تەنها کۆکردنەوەیەکی فۆلکلۆری نییە، بەڵکو وەک هەوڵێک بۆ پاراستنی یادەوەری کولتووری و زیندووکردنەوەی ڕیشەی ئەدەبیاتی کوردییە.
‘چیرۆکخوانی بنەمای ژیانە’
چیرۆکبێژ نەسلیهان ئەسلان ئاماژەی بەوە کرد کە چیرۆکخوانی لە دایکیەوە فێربووە و بەردەوامیدان بەم نەریتە بە بەرپرسیارێتییەکی سەرشانی خۆی دەبینێت. نەسلیهان وتی: ” کاتێک منداڵ بووم لە گوندەکەماندا، دایکم و مامم چیرۆکخوانێکی زۆر باش بوون. من بەو چیرۆکانە گەورە بووم؛ دایکم دەیگێڕایەوە و باوکم دەنگبێژیی دەکرد. سەرەتا تەنها دەنگبێژیم دەکرد، بەڵام بە پێشنیاری هاوڕێیەکم دەستم بە چیرۆکخوانی کرد و چێژێکی زۆرم لێ بینی. بۆ من چیرۆکخوانی بنەمای ژیانمانە. دەبێت ئەم بنەمایە بناسین کە لە مێژوودا پێگەیەکی زۆر دێرینی هەیە، تا بتوانین داهاتوومان ببینین. چیرۆکخوانی بەهایەکی ئەدەبییە، من چیرۆکەکان بە شێوازێکی شانۆیی و مۆسیقایی دەگێڕمەوە. لە ناو چیرۆکەکاندا بۆنی دایک و تامی ڕابردوو هەیە.”
ڕیشەی ئەو چیرۆکانەی کۆکراونەتەوە
نەسلیهان ئەسلان کە لێکۆڵینەوە لە سەر ڕیشەی هەر چیرۆکێک دەکات کە کۆی دەکاتەوە، باسی لەوە کرد کە زۆرێک لە چیرۆکەکان لە کاتی وەرگێڕانیان بۆ تورکی لە ناوەڕۆکیان دابڕاون. نەسلیهان کە تا ئێستا سەردانی شارەکانی مێردین، ئێلیح (باتمان)، ئەزمیر، ئامەد و چاناکالێی کردووە، دەربارەی کارەکانی وتی:
” نازانم چەند چیرۆکم کۆکردووەتەوە، بەڵام تا ئێستا ٦-٧ چیرۆکم نووسیوە. چیرۆک لەسەر زیندەوەران، ئەشق، مێژوو و ژیانی ڕۆژانە کۆدەکەمەوە. کاتێک چیرۆکێک دەگێڕمەوە یان دەینووسم، بە دڵنیاییەوە لێکۆڵینەوە لە ڕیشەکەی دەکەم کە سەر بە کام گەل و کام ناوچەیە. بۆ نموونە، چیرۆکی ‘بالانازەر’ لە بنەڕەتدا چیرۆکێکی ئەرمەنی بوو، دواتر کورد گێڕاویانەتەوە، بەڵام لە تورکیدا ناوەکەی بۆ “خەیاتی ڕیش” گۆڕدراوە. کاتێک بینیم ناوەکەی گۆڕدراوە دڵگران بووم. هەروەها کاتێک لێکۆڵینەوەم لە چیرۆکی ‘قەمەر’ دەکرد، گەیشتمە کێلەکەی و گۆرانییەکەی. لای کورد چیرۆک و دەنگبێژی ئاوێتەی یەکترن. خەونم ئەوەیە لە داهاتوودا هەموو چیرۆکبێژانی کورد کۆببنەوە و پێشانگایەک بکرێتەوە کە شێوەکاران وێنەی ئەم چیرۆکانە بکێشن.”
‘یەکەم چیرۆکی کوردیم لە تەمەنی ٢٥ ساڵیدا بیست’
ئامینە ستی ئاکتاش کە دەڵێت یەکەم چیرۆکی کوردی لە تەمەنی ٢٥ ساڵیدا لە دایکی بیستووە، ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم قۆناغە وەرچەرخانێک بووە بۆ ئەو. ئامینە وتی: ” دوای زانکۆ لە ئامەد بەشداری وۆرک شۆپێکم کرد و چیرۆک سەرنجی ڕاکێشام. ئەو کاتە هەستم کرد کە هیچ چیرۆکێک دەربارەی کولتووری خۆم نازانم. کاتێک ڕاهێنەرەکان وتیان ‘یەکەم چیرۆکخوانەکان دایکان و باوکانن’، چوومە لای دایکم. دایکم سەرەتا وتی ‘نازانم’، بەڵام کە زۆرم بۆ هێنا، بۆی گێڕامەوە. ئەو کاتە بوو کە هەستم بە کەلێنی کولتوور، زمان و چیرۆک کرد لە ژیانمدا. لەو ڕۆژەوە لە هەر شوێنێک بچم، چیرۆک دەبیستم و تۆماری دەکەم.”
خەونی گێڕانەوەی چیرۆک
ئامینە ستی ئاکتاش کە دەڵێت تەنها خەونی کۆکردنەوەی چیرۆکەکانی هەر چوار پارچەی کوردستانە، جەختی لەسەر پێویستی ڕاوەستانەوە دژی توانەوە کردەوە و وتی: ” سەردانی شارەکانی جۆلەمێرگ، وان، ئامەد، مووش، ئێلیح و بەدلیسم کردووە. ناوچەی سەرحەد لە ڕووی چیرۆکەوە زۆر دەوڵەمەندە. زۆربەی ئەوانەی چیرۆک دەگێڕنەوە ژنن، بیستنی چیرۆک لە زمانی ژنێکەوە زۆر جوانترە، چونکە ژن زمانی دایکی باشتر دەپارێزێت. من چیرۆکەکان زیاتر لە گەورەساڵان کۆدەکەمەوە. کاتێک گەورە دەبین لە خەیاڵدانمان دوور دەکەوینەوە، بەڵام چیرۆکەکان ئەو خەیاڵانە لە مێشکماندا سەرلەنوێ زیندوو و بنیاد دەنێنەوە. چیرۆکێکی کوردی ئەگەر وەربگێڕدرێتە سەر تورکیش، هەر بۆنی کوردی لێ دێت. گەورەترین خەونم ئەوەیە لە هەموو شارەکانی وڵاتەکەم چیرۆک کۆبکەمەوە و بیاننووسمەوە و بیانگێڕمەوە. تا هێزم هەبێت ئەم کولتوورە دێرینە زیندوو ڕادەگرم.”
سەرچاوە: ڕۆژنامەی یەنی یەشام
بەرێوەبەریی ماڵپەری ژنۆلۆژی

