ئەکادیمیای ژنۆلۆژی
توندوتیژی چییە؟
توندوتیژی، هەڵسوکەوت و کردەوەیەکە بەبەکارهێنانی هێزی جەستەیی یان دەروونی یان بەڕێی ئابووری یان ڕاگەیاندن، بە جۆرێک کە بریندارکردن، سووکایەتیکردن، زیانگەیاندن، یان لەناوبردن یان زیانی دەروونی درێژخایەن دەگەیەنێت و دەرهاویشتەی بینراو و نەبینراوی لەسەر مرۆڤ و کۆمەڵگە دەبێ. توندوتیژی یەکێکە لە دیارترین ئەو کێشانەی کە کۆمەڵگە بەدەستیەوە دەناڵێنێت، توندوتیژییش چەند جۆر و پێناسەی هەیە.
لە ڕوانگەی ژنۆلۆژییەوە، پەیوەندی کۆمەڵایەتی لەسەر بنەمای هاوئاهەنگی، ڕێککەوتن، هاوپشتی و دیالۆگ گەشە دەکات، ڕێگای چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان مرۆڤەکان بە شێوەیەکی سەرەکی لە ڕێگەی گفتوگۆ و گوێگرتنە لە یەکتر. کاتێک مرۆڤ لەبری دانوستان بۆ چارەسەرکردنی کێشەیەک یان بەدیهێنانی ویست و داواکارییەک فشار و هێز بەکاردەهێنێت؛ بەکارهێنانی هێزی جەستەیی، سەربازی، ئابووری و تەنانەت هێزی زانست و تەکنەلۆژیا لە دژی ئەوانی دیکە بە توندوتیژی دادەنرێت و بەم شێوەیە ئیرادە، ویست و مافەکان پێشێل دەکرێن.
پرسیار: کێشەیەک هەیە خۆت بەسەرت هاتووە و لە ڕێگەی دیالۆگەوە چارەسەرت کردووە؟
نموونە: توندوتیژی زیاتر لەلایەن پیاوانەوە ئەنجام دەدرێت؛ چونکە سیستەمی پیاوسالاری (سەروەری پیاوسالاری) وا دەکات پیاوان خۆیان بسەپێنن بەسەر ئەوانی تردا و زۆرجار توندوتیژی بەرامبەر ژنان و منداڵان ئەنجام دەدەن. لەبەر ئەوەی پیاوانیش توندوتیژی بەرامبەر یەکتر دەکەن و دەبنە قوربانی توندوتیژی؛ ئەوا کاریگەری نەرێنیی لەسەر پیاوانیش هەیە. بەپێی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان توندوتیژی پێشێلکردنی مافە بنەڕەتییەکانە.
بەپێی نەتەوەیەکگرتووەکان مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ بەم شێوەیەن:
١- مافی ژیان
٢- ئازادی
٣- سەلامەتی (ئارامی)
٤- ڕێزمەندیی مرۆڤ
٥- یەکسانی نێوان ژن و پیاو
٦- ئەنجامنەدانی هەڵاواردنی ڕەگەزی
٧- ڕێگرتن لە توندوتیژیی جەستەیی و دەروونی
پرسیار: نموونەیەک لە نایەکسانی نێوان خوشک و برا بهێنەوە
نموونە: منداڵ هەموو ئەو تایبەتمەندی و کردارانە وەردەگرێت کە لە خێزان و ژینگەی دەوروبەر و مرۆڤەکانی ترەوە بەری دەکەوێت. بەپێی لێکۆڵینەوەکان، ئەگەر توندوتیژی، ڕق و نایەکسانی زاڵ بێت بەسەر ژینگەی منداڵ، ئەوا منداڵ ئەو ڕەفتارانەی فێری دەبێ، لەگەڵیدا گەورە دەبێ و دەبێتە مرۆڤێکی توندوتیژ و وەک شتێکی ئاسایی دەبینرێت و دژی یەکتر پراکتیزەی دەکەن.
سەرچاوەیەکی تری توندوتیژی، شێوازی ژیانی ڕۆژانەیە. بۆ نموونە توندوتیژی لە پەروەردەکردن و مامەڵەی ڕۆژانە لەگەڵ کوڕدا ستایش دەکرێت. زۆربەی یاری، فیلم کارتۆن (ئەنیمەیشن) و وەرزش، ڕێژەیەکی زۆر توندوتیژی تێدایە. لە زنجیرە و درامای تەلەفزیۆنیەکاندا توندوتیژی بەرامبەر ژن، لاوازی ژن و شەڕی نێوان پیاوان وەک ڕووداوی سروشتی دەخرێنەڕوو. لە هەمان کاتدا دەوڵەت لە ڕێگەی شەڕ، کوشتن، تاڵانکاری و داگیرکارییەوە پەرە بە کولتووری توندوتیژی دەدات. ئەو کولتوورە هانی پیاوان دەدات بۆ بەکارهێنانی توندوتیژی، بەو ڕێیەش پیاوسالاری زاڵ و باڵادەست بڵاودەکرێتەوە. ئەو ڕۆڵ، خەسڵەت و و هەڵوێستانەی دیاری دەکرێن و بەسەر ژن و پیاودا دەسەپێنرێن، شەرعیەتدانە بە توندوتیژی پیاوان و چەسپاندنی بەهێزیی و تۆکمەیی پیاوە کە ئاماژەی پیاوسالاریین.
پرسیارەکانی وانە
توندوتیژی چییە؟
چەند نموونەیەک لە سەرچاوەکانی توندوتیژی بهێنەوە
چەند نموونەیەک لەو یارییانە بهێنەوە کە توندوتیژییان تێدایە
بۆچی دڵڕەقی لای پیاوان وەک هێمای پیاوسالاری دادەنرێت؟
توندوتیژی دژی ژن
ژنان ڕۆژانە بە شێوازی جیاواز ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە. کاتێک باس لە توندوتیژی دژی ژنان دەکرێت. زۆربەی خەڵک تەنیا بیر لە لێدان یان توندوتیژیی جەستەیی دەکەنەوە، بەڵام توندوتیژی تەنها لێدان نییە، بەو پێیەی توندوتیژی دژی ژنان بە شێوەی جیاواز پەیڕەو دەکرێت. توندوتیژی لە بوارەکانی دەروونی، جەستەیی، زایەندی، ئابووری و کۆمەڵایەتی تەنیا لەناو خێزاندا ئەنجام نادرێت؛ بەڵکو لەسەر شەقام، لە خوێندنگە، لە شوێنی کار و لە هەموو بوارەکانی ژیاندا ئەنجام دەدرێت.
نەک تەنیا لە لایەن باوک، برا، هاوسەر و ئەندامانی تری خێزانەوە بەڵکوو لەلایەن کەسانێکی نزیک یان تەنانەت کەسانی نامۆ ژنان ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە. توندوتیژی کە لەناو خێزان یان لە پەیوەندی هاوسەرگیری و خۆشەویستیدا ئەنجام دەدرێت، یەکێکە لە گەورەترین کێشە کۆمەڵایەتییەکان؛ بەڵام باسکردنی تا ئێستاش وەک شەرم و عەیبە دەبینرێت. ئەو توندوتیژییانەی ژنان لە دژی یەکتری ئەنجامی دەدەن، بە چەندین شێوەی وەک لێدان و توندوتیژیی دەروونی ئەنجام دەدرێت. بەپێی ڕاپۆرتی ڕاگەیەنراو، بکوژانی ژنان یان دەستدرێژکارەکانیان زۆرجار ناسیاوەکانیانن و ئەو کەسانەن کە لە نزیکتریانن.
پرسیار: بۆچی زەحمەتە باس لە توندوتیژی ناو خێزان بکرێت؟
چەند نموونەیەک لە توندوتیژی دژی ژنان:
- تاوانی کوشتن بە پاساوی نامووسپەرستی – پاکردنەوەی شەرەف
- پراکتیزەکردنی ئەو داب و نەریتانەی زیان بە ژن دەگەیەنێت
- هاوسەرگیری زۆرەملێ یان تەمەنی خوار ١٨ ساڵ
- هاوسەرگیری گۆڕینەوە (گەورە بە بچوک و ژن بە ژن)
- دەستوەردان و کۆنترۆڵکردنی شێوازی پۆشین
- شەرمبینینی قسەکردن و پێکەنینی ژن
- دەستدرێژیی سێکسی، هەراسانکردن و گێچەڵ
- ڕێگریی لە بەشداریکردن لە بڕیارداندا
- بێبەشکردن لە مافی قسەکردن
- کەمبینینی کاری ژنان و ڕەتاندنیان
- پشکنینی توانای منداڵبوونی ژن (وەک منداڵبوون یان لەباربردنی زۆرەملێ، قەدەغەکردن یان سنووردارکردنی لەباربردن یان منداڵبوون)
- پشکنینی ‘پەردە’ی کچێنی یان گوایە پاکیزەیی.
- بێبەشکردن لە میرات
- ڕێگری کردن لە خوێندنی کچان
هەرچەندە زۆرێک لە وڵاتان یاسای بەرەنگاربوونەوەی دژی توندوتیژییان هەیە، بەڵام بەتەواوی و کاریگەرانە جێبەجێ ناکرێن. لە هەندێک وڵاتدا ئەنجامدەرانی توندوتیژی دژی ژنان سزا نادرێن، بەپێچەوانەوە دەپارێزرێن و بەرگرییان لێ دەکرێت. بۆ ڕێگریکردن لە توندوتیژی و بڵاوکردنەوەی وشیاری و مەعریفەی دژ بە توندوتیژی لە کۆمەڵگەدا، توانای خۆپاراستن و داننان بە مافی تاک، گرنگترە لە یاسا لە هەر وڵاتێک.
پرسیارەکانی وانە
چەند نموونەیەک لە کاریگەری شەڕ لەسەر ژنان بهێنەوە
چەند نموونەیەک لە توندوتیژی دژی ژنان بهێنەوە
چۆن وشیاریی کۆمەڵایەتی دەتوانێت ببێتە بەربەست لەبەردەم توندوتیژی دژی ژنان؟
بۆچی دانانی بەربەست لەبەردەم قسەکردنی ژن بە توندوتیژی دادەنرێت؟
جۆرەکانی توندوتیژی

توندووتیژی ناو ماڵ:
توندوتیژی ناو ماڵ، ئاماژەیە بۆ ئەنجامدانی توندوتیژیی خێزانیی بەرامبەر بە ئەندامانی نێر یان مێ، توندوتیژیی خێزانی ئاشکرا ناکرێت و -زۆر جار- بە توندوتیژی نازانرێت. قبوڵکردنی کردەی توندوتیژی لەلایەن کەسێکی نزیک یان خۆشەویستەوە ئەستەمە، تا ئەو کاتەی توندوتیژییەکە نەگاتە ئاستێک کە زیانی جەستەیی بگەیەنێت. ژنان هەمیشە بە ناوی خۆشەویستی یان پاراستنی پەیوەندییە خێزانییەکانەوە، ئاشکراکردنی توندوتیژی پشتگوێ دەخەن. بۆیە ناتوانرێت ئاماری توندوتیژیی خێزانی بەوردی تۆمار بکرێت و ژمارە فەرمییەکان دوورن لە ڕاستییەوە.
بۆ نموونە: ژنێک کە بەردەوام لەلایەن هاوسەرەکەیەوە لێی دەدرێت یان هەڕەشەی لێ دەکرێت، پێی وایە لەبەرئەوەیە کە کارەکەی بەباشی ئەنجام نادات، یان دەڵێت “لێم دەدات بەڵام خۆشی دەوێم” یان “خۆشم دەوێت”. ژن بەو شێوەیە چارەنووسی خۆی دیاری دەکات، خۆی تاوانبار دەبینێ.
هاوسەرگیری منداڵ: کاتێک کچان یان کوڕانی خوار تەمەنی ١٨ ساڵ هاوسەرگیرییان پێ دەکرێت یان خۆیان دەیکەن، دەبێتە جۆرێک لە توندوتیژی، هاوسەرگیریی هەرزەکاران لە تەمەنی خوار ١٨ لە هەموو جیهاندا ڕوودەدات، بەڵام لە وڵاتانی هەژاردا زیاتر ڕوودەدات. بەپێی ڕاپۆرتەکان ١٤ ملیۆن و ٢٠٠ هەزار کچی خوار تەمەنی ١٨ ساڵ ساڵانە هاوسەرگیری دەکەن. هاوسەرگیری لە تەمەنی گەنجیدا چەندین کێشەی بۆ دروست دەکات؛ چونکە منداڵ هێشتا ئامادە نییە بەرپرسیارێتی خێزان لەئەستۆ بگرێت و خۆی ناناسێت و ئامانجی لە ژیاندا نازانێت.
پرسیار: هاوسەرگیری خوار تەمەنی ١٨ ساڵ چ کاریگەرییەکی لەسەر ژیانی منداڵ دەبێت؟
توندوتیژیی زایەندی:
ڕێزگرتن پایەیەکی سەرەکی و گرنگە لە پەیوەندی نێوان ژن و پیاودا و پەیوەندیی زایەندی لە خۆیدا – دیاردەیەکی سروشتییە و بەشێکە لە کەسایەتی و ژیانی مرۆڤ. توندوتیژیی زایەندی تەنها دەستدرێژی نییە.
جۆرەکانی توندوتیژیی زایەندی بریتین لە:
ئیستغلالکردنی پەیوەندی زایەندیی بۆ پارە، موڵک و ماڵ، یان وەک ئامرازێکی بازرگانی
ناچارکردنی پەیوەندی زایەندیی بە زۆرەملێ و هەڕەشە
هێرشی جەستەیی و زارەکی بۆ سەر ڕێزمەندی مرۆڤ
بەبەردەوامی چاودێریکردنی کەسێک، بێزارکردنی بەڕێی نامە
چاودێریکردن/ هەراسانکردن و گێچەڵ بەڕێی میدیای دیجیتاڵ
ئەو کەسانەی ڕووبەڕووی ئەو جۆرە پێشێلکارییانە دەبنەوە، تووشی زیانی دەروونی و ژیانیی مەترسیدار دەبنەوە.
پرسیار: بۆچی گێچەڵکردن یان هەراسانکردنی کەسێک بە ئەنقەست، کارێکی خراپە؟
دەستدرێژی: ژنان و منداڵان – و هەندێک جاریش پیاوان- یش ڕووبەڕووی دەستدرێژی دەبنەوە. ئازاردان، یان دەستدرێژی بەڕێی هەڕەشە یان فرت و فێڵ، وەک دەستدرێژی لە قەڵەم دەدرێت. زۆر جار لەم جۆرە حاڵەتانەدا ڕەنگە قوربانییەکە نەتوانێت بەرەنگاری ببێتەوە، ئەوا دروست نییە تاوانبار بکرێن بەوەی کە ”بۆچی بەرەنگاریت نەبوو یان بۆچی قبوڵت کرد؟” هێرشەکە بە چەندین شێوە و ڕێباز ئەنجام دەدرێت و پێویستە ڕەچاوی دەروونی، ئەو قوربانییانە بکرێت کە تووشی توندوتیژی بوون و گوێیان لێ بگیرێت.
توندوتیژیی ئابووری
خۆی لە قۆرخکردنی سەرچاوەکانی ئابووری وەک زەوی کشتوکاڵ، موڵک، زێڕ و پارە لەژێر کۆنترۆڵی ئەنجامدەری توندوتیژییدا دەبینیتەوە. هەروەها کەمبینینی کاری کەسێك و ڕێگریکردن لە بەشداریکردنی لە بڕیارە ئابوورییەکان. هەروەها ڕێگریکردن لە کارکردن، ڕێگری لە خوێندن لە قوتابخانە کە یەکێکە لە ڕێگاکانی بەدەستهێنانی کار. ئەم جۆرە توندوتیژییانە زۆر جار پشتگوێ دەخرێت و وەک توندوتیژی نابینرێت، سەرەڕای کاریگەرییەکی زۆری لەسەر ژیانی مرۆڤ، بەتایبەتی لەسەر ژنان.
پرسیار: زیانەکانی لە ئایندەدا چییە کاتێ تەگەرە دەخرێتە بەردەمی منداڵان بۆ چوونە خوێندگە؟
نموونەیەک لە توندوتیژیی زایەندی بێنەرەوە لە کۆمەڵگەدا
بەرکەوتن بە توندوتیژیی خێزانی لە کۆمەڵگەدا چۆنە؟ نموونەیەک بهێنەوە
توندوتیژیی ئابووری چ کاریگەرییەکی لەسەر ژنان هەیە؟ ئەمە بە نموونە ڕوون بکەرەوە
کاریگەری توندوتیژیی خێزانی لەسەر منداڵان ڕوون بکەرەوە
توندوتیژیی دیجیتاڵی
لەبەر ڕۆشنایی ئەو پێشکەوتنە تەکنەلۆژییەی ئەمڕۆ جیهانی تەنیوە، توندوتیژی شێوازی نوێی بەخۆوە بینیوە و هاوتەریب لەگەڵ ئەو پێشکەوتنەی تەکنەلۆژیا، ئەو شێوازانەش پێیان دەگووترێت “توندوتیژی ئەلیکترۆنی” یان توندوتیژی دیجیتاڵی. ئەم جۆرە توندوتیژییە تەنها بە منداڵانەوە سنوردار نییە، لە زۆر حاڵەتدا گەورەکانیش ڕووبەڕووی دەبنەوە. توندوتیژیی دیجیتاڵی لە ڕێگەی تەلەفۆن، تابلێتی دیجیتاڵ، کۆمپیوتەر و پەیوەندییەکان ڕوودەدات و هیچ کاتێکی دیاریکراوی نییە، بەڵکو لە هەر کاتێکدا ڕوودەدات.
هەڕەشەی ئەلیکترۆنی یان دیجیتاڵیی لەم دواییانەدا نیگەرانییەکی سەرەکیی خێزانەکانە و کاریگەری پێگە و میدیای دیجیتاڵی زۆر جار ڕۆڵێکی نەرێنی دەگێڕێت لە بڵاوبوونەوەی ئەو هەڕەشانەی لەسەر بنەمای زایەندییە. هەڕەشە ئەلیکترۆنییەکان بە زۆری ژنان و کچانی گەنج دەگرێتەوە.
توندوتیژیی ئەلیکترۆنی (هێرشی ئەلیکترۆنی): ڕەفتارگەلێکن بە ناردنی پەیامی هەڕەشەئامێز لە ڕێی پێگەکانی دیجیتاڵ میدیا، کۆمێنتی سووکایەتیکردن لەسەر پۆستە گشتییەکان، وێنەگرتن و هاوبەشکردنی وێنە و ڤیدیۆ لە دیجیتاڵ میدیا (سۆشیال میدیا)، قسەی ناشرین و هاککردنی ئەکاونتەکانی سۆشیال میدیا بەبێ مۆڵەت. بەکارهێنانی ئەکاونتی ساختە و بەکارهێنانی بۆ هەڕەشەکردن لە خەڵک و کەسانی ئامانجدار.
بۆ نموونە: ئەمڕۆ دیاردەی بەکارهێنانی مۆبایل و کردنەوەی ئەکاونتی دیجیتاڵ میدیا بۆ منداڵان زۆر بووە. ئەمەش ترسی خێزان و کۆمەڵگەی بە گشتی گەورە کردووە لە زۆربوونی ئەم دیاردەیە. بەو پێیەی منداڵان ڕووبەڕووی فێڵ و هێرشی ئەلیکترۆنی دەبنەوە و زۆربەی یارییەکان، شەڕ و کوشتن و توندوتیژی لەخۆدەگرێت، کاریگەری نەرێنی لەسەر دەروونی منداڵان هەیە.
توندوتیژیی هاوتەمەنەکان ( گێچەڵ):
هەموو ئەو پەیوەندییانەی لەسەر بنەمای توندوتیژی و شەڕانگێزی جەستەیی و زارەکی لە نێوان منداڵانی هاوتەمەندا بە توندوتیژی هاوتەمەن پێناسە دەکرێن. منداڵان هەر لە تەمەنێکی بچووکەوە فێری توندوتیژی دەبن، بە چاودێریکردن و لاساییکردنەوەی ژینگەکەیان. بۆیە ئەگەر توندوتیژی لە خێزان یان لە ژینگەدا هەبێت، ئەم منداڵە توندوتیژی بە شتێکی سروشتی دەزانێت، و پێی وایە کە بەزەبری هێز و توندوتیژییش دەتوانێت کێشەکانی خۆی چارەسەر بکات؛ هەر بۆیە منداڵ کاتێک شتێکی دەوێت یان ناتوانێت کێشەیەک چارەسەر بکات لە قوتابخانە یان لەنێو هاوڕێکانیدا توندوتیژی و هێز بەکاردەهێنێت.
بۆ نموونە: ئەو منداڵانەی لە ژینگەیەکی توندوتیژدا دەژین، توندوتیژ دەبن، هەروەها تەوەری توندوتیژی پەیوەست بە کوشتن و لێدان لە یارییەکانیاندا زیاتر دەبێت.
پرسیار: جیاوازی چییە لە نێوان ئەو منداڵانەی لە ژینگەیەکی بێتوندوتیژیدا دەژین و ئەو منداڵانەی لە ژینگەیەکی توندوتیژیدا دەژین؟ گفتوگۆی لەبارەوە بکەن.
ئەم توندوتیژییە هەندێک جار بە کۆمەڵ و هەندێک جاریش بە تاک ڕوودەدات و کەسەکە بەرەو زیانگەیاندن بە ئەوانی دیکە دەبات و لە حاڵەتی دووبارەبوونەوە و بەردەوامیدا دەبێت، کاتێ جیاوازی لە هێزی جەستەیی نێوان ئەو دوو لایەنەدا هەبێت.
چەند نموونەیەک لە توندوتیژی هاوتەمەنەکان:
- گاڵتەپێکردن و سوکایەتیکردن
- هەڕەشە
- لێدان، بریندارکردن، ڕاکێشانی قژ، تفکردن
- گاڵتەکردن بە سیفەتە جەستەییەکان و سووکایەتپێکردن.
- بەکارهێنانی وشەی ڕیسواکردن و سوککردنی خەڵک و بەکارهێنانی نازناوی نەگونجاو، هاوارکردن، جنێودان و نیشاندانی کەموکورتییەکانی خەڵک بە شێوەیەکی خراپ
- قسەڵۆک، دوورخستنەوە لە گروپ، پشتگوێخستن و یاری نەکردن لەگەڵیان.
- دەستبەسەرداگرتن و زیانگەیاندن بە موڵکی کەسی.
پرسیارەکانی وانە
هۆکارەکانی توندوتیژیی هاوتەمەنەکان ڕوون بکەرەوە.
بەکارهێنانی مۆبایل و ئینتەرنێت چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
بەڕای تۆ چ یارییەک جێی بایەخە لەسەر تەلەفۆن یان لە ڕێی ئینتەرنێت؟ گفتوگۆ لەبارەی ئەوە بکەن لەگەڵ مامۆستا، هاوڕێکانت و هاوپۆلەکانت باسی ئەم بابەتە بکە، لایەنە باش و خراپەکانی بخەرەڕوو.
خۆپاراستن لە توندوتیژی
مرۆڤ مافی خۆیەتی بەرگری لە خۆی بکات لە بەرامبەر هەموو جۆرە توندوتیژی و ستەمکارییەک؛ لەبەرئەوەی مەسەلەی خۆپاراستن سەرەکیترین پێوەری ژیانە. بەو پێیەی هیچ بوونەوەرێک نییە ڕێوشوێنی خۆپاراستنی نەبێ، هەموو زیندەوەران بە شێوازی جیاواز سیستەمی پاراستنی خۆیان پەرەپێداوە. بۆ نموونە: گوڵ بە دڕک خۆی دەپارێزێت، کەروێشک بەخێرایی جوڵەی خۆی دەپارێزێت و مار بە ژەهرەکەی. بۆیە سیستمی پاراستنی مرۆڤ کۆمەڵایەتیبوونەکەیەتی، کە کۆمەڵگە دەبێتە پەناگەیەک بۆ مرۆڤ، بەڵام کاتێک کۆمەڵگە لەژێر کاریگەری دەسەڵاتدا بوو، ئەو پەناگەیەی لەدەست دەچێت. هەم کۆمەڵگە و هەم تاک بەڕێی سیستەمی دەسەڵاتدارێتی و دەمارگیریی ڕەگەزگەریی کۆنترۆڵ دەکرێت؛ بۆ ئەوەی تاک و کۆمەڵگە خۆیان بپارێزن؛ پێویستە ڕێوشوێن بگیرێتەبەر.
سیستمی پاراستنی مرۆڤ کۆمەڵایەتیبوونەکەیەتی، کە کۆمەڵگە دەبێتە پەناگەیەک بۆ مرۆڤ، بەڵام کاتێک کۆمەڵگە لەژێر کاریگەری دەسەڵاتدا بوو، ئەو پەناگەیەی لەدەست دەچێت. هەم کۆمەڵگە و هەم تاک بەڕێی سیستەمی دەسەڵاتدارێتی و دەمارگیریی ڕەگەزگەریی کۆنترۆڵ دەکرێت؛ بۆ ئەوەی تاک و کۆمەڵگە خۆیان بپارێزن؛ پێویستە ڕێوشوێن بگیرێتەبەر.
لەم خاکەماندا کە ڕووبەڕووی دەستدرێژیی دەوڵەتە پاوانخواز و زلهێزە نێودەوڵەتییەکان بۆتەوە، مرۆڤەکان ڕووبەڕووی کوشتن، کۆچ، هەژاری و برسێتی دەبنەوە، بەهۆی بۆردومانی گوندەکان و ژینگەی دەوروبەری سروشتەکەمان زیانی پێگەیشتووە، دەبێ لە دژی ئایدۆلۆژیای دەمارگیری ڕەگەزگەریی و دواکەوتوویی، ڕێوشوێن بۆ خۆپاراستن بگیرێتەبەر.
بۆ ژنان و گەنجان پرسی خۆپاراستن بابەتی ژیان یان مردنە، خۆپاراستن نەک تەنیا لە ڕووی جەستەییەوە، بەڵکوو پێویستی بە پەرەپێدانی سیستەمی پاراستنی کولتووری، دەروونی و هزری هەیە. خۆپاراستن لە هەمان کاتدا پەیوەستە بە هەڵوێست وەرگرتن و بەرەنگاربوونەوەی ستەمکاری و توندوتیژی. ئەم ڕێوشوێنانە بە تاک یان بەکۆمەڵ دەکرێت، بەڵام ئەگەر کۆمەڵگەیی نەبێت، هەمیشەیی و درێژخایەن نابێت.
پرسیار: چۆن کاری هەرەوەزی و بەکۆمەڵ دەبێتە ڕێبازی خۆپاراستنی مرۆڤ؟ ڕوونی بکەرەوە
چەند خاڵێکی سەرەکی لەبارەی خۆپاراستن:
ڕێکخستن بەهێزترین پێوەرە بۆ خۆپاراستن و هەموو دامەزراوەکان، بزووتنەوەکانی ژنان، شارەوانی، ئەنجومەنەکان، ماڵی ژنان…هتد بوونەتە شوێنی خۆپاراستن.
نەزانی یەکێکە لە هۆکارەکانی توندوتیژی، مەعریفە لە ڕێگەی پەروەردەوە گەشە دەکات و قووڵتر دەبێتەوە، کە هەموو ژنێک و هەر گەنجێک دەبێت خۆی پەروەردە بکات بۆ ئەوەی بزانێت چی خراپە، چی باش و چی نادروستە. لە هەمان کاتدا مرۆڤ پێویستی بە ناسینی مافە یاسایی، کۆمەڵایەتی و ئەخلاقییەکانی هەیە. سیستەمی پەروەردەش دەبێت لەسەر بنەمای پەروەردەکردنی کۆمەڵگە بێت، هەروەها لەسەر بنەمای تێگەیشتنی ڕێزگرتن لە یەکتر، یەکسانی، دیموکراسی و ئازادی بێت.
وشیاری بەرامبەر هەموو جۆرە توندوتیژییەک دەبێتە بنەمایەک بۆ خۆپاراستن. ئاگاداربوون و دەرککردن بە مەترسییەکان و گرتنەبەری ڕێوشوێن، بێدەنگنەبوون لە ئاست هەر هێرشێک و بەرەنگاربونەوە لە بەرامبەر کەسی توندوتیژکار، بەشێکە لە وشیاری. ئەمانە وا لە هێرشبەرەکان دەکەن پاشەکشە بکەن یان نەتوانن بە ئاسانی بجوڵێنەوە.
بنیاتنانی پێوەرەکانی ژیان لە ڕێگەی پەروەردە، ڕێکخستن و خەباتەوە، بنەمایەکی دیکەیە بۆ خۆپاراستن. بە پێوەرەکانی جوانناسی، ڕاستگۆیی و چاکە، هەرکەسێک دەتوانێت هەستی و هەڵوێستی ڕێزداری لەگەڵ دەوروبەرەکەیدا بونیات بنێت. چونکە جوانی هەڵسوکەوت، ڕەفتار، ئارامی، سەرکەوتن لە کار، دادپەروەری و چاکە دەبنە بنەمای ڕێزگرتن و دەبنە پێوەرێک بۆ خۆپاراستن.
بەشداری ژنان لە سیاسەتی دیموکراتی و پەرەپێدانی دادپەروەری کۆمەڵایەتی ئامرازێکە بۆ خۆپاراستن
پرسیار: پیاوان دەتوانن چی بکەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان؟
بۆ نموونە: تا مرۆڤ زیاتر ڕێکخراو بێت؛ متمانەی بەخۆی زیاتر دەبێت و توانای خۆپاراستنی زیاتر دەبێت. وەک دەزانرێت ژنانی تەنیا ڕووبەڕووی زۆرترین ئازاردانی زایەندی دەبنەوە. هەر بۆ ئەوەش، بزووتنەوەکانی ژنان دەبێ ببنە پاڵپشت بۆ هەموو ژنان. لە هەمان کاتدا ئەم جۆرە ڕێکخراوەبوونەی ژن کاریگەری لەسەر گۆڕینی کۆمەڵگە و یاساکان، دەرکردنی یاسای پێویست و دادگاییکردنی تاوانباران هەیە بەپێی یاساکانی ژنان، هەموو ئەمانەش بەشێکە لە ڕێوشوێنی خۆپاراستن.
پرسیارەکانی وانە:
گرنگی خۆپاراستن چییە؟
شێوازێکی خۆپاراستن ڕوون بکەرەوە
چۆن ڕووەک و گیاندار لە سروشتدا خۆیان دەپارێزن؟ نموونە بهێنەوە.
تێبینی: ئەم بەرهەمە کورتەیەکە لە لێکۆڵینەوەیەک کە بەشێوەی نامیلکە لە ئایندەیەکی نزیکدا چاپ دەکرێت، لە لایەن ئاکادیمیای ژنۆلۆژییەوە ئامادەکراوە. بەشێکیشی لە پرۆگرامی خوێندنی ئاستی ئامادەیی ڕۆژاڤا وەرگیراوە.
بەرێوەبەریی ماڵپەری ژنۆلۆژی