بەرخۆدانی ڕەگداکوتاو: رۆڵی ژنانی کورد لە کشتوکاڵی سروشتی و پیشەسازیدا

هەڵوێست کەریم

  ئەم بابەتە هەوڵدەدات لێکۆڵینەوە دەربارەی بەشداری و رۆڵی جەوهەریی ژنی کورد، ئەنجام بدات بەتایبەت ئامادەگی ژن لە کێڵگەکاندا وەک جوتیار و چێنەر، گوێزەرەوەی کەلەپوری کشتوکاڵی سروشتی و مەعریفە دەربارەی سروشت و دایکە زەوی بۆ نەوەکانی داهاتوو، رۆڵ و بەرخۆدانیان بەشێوەی جیاواز و لە سەردەمە جیاوازەکاندا. لەم روەوە لە دیدگای ئیکۆفیمینیمیزم و ژنۆلۆژی لەو سەردەم و رۆڵانەی ژنی کورد دەڕوانین.

ئێمە گەواهیدەری پەرەسەندن و بەردەوامی توندوتیژی و جەنگین لە جیهانێکدا داڕمانی ئیکۆلۆژی و قووڵبوونەوەی نادادپەروەریی بەڕوونی دەبینین. هەر لە غەززەوە بۆ ئۆکرانیا، لە ئێران  ئیسرائیلەوە بروانین و لەم نێوەندەشدا تورکیا بێ وەستان پارچەکانی کوردستان بۆردومان دەکات. ئەم قەیرانە بەیەکەوە گرێدراوانە ئەوەمان بیردەخەنەوە کە تێکۆشان بۆ دایکە زەوی/خاک و ژیان و ئازادی تەنیا جیهانی نییە بەڵکو بە قووڵی گرێدراوی ئیکۆلۆژی و بە قووڵی  گرێدراوی رەگەزیشە. ئاماری خەرجیی سەربازیی لە جیهاندا بۆ ساڵی ٢٠٢٤ گەیشتە نزیکەی  ٢،٧٢ تریلیۆن دۆلار، کە  بەرزترین ئاستی خەرجییە لە دوای جەنگی ساردەوە تا ئێستا تۆمارکرابێت. لە شوێنێکی دیکەی سەر ئەم زەوییە و لە ئەشکەوتی جاسەنە پۆلێک گەریلا بە پێشەنگایەتی بەسێ هۆزات لە مەراسیمێکی سیمبولیدا چەکەکانیان سوتاند. بە تێگەیشتنی من ئەو کردە سمبولییە ئالنگاریی و وەڵامدانەوەیەک بوو بۆ ئەو سیستەمەی قازانجی بێشوومار لە بازاڕی هەڵگیرساندنی جەنگ و کڕین و فرۆشتنی چەکدا دەکات. ئەو سیستمەی وڵاتە پێشەنگەکانی، ئاڵای ئازادیی و مرۆڤ دۆستییان هەڵگرتووە بەڵام هەر خۆیان کۆڵۆنیاڵ و تاڵانکەری زەوی بوون.

با بگەرێمەوە بۆ ئەو بابەتەی کە ئەمەوێ لەگەڵتان هاوبەشی پێبکەم و بۆ تێگەیشتنی زیاتر لە بابەتی لێکۆڵینەوەکەم حەز دەکەم بە کورتی چەند زاراوەیەکی سەرەکی پێناسە بکەم وەک:

  • کشتوکاڵی نەریتی: نزیکەی ١٠ هەزار ساڵ لەمەوبەر دەستی پێکردووە، لە سەردەمی شۆڕشی نیوۆلیتیک واتە نزیکەی ٨٠٠٠ ساڵ پێش زایین. کاتێک مرۆڤ بۆ یەکەمجار لە ڕاوکردن و کۆکردنەوەوە هەنگاوی نا بۆ جێگیربوون و دەستی بە کشتوکاڵ کرد و لەسەردەستی ژن کشتوکاڵ دۆزرایەوە. لە کاتێکدا ئەم گواستنەوەیە لە سەرەتادا لە کەوانی بەپیت و میزۆپۆتامیا سەریهەڵدا و دواتر بۆ ناوچەکانی دیکەی جیهان بڵاوبۆوە. لە ئێستا توێژەران باس لەوە دەکەن کشتوکاڵی سەرەتایی لە هەمان کاتدا لە چەند ناوچەیەکی دیکەشدا پەرەی سەندووە لەوانە هندستان، ئەمریکای ناوەڕاست و باشوور، مەکسیک، لیڤانت، چین و بەشێک لە ئەفریکا.

ئەم هێڵکارییە کاتی پەرەسەندنی کشتوکاڵ هاوتەریب لەگەڵ داهێنان و گەشەسەندنی کۆمەڵایەتی لە ناوچەی مانگی بەپیتدا نیشان دەدات.

  • کشتوکاڵی سروشتی/ئیکۆلۆژی: مەبەست لەم کشتوکاڵە بەکارهێنانی ئەو شێوازانەیە لەگەڵ سروشت هاوئاهەنگە بۆ گەورەکردنی خۆراک بە شێوەیەکی تەندروست و بەردەوام. ئەم جۆرە لە کشتوکاڵ شێوازی سروشتی بەکاردەهێنێت بۆ پاراستنی خاک، ئاو و جۆراوجۆری زیندوو، بەبێ ئەوەی پشت بە ماددە کیمیاییە زیانبەخشەکان ببەستێت.
  • کشتوکاڵ لەسەر بنەمای زهنیەتی پیشازگەرایی: مەبەست لە ئەم جۆرە لە کشتوکاڵ بەکارهێنانی ئامێر و ماددە کیمیاییەکان و تەکنیک و شێوازی بەرهەمهێنانی پیشەسازییە بە ئامانجی بەرهەمهێنای خۆراک بە خێرایی و بە بڕێکی زۆر. ئەم پیشەسازییە لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەم لە دەوروبەری ساڵانی ١٩٤٠-١٩٥٠دەستی پێکرد بەتایبەتی دوای دووەم جەنگی جیهانی. ئەم کشتوکاڵە بە بەکارهێنانی ئامێر و پێداویستی و قڕکەر پروپاگەندەی ئەوەی بڵاوکردەوە کە توانای نەهێشتنی برسێتی لە جیهاندا، هەیە.

کۆنتێکستی مێژوویی: ژنی کورد، خاک و کشتوکاڵ لە ڕوانگەی ئیکۆفێمینیزمەوە:

ژنی کورد لە ڕێگەی کشتوکاڵەوە پەیوەندییەکی لە مێژینە و قووڵی بە زەویەوە هەبووە و هەیە بە تایبەت پێش کێشانی سنوورە مۆدێرنەکان یان گۆڕانکارییە پیشەسازییەکان. ژن لە گونددا رۆڵی کابانی لە ماڵەوە  بینیوە و ئەرکەکانی ماڵەوەی راپەڕاندووە و لە کیڵگەکانیشدا رۆڵی  جووتیارێکی سەرەکی بینیووە. ژن تۆوی پاشەکەوت دەکرد، زانیاری گیایی و گوڵی بۆ چارەسەرەری نەخۆشییەکان بەکاردەهێنا، شێوازی کشتوکاڵی سروشتیی پراکتیزە دەکرد کە سەرچاوەی بژێووی خێزان بوو هاوکات زیانی بۆ سروشت و ئەو ژینگەیە نەبوو کە تێیدا دەژیان.

پێویستە ئاماژە بەوە بدەم لە کۆمەڵگای کوردیدا، کشتوکاڵ تەنیا چالاکیەکی ئابووری نەبووە بەڵکو پراکتیزەیەکی کولتووری و ڕۆحیش بوو. مەعریفە و زانیاری ژن دەربارەی خاک و دایکە زەوی بۆ چەندین نەوە گواستراوەتەوە. ئەو مەعریفەیەی لێوان لێوو بووە لە گرنگیدان بە پاراستنی جۆراوجۆری زیندوو، پاراستنی تەندروستی خاک و پراکتیزە بەردەوامەکان.

ئەمەوێت ئەو رۆڵەی ژنی کورد لە ڕوانگەی ئیکۆفیمینزمەوە شیکار بکەم، بەڵام بەرلەو شیکارییە بە کورتی ئاماژە بەوە دەدەم بۆچی ئیکۆفیمینزممم هەڵبژاردووە؟

ئیکۆفێمینیزم پەیوەندییەکی قووڵ دەبینێت لە نێوان چەوساندنەوەی ژن و ئەو دەستدرێژییانەی دەکرێتە سەر سروشت، ئەو سیستەمە سەرمایەدارییەی بوونی ژن بێبەها دەکات و کۆنترۆڵی دەکات، هەمان سیستەم ژینگەش دەڕەتێنێت و تێکیدەدات. ئیکۆفیمینیزم ڕەخنە لە سیستەمی پیاوسالاری دەگرێت کە هەم جەستەی ژن و هەم سەرچاوە سروشتییەکان وەک ئۆبژە سەیردەکات و مامەڵەی لەگەڵ دەکات بە ئامانجی زاڵبوون و بەکارهێنان. هەر بۆیە لەم ڕوانگەیەوە هەوڵ دەدەم چوارچێوەیەک بۆ تێگەیشتن لە بەشداری ژنی کورد لە بواری کشتوکاڵدا وەک بەرخۆدانی ڕەگەزی و ئیکۆلۆژی، دابڕێژم. چونکە ئەم بزووتنەوەیە تیشک دەخاتە سەر یەکتربڕینی رەگەزی و ئیکۆلۆژی و بەرخۆدانی سیاسی، بەو پێیەی ئالنگاریی چەوساندنەوەی پیاوسالاری و تێکدانی ژینگە پێکەوە گرێدەدات.

لەم ڕوانگەیەوە، رۆڵی ژن جگە لە کارکردنی لە ناو کێڵگە کشتوکاڵییەکاندا هاوشانی ئەندامانی نێری خێزان و گوندەکەی لە هەمان کاتدا پەیوەندییەکی بەهێز و خەمخۆرانەی لەگەڵ خاک و زەویدا هەبووە. واتە ژن لەگەڵ ئەوەی لە کێڵگەدا جوتیار بووە و بژێوی خۆی و خێزانەکەی دابین کردووە هاوکات زەوی و بونەوەرەکانی ناو خاکیشی پاراستووە. ئەم پەیوەندییە شتێک نییە ژن لەگەڵیدا لەدایک بووبێت، بەڵکو بە درێژایی تەمەنی چەندین نەوە و لە ڕێگەی پراکتیزە هاوبەشەکانەوە ئەم پەیوەندییەی بنیات ناوە و ڕۆڵی خۆی بە سروشتەوە پابەندکردووە. ئەم ڕۆڵانەی ژن بە قووڵی پەیوەست بوون بە بەرپرسیارێتییە ئیکۆ-کۆمەڵایەتییەکانی ژن و بەشداریکردنیان لە کشتوکاڵدا پەیوەست بووە بە مانەوەی خێزان و کۆمەڵگەکەشی.

کۆلۆنیالیزەکردن و دابەشکردنی کوردستان:

لەگەڵ هاتنی کۆلۆنیالیزم، سیستەمی پیاوسالاری و کشتوکاڵی پیشەسازی لە بنەڕەتدا ئەم پەیوەندییەی گۆڕی. ئێمەی کورد مێژوویەکی دوورودرێژی کۆلۆنیالیزەکردن و دابەشکردنی کوردستانمان هەیە، بۆ ئێستا سەرنجم لەسەر قۆناغی پەیماننامەی لۆزانە لەساڵی ١٩٢٣ کوردستانی ژێردەستی عوسمانی و سەفەوی دابەشی دەوڵەت نەتەوەی عێراق، سوریا، ئێران و تورکیا دەکرێت.

دابەشکردنی خاکی کوردستان بەسەر چوار دەوڵەتدا بە ئامانجی لاوازکردنی یەکگرتوویی نەتەوەیی و سەرکوتکردنی کولتووریی بەکارهاتووە، لە ڕووی سیاسیشەوە کورد پەراوێزخراوە و نوێنەرایەتی سیاسی و بەشداری سیاسی نەبووە. هەمیشە راپەرینەکانی کورد هەمیشە بە هێزی سەربازی وەڵام دراونەتەوە و سەرکوتکراون. سیاسەتی ئاسمیلەکردن یەکێک بوو لە ستراتیژییەکانی دیکەی دەوڵەتان بۆ سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەیی  بۆ سەپاندنی باڵادەستی خۆیان  بە تورککردن، بەعەرەبکردن  و فارسیکردن یان پەیڕەوکردووە. پێویستە ئاماژە بەوە بدەم هەرێمی کوردستان واتە  باشووری کوردستان  لە دوای ساڵی ١٩٩٢، وەک هەرێمێکی سەربەخۆ دامەزرا، لە  باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا واتە رۆژئاڤای کوردستان لە ساڵی ٢٠١١ەوە ئۆتۆنۆمی خۆیان دامەزراندووە و بە شێوەیەکی سەربەخۆ خۆیان بەڕێوەدەبەن.

هەمیشە ئامانجی زلهێز و داگیرکەران زاڵبوون بووە بەسەر زەوی و مرۆڤ و تێکدانی سیستەمی کشتوکاڵی ڕەسەن و پەراوێزخستنی ژنان لە ڕۆڵی نەریتی خۆیان کە وەک چاودێرێکی خاک جوتیار بووە. داگیرکەران رۆڵی ژنیان وەک کرێکار لەناو ئەو ئابوورییەی کە ئەوان ئاراستەیان کردبوو بەرەو تاک کشتوکاڵی (*مۆنۆکەڵچەر)، بەکارهێنانی ماددە کیمیاییەکان و بازاڕە جیهانییەکان، ئاڕاستەکرد و بچووک کردۆتەوە. ئەم گۆڕانکاریانە لە دەرەوەی کایەی ئابووریش، نۆرمی کولتووری و ڕۆڵی جێندەرییان پێناسەکردەوە. دەوڵەتی داگیرکەر ژنی چالاکی لە چوارچێوەی کایەی ناوماڵدا پەراوێزخست، لە هەمان کاتدا پیاوانی وەک بریکارە سەرەتاییەکانی بەرهەمهێنانی ئابووری و دەسەڵاتی سیاسی جێگیرکرد.

ئەم گۆڕانکارییەی داگیرکەر دروستی کرد ناوەندی ڕەخنەکانی ئیکۆفێمینیزمە و جەخت لەوە دەکات تێکچوونی ئیکۆلۆژی و چەوساندنەوەی ڕەگەزی بە قووڵی بەیەکەوە گرێدراون. بەشداری ژنان وەک جووتیار کرا بە کاڵا بۆ ئەوەی پارەی پێپەیدا بکرێت، زەوییەکەش وەک سەرچاوەیەک مامەڵەی لەگەڵ دەکرا کە دەبوو هەموو ماددە و رەگەزەکانی ناوی دەربهێنرێت. لەگەڵ سەرهەڵدانی کشتوکاڵی پیشەسازی لەسەر بنەمای کیمیایی، ئەم پەیوەندییە ئینتیمی و بەردەوامە لەگەڵ زەویدا سیستەمێک جێگەی گرتەوە کە کارەکانیان بێبەها کرا و پراکتیزە میکانیکییەکان و رەگەزی پیاوسالاری جێگەیان گرتەوە. رۆڵی ژن نادیدە کرا یان تەنیا لە ڕووی ئابوورییەوە دەنرخێنرا و وەک کرێکاری بێ مووچە یان وەک کرێکارێک کە کاڵا بەرهەم دەهێنن، نەک وەک خاوەن مەعریفە و چاودێری زەوی. هەرچەندە ڕۆڵی نەریتی ژنی کورد لە کشتوکاڵدا بەهۆی کۆلۆنیالیزم و پیاوسالارییەوە تێکچوو و بەڵام پەیوەندی قووڵیان بە خاکەوە لە دەست نەداوە. بەڵکو ژنی کورد ڕێگەی نوێیان بۆ بەرەنگاربوونەوە و بەرخودان و ئاوەدانکردنەوە دۆزییەوە، نموونەی بەهێزی ئەمرۆمان گوندی ژینوارە وەک جێگرەوەیەک بۆ کشتوکاڵی پیشەسازی و لەسەر بنەمای ژنۆلۆژی دامەزراوە.

جێگرەوەی کشتوکاڵی پیشەسازی و ژنۆلۆژی: ژینوار – گوندی ئیکۆلۆژی ژنان لە ڕۆژاڤا:

ژینوار گوندێکی ئیکۆلۆژی ژنانە لە ڕۆژاڤا، بە شێواز و کەرەستەی سروشتی و نەریتی دروست کراوە. لە مانگی ئازاری ٢٠١٧ دەست بە بنیاتنانی گوندەکە کرا و لە ٢٥ی تشرینی دووەمی ٢٠١٨ کارەکانی تەواوبوو. لە زمانی کوردیدا Jin  بە واتای “ژن” دێت و پەیوەندییەکی نزیک بە ژینەوە هەیە، بە واتای “ژیان”، لەکاتێکدا war بە واتای “فەزا” یان “ماڵ” دێت. ژینوار هێمای دیدگایەکە بۆ ژیان و کارکردنی ژنان بە شێوەیەکی خۆبەڕێوەبەر و کۆمەڵایەتی کە ڕەگ و ڕیشەی لە کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتی، ئیکۆلۆژی و ڕزگاری ژناندا هەیە.

ژن لە ڕۆژاڤا کۆمەڵگەیەکی بەهێز و خۆڕێکخراویان دروست کردووە، بەڵام هێشتا زۆرێکیان ڕووبەڕووی سنوورێک دەبنەوە لەلایەن دەسەڵاتی پیاوسالارییەوە بۆیان کێشراوە. لێرەوە ژینوار ڕێگایەکی نوێ پێشکەش بەو ژنانە دەکات کە بەدوای ئازادیدا دەگەڕێن، بەتایبەتی ئەوانەی لە هاوسەرگیری زۆرەملێ یان توندوتیژی ڕزگاریان دەبێت. ژینوار لەسەر بنەمای زانستی ژن و ئابووری کۆمەڵایەتی دامەزراوە. ژنانی ژینوار شێوازی کشتوکاڵی بەردەوامیان پەرەپێداوە کە ڕەگ و ڕیشەی لە کاری بەکۆمەڵ و یەکسانی رەگەزیی و بەڕێوەبردنی ئیکۆلۆژیدا هەیە، لە هەمان کاتدا ئاڵنگاریی میراتی کۆلۆنیالیزم دەکەن و داهاتوویەکی دادپەروەر بنیاتدەنێن هەربۆیە ژنان لە سەرانسەری جیهان پەیوەندی بە گوندی ژینوار دەکەن.

ئەم گوندە لە ٣٠ ماڵ پێک هاتووە و قوتابخانە و نانەواخانە و بنکەی تەندروستی و باخچەی تێدایە. ژنان هەموو کارەکانی ناوگوند بە شێوەی هەرەوەزی بەڕێوەدەبەن، لە لایەن دەستەی ئەنجومەنی گوندەوە بڕیار دەربارەی لایەنەکانی ژیانی رۆژانە و کێشەکان دەدەن. پیاوان دەتوانن سەردانی گوند بکەن و هاوکاربن، بەڵام تەنیا ژن و منداڵ لەوێ دەژین.

ژنۆلۆژی، زانستی ژن

ژنۆلۆژی زانستێکی کۆمەڵایەتیە لەلایەن بزووتنەوەی ژنی کورد داڕێژراوە و بۆ بنیتنانی بەدیلێکی مۆڕاڵی و پراکتیکی لە هەموو بوارەکانی ژیان وەک ئیکۆلۆژی، ئابووری، پەروەردە، تەندروستی، سیاسەت. ژنۆلۆژی ڕەگ و ڕیشەی لە کۆمەڵگادا دەمێنێتەوە و بەها بە زانستێک دەدات لەسەر بنەمای ئەزموونی ژیان و بەرخۆدان پێک هاتووە. ژنۆلۆژی بە سوودوەرگرتن لە مێژووی دوور و درێژی دانایی ژن، تەنانەت لە ئاستی جیهانیدا سروش بەخشە بۆ ژنان و پشتگیری لە بزووتنەوەکانی وەک ژن، ژیان، ئازادی و گوندی ژینوار دەکات، ژنۆلۆژی بۆ کۆمەڵگایەکی ئازاد و ئەخلاقی کاردەکات.

لێرەدا لە دیدگای ژنۆلۆژییەوە شیکاری بۆ کشتوکاڵی نەریتی و کشتوکاڵی پیشەسازی دەکەین:

کشتوکاڵی نەریتی کە داپیران و باپیرانی ئێمە ئەنجامیان داوە ڕەگ و ڕیشەی لە شێوازەکانی کشتوکاڵی کۆمەڵایەتیدایە، جەخت لەسەر بەردەوامیی، پاراستنی جۆراوجۆری زیندوو و تەندروستی خاک دەکات. ژنان لە کۆمەڵگە گوندنشینەکاندا بە شێوەیەکی نەریتی بەڕێوەبەری شێوازی کشتوکاڵی بەردەوام بوون، پەینی سروشتی و کۆنترۆڵکەری سروشتییان بۆ ئافات بەکارهێناوە. لە ژنۆلۆژیدا، کشتوکاڵی نەریتی تەنیا ئامرازێکی بەرهەمدار نییە بۆ بژێوی ژیان بەڵکو کردەیەکی سیاسییە بۆ وەرگرتنەوەی ئۆتۆنۆمی و ئازادی زەوی و سەرچاوەکانی، بەرەنگار بوونەوەی قۆرخکاری و باڵادەستی کشتوکاڵی پیشەسازییە کە هەم ژن و هەم سروشت دەڕەتێنێت. بەشداریکردنی ڕاستەوخۆی ژنە لە بڕیاردان دەربارەی بەرهەم، ئامراز و نەخشەی کشتوکاڵی جەخت لەسەر ڕۆڵی ئەوان وەک بریکاری ئیکۆ-سیاسی و بریکاری کۆمەڵایەتی-فەرهەنگی دەکاتەوە.

لە بەرامبەردا ئەو کشتوکاڵەی لەسەر بنەمای زیهنیەتی پیشەسازیگەرایی دامەزراوە لە لایەن بازاڕکانی جیهان و بەرژەوەندیی کۆمپانیاکانەوە ئاڕاستە دەکرێت، پەیڕەوی لە تاک کشتوکاڵ، بە کاڵاکردنی تۆو واتە کڕین و فرۆشتنی تۆو، بەکارهێنان پێوانە و قڕکەری کیمیایی و بەرهەمە جینییەکان دەکات. ئەم سیستەمە رۆلی ژن بۆ کرێکاری کۆچبەر یان کرێکاری وەرزیی بچوک دەکاتەوە. ژنۆلۆژی ڕەخنە لە کشتوکاڵی پیشەسازی دەگرێت کە هەردوو سروشت و ژن وەک سەرچاوەیەک سەیردەکات کە پێوویستە بڕەتێنرێت و نایەکسانی رەگەزیی بەهێز بکات. کشتوکاڵی پیشەسازی 75%ی رەگەزە سروشتییەکانی لەناوبردووە، لەگەڵ ئەوەشدا تەنیا توانای بەرهەمهێنانی 25%ی خۆراکی جیهانی هەیە. لێکەوتە و قەیرانەکانی ئەم کشتوکاڵە بە شێوەیەکی ناڕێژەیی کاریگەری لەسەر ژنانی پەراوێزخراو هەیە، بەتایبەت لە چوارچێوەی کۆلۆنیالیزمی وەک کوردستاندا، زەوی و رەگەز و سەرچاوەکانیی لە لایەن سیستەمی پیاوسالاری و کۆلۆنیالیزمەوە قۆرخکراوە.

هەوڵ و هەنگاوەکان لە باشوری کوردستان

لە ساڵی هەشتاکاندا و لە ژێر دەسەڵاتی رژێمی بەعسی فاشیست ئیکۆسایدی باشوری کوردستان کرا بەتایبەت لە هەڵمەتی ئەنفال و کیمیابارانکردنی هەڵەبجە و خاپورکردنی نزیکەی ٤ هەزار گوند. لە ساڵانی نەوەدەکان و لەگەڵ بوونی هەرێمێکی سەربەخۆ بەڵام هیچ گرنگییەک بە گوندەکان نەدرا. بەڵکو لە رێی بەرنامەی نەوت بەرامبەر بە خۆراک و پرۆژەی (بە ناو ئاوەدانکردنەوەی گوندەکان لە لایەن رێكخراوە نێودەوڵەتییەکان)، لە سروشت و ژیانی نەریتی و گوندیی خۆیان دابڕێندران. پاشان لە ساڵی ٢٠٠٣ و لەگەڵ پرۆسەی داگیرکردنی عێراق و هاتنی نیولیبرالیزم و پەیڕەوکردنی سیاسەتەکانی بانکی نێودەوڵەتی، سندوقی دراوی نێودەوڵەیی و رێکخراوی بازرگانی جیهانی بە تەواوی کەرتی کشتوکاڵیان کرد بە کەرتێکی پیشەسازی و بازرگانی. لە بەرامبەردا لەسەر ئاستی رێکخراو، تاکەکەس و خێزان خەڵک لە خەمی پاراستنی کەلەپوری کشتوکاڵی نەریتیدان و هەوڵ دەدەن پاریزگاری لێبکەن. لێرەدا دوو نموونە باس دەکەین:

یەکەم: تیمی ژینگەیی رێکخراوی ئازادبوون لە مانگی هەشتی ساڵی رابوردوودا هەڵمەتێکی هۆشیاری لە ژێر دروشمی (ئەو خۆراکەی تۆ دەیخۆت بە ژەهر گەورە کراوە)، بەرێوەبرد. ئامانج لەو هەڵمەتە بریتی بوو لە هۆشیارکردنەوەی خەڵک سەبارەت بە زیانەکانی کشتوکاڵی پیشەسازیی. ئاگادارکردنەوەی خەڵک لە مەترسییەکانی پێوانەی کیمیایی و قڕکەر و ئەو خۆراکانەی جیناتیان دەستکاری کراوە و بەشێوەیەکی باو لە کشتوکاڵی پیشەسازیدا بەرهەمدەهێنرێن.  تیشک خستنە سەر مەترسییە شاراوەکان لە بەکارهێنانی خۆراکی ڕۆژانەدا و هۆکاری تووشبوونی خەڵک بە نەخۆشییە درێژخایەنەکانی وەک شێرپەنجە و تێکچوونی هۆرمۆنەکان. هاندانی خەڵک بۆ پشتگیریکردن لە کشتوکاڵی نەریتی، پەیڕەوکردنی سەروەریی خۆراک، هاندانی جوتیاران بۆ بەکارهێنانی شێوازەکانی کۆنترۆڵکردنی ئافات بەشێوەی نەریتی و سروشتی.  پاشان هەموو ئەو بابەتانەی لە میانی هەڵمەتەکەدا لە چوارچێوەی سیمینار پێشکەش کران کۆکرانەوە و لە دووتوێی کتێبێکدا بە هەمان ناونیشانی دروشمی هەڵمەتەکە چاپ کرا. لە ئێستەدا لە شار و شارۆچکەکانی هەرێم ناساندن و بازنەی گفتوگۆ بۆ قسەکردنی زیاتر دەربارەی ئەم کتیبە و ناوەرۆکەکەی سازدەدرێت. پێش ئەو هەڵمەتە و دوای ئەو هەڵمەتەش بە بەردەوامی تیمەکە گفتوگۆ و سیمینار ئەنجام دەدات دەربارەی کشتوکاڵی نەریتی و چۆنیەتی پاراستنی هەمەچەشنەی زیندەوەر و پاراستنی رەگەزەکانی سروشت.

 دووەم: دەستەی کوردستانی ، پرۆژەی مێژووی زارەکی جووتیاران و دۆخی کشتوکاڵ لە پارێزگای سلێمانی بەرێوە دەبات. ئەم پرۆژەیە مێژووی زارەکی و ژیانی کۆمەڵگە کشتوکاڵییەکان لە پارێزگای سلێمانی بە بەڵگەنامە دەکات و سەرنج دەخاتە سەر تەوەرەکانی سەروەری خۆراک و خۆڕاگری کشتوکاڵی نەریتی. بەڵگەنامەکردن و دەستڕاگەیشتن بە میراتی دەوڵەمەندی پشتگوێخراوی ئەو گەلانەی لێکۆڵینەوەی کەم دەربارە کراوە، کە میرات و زانیارییە کشتوکاڵییە نەریتییەکانیان دەگەڕێتەوە بۆ هەزاران ساڵ لەمەوبەر لە هەرێمێکدا وەک بڕبڕەی پشتی ئابووریی خۆراکی کوردستان و عێراق لە مێژوودا، باس دەکرێت. توێژینەوەکە پرسیاری زۆر شرۆڤە دەکات لەوانە، چۆن شایەتحاڵی تۆمارنەکراوی جووتیاران، نەریتە کشتوکاڵییەکان و میراتەکانیان یارمەتیدەردەبن لە بەهێزکردن و بنیاتنانی هۆشیاری سەبارەت بەم کۆمەڵگە پەراوێزخراوانە؛ چۆن گفتوگۆ و بەشداریکردن سەبارەت بە سەروەری خۆراک لە ناوخۆ و لە دەرەوەی وڵاتدا چالاک بکات؟ پارێزەرانی تۆوی ناوخۆیی کێن و چ جۆرە تۆوێکیان پاراستووە؟

ئامانجی توێژینەوەکە بۆ تۆمارکردن و بە بەڵگەنامەکردنی شایەتحاڵی و پراکتیکەکانی جووتیاری کورد و ژنانی جووتیارە کە بەشدارییەکانیان بە نەبینراوی ماوەتەوە. هۆشیارکردنەوەی خەڵک سەبارەت بەو ئاستەنگانەی کە ڕووبەڕووی ئەم کۆمەڵگایانە دەبنەوە و هەروەها بەشداری و دەستکەوتەکانیان لە ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیدا. بەهێزکردن و کۆکردنەوەی جووتیاران لەڕێگەی بڵاوکردنەوەی چیرۆکەکانیان و دروستکردنی پەیوەندی لە سەرانسەری کۆمەڵگە کشتوکاڵییەکان بۆ ئەوەی بتوانرێت پشتگیری و داکۆکیکردن لە دۆزی خۆیان بکەن. هاندانی بەشداریکردنی گشتی و کەسانی ئەکادیمی بە ئامانجی سازدانی گفتوگۆ لە نێوان جووتیار، خوێندکار و لایەنە پەیوەندیدارەکان سەبارەت بە ڕۆڵ و بەرپرسیارێتییان لە بەردەوامییدان بە کۆمەڵگەکەمان و هێشتنەوەی سەروەری خۆراک. ئامانجی درێژخایەنی ئەم پڕۆژەیە بریتییە لە خستنەڕووی شایەتحاڵی گەلانی ناوخۆیی، مێژووی ژیان و بەشدارییەکانیان لەناو تۆڕەکانی سەروەری خۆراکی ئەکادیمی و گشتی ناوخۆیی و جیهانیدا بۆ فێربوون لە میراتی خۆڕاگریان، چالاککردنی گفتوگۆ و بەهێزکردنی ڕۆڵەکانیان بە تایبەت مشتومڕی تایبەت بە کۆلۆنیالیزەکردن.

رێکخراوی ئازادبوون و دەستەی کوردستانی چەندین چالاکی پێکەوەییان بە هاوبەشی ئەنجامداوە وەک پانێڵی بنەتۆو، مێزگردی جوتیاران، نمایشی فیلمی دەستی ماندوو لەسەر سکی تێرە.

دەرفەت و ئاڵنگارییەکانی بەردەم کورد:

  • * لە مرۆدا دەرفەت بۆ هاودەنگی نێونەتەوەیی هەیە بە ئامانجی بەدەستهێنانی دادپەروەری ژینگەیی.
  • * ئەو ڕووبارانەی بەناو وڵات و شارەکاندا تێپەردەبن، وەک دیجلە، زابی گەورە، سیروان، زابی بچووک، لەلایەن دەوڵەتانی دوژمنکارانەی تورکیا و ئێرانەوە کۆنترۆڵ دەکرێن یان دەیگرنەوە.
  • * پڕۆژە گەورەکانی کارەبای ئاو وەک ئامرازی کۆنترۆڵکردن بەکارهێنراون، سەدان هەزار کەسیان ئاوارە کردووە و تەواوی شارۆچکەکانیان لە ژێر کۆگای پرۆژەکانیاندا نوقم کردووە.
  • * لەناوبردنی ئیکۆلۆژی وەک چەکی شەڕ لە لایەن داگیرکارانەوە دژی کورد بەکاردەهێنرێت، لێرەدا دوو نموونە سەبارەت بەم ئاڵنگارییە باس دەکەم.

یەکەم: حەسەنکێف شارۆچکەیەکی شوێنەواری دێرینە و زیاتر لە ١٢ هەزار ساڵ مێژووی مرۆڤایەتی هەیە. لە ڕووی کولتووری و ئیکۆلۆژییەوە یەکێک بوو لە شوێنە گرنگەکانی باکوری کوردستان. شارۆچکەکە بە شێوەیەکی کارەساتبار ژێرئاوکەوت لە چوارچێوەی پڕۆژەی مشتومڕاوی بەنداوی ئیلیسو لە تورکیا.

لە وێنەی یەکەمدا شارێکی پڕ لە ژیان و جوانی دەبینین و بەڵام وێنەی دووەم و سێیەم زۆر شتمان پێدەڵێت.

دووەم: دەریاچەی ورمێ-دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و حکومەتی ئێران زیاتر لە ٥٠ بەنداوی لە ناوچەی ورمێ دروست کردووە و هۆکاری سەرەکی بوو بۆ دروستبوونی قەیرانی ژینگەیی دەریاچەکە. دەریاچەی ورمێ یەکێک بوو لە گەورەترین دەریاچە خوێییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەروەها گەورەترین دەریاچەی کوردستان بوو تا وشک بوو. ئەم دەریاچەیە لە ڕیزی بیست گەورەترین دەریاچەی جیهان بووە و دووەم سوێرترین دەریاچە بووە دوای دەریای مردوو.

وێنەی دووەم و سێیەم وشکبوونی ورمێ نیشان دەدەن

لە کۆتاییدا

ئیکۆفێمینیزم یارمەتیدەرمانە بۆ تێگەیشتن لە سیستەمە باڵادەستەکانی، کۆلۆنیالیزم، پیاوسالاری و سەرمایەداری کە ئامانجیان رەتاندنی ژن و سروشتە، دەبنە هۆی شێواندن و تێکدانی زانیاری نەریتی و شێوازی ژیانی گەل و نەتەوە رەسەنەکان. بەڵام ژنی کورد نەبوونە قوربانی. بەڵکو لە ڕێگەی بەرخۆدان و تێکۆشانەوە بەردەوامن لە ئاوەدانکردنەوە. یەکێک لە بەھێزترین دەربڕینەکانی ئەمە ژنۆلۆژی، زانستی ژن و ژیانە. ژنۆلۆژی ئالنگاریی سیستەمی مەعریفەی پیاوسالاری دەکات و ڕێبازێکی ئەخلاقی، کۆمەڵایەتی و پراکتیکی پێشکەش دەکات بۆ ڕاستی، کە لەسەر بنەمای ئەزموونە ژیاوەکانی ژنان، بەڕێوەبردنی ئیکۆلۆژی و گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی دامەزراوە.هاوکات لە ڕووی مەعریفی و پراکتیکەوە بەرنامەی گۆڕانکاری و وەرچەرخانی گەورە و دیاری لە زیهنییەت و کەسایەتی پیاودا وەک ئەزموونێکی کەڵەبووی تێکۆشان هەیە. هەر ئەم وەرچەرخانەش خاڵی جیاکەرەوە و بەهێزی ژنۆلۆژییە. ژینوار، گوندی ژنانی ئیکۆلۆژی لە ڕۆژاڤا، ژنۆلۆژی لە ئەرزی واقیعدا پەراوە دەکات. ژینوار پانتاییەکە ژنان سەربەخۆیی بۆ زەوی وەردەگرنەوە لە ڕێی بەرخۆدان لە پراکتیکی ڕۆژانەی گوندەکەوە. کشتوکاڵی ئیکۆلۆژی، ئیکۆفێمینیزم و ژنۆلۆژی پێکەوە دیدێکی زیندوو بۆ بنیاتنانی جیهانێکی دادپەروەر و بەردەوام، پێشکەش دەکەن.

ئەم بابەتە وەک کۆڕێکی سەرهێڵ لە لایەن ئەکادیمیای ژنۆلۆژی بۆ هەڵوێست کەریم رێکخرا. دەتوانن ڤیدیۆیەکەی لێرەدا ببینن

تێبینی/

*مۆنۆکەڵجەر: واتە چاندنی تەنیا یەک جۆر تۆویان بەخێوکردنی تەنیا یەک جۆر ئاژەڵ لەسەر ڕووبەرێکی دیاریکراودا زەویی کشتوکاڵی.

*ئەم بابەتە لە ٢٧ حوزەیران ٢٠٢٥،   لە وێبنارێکی تۆڕی نێونەتەوەیی بۆ جێگرەوەکان پێشکەش کرا.

*ئەم بابەتە لە ٦ ئاب ٢٠٢٥، لە وێنارێکی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی پێشکەش کرا.

سەرچاوە:

دەروازەیەک بۆ ژنۆلۆژی، ئامادەکردنی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی، چاپی دووەم، ٢٠٢٠.

Vandana Shiva (1993)، Women and Nature
Ariel Salleh (2017)، Ecofeminism as Politics.
https://mesopotamia.coop/coops/jinwar/
https://internationalistcommune.com/jinwar/
https://www.history.com/articles/fertile-crescent
https://mesopotamia.coop/jineology-knowledge-experience-and-science-of-women/
https://mesopotamia.coop/jinwar-women-and-mothers-resistance/
https://balkangreenenergynews.com/turkey-completes-worlds-fifth-highest-arch-dam-with-hydropower-plant/
https://nesarrecord.com/2024/04/28/planting-the-seeds-of-a-sustainable-future/
https://kurdistanchronicle.com/babat/3309

بابەتی پەیوەندیدار