لە ژنۆلۆژی دا ڕێبازی پێداگۆگیانەی ئازادیخوازی ژن

پەروەردە لە ئێستا و لە مێژوودا ڕەهەندێکی کارێکی ژنانە و لە هەمان کاتدا بنەڕەتیترین ئەرکی ژیانی کۆمەڵگەیە. ئەمە وەک ژنانی کۆمەڵگەیەک دەڵێین کە بە قووڵی ئازاری ئەوەی چەشتووە کە دەوڵەت و پیاوانی دەسەڵاتدار ئەم بەرپرسیارێتییە بنەڕەتییە ژیانییەیان لێ سەندووینەتەوە. بەر لەوەی ڕێبازە پەروەردەییەکانمان، شێوازە خوێندنەکانمان، بەرنامەکانمان و ئەوەی چۆن ئەکادیمیاکانمان لە چوارچێوەی ژنۆلۆژیدا شێوەیان گرتووە ڕوو بکەینەوە، پێویستە کەمێک باس لە واقیعی کۆمەڵایەتی کوردستان بکەین. چونکە هەر کۆمەڵگەیەک پێویستی بە پەروەردەیەکە کە ئەندامەکانی بتوانن خۆیان پێناسە بکەن و لە مانای خۆیان تێبگەن، درێژە بە ژیانیان بدەن، خۆیان بپارێزن و بە ئازادی لە ڕاستییە کولتووری و کۆمەڵایەتییەکانیاندا بژین. بۆ ڕەگەز، گەل، چین و کۆمەڵگە داگیرکراوەکان، پەروەردە یەکێکە لە سەرەکیترین بوارەکانی خەباتی بوون و نەبوون. ئەو گەلانەی هەزاران ساڵە لە کەوانی زێڕین یان میزۆپۆتامیا دەژین و کورد یەکێکە لەم گەلانە، سیستەمی پەروەردەی تایبەت بە خۆیان هەیە. کورد یەکێکە لە گەلانی ئاری کە لە مێژوودا بە ڕیشە جیاوازەکانی هووری، میتانی، ماد، کاردووخا و هتد ناسراون و هەتا ئەمڕۆش لە هەمان هەرێمدا نیشتەجێن. پەروەردە کە چالاکییەکی کۆمەڵایەتی بووە زۆر پێش دروستبوونی دەوڵەت هەبووە، لە کۆمەڵگەی کوردیدا وەک لە زۆر کۆمەڵگەی دیکەدا ڕۆڵی هەبووە لە ئامادەکردنی تاک بۆ ژیانی کۆمەڵایەتی. لە ڕێی ئەو شێوازانەی پەرەی پێدراوە یارمەتی تاک دەدات ڕێ لەسەر دروستکردنی کەسایەتی بکاتەوە و بە ئازادی لە کۆمەڵگەدا بەشداری بکات.

شوێنەوارەکانی ئەمە لە ئێتیمۆلۆژی زمانی کوردی و مانا زاراوەییەکانی وشە کوردییەکانی پەروەردە کە واتای خوێندن، فێربوون، هینبوون، هەبوون کە بە واتای فێربوون دێت، دەدۆزینەوە. وشەی پەروەردە لە ڕیشەی وشەی باڵگرتنەوە، ئامادەکردن بۆ فڕین هەیە. پاشگری بوون لە کۆتایی وشەی فێربوون دەربڕی بەدیهێنانە. ئەم ڕیشە ئەتیمۆلۆژییە پیشانی دەدات کە پەروەردە لەو ڕوانگەیەوە مامەڵەی لەگەڵ ناکرێت کە فەرمان دەدات و لە قاڵب دەدات. ڕوانگەیەکی پەروەردەیی کە توانا ناوەکیەکانی تاک دەجوڵێنیت، ڕوانگەی پەرورەدەناسی کولتوورە دێرینەکەی ئەم خاکەیە. پەروەردە وەک پرۆسەیەکی دروستبوون پێناسە دەکرێت کە تاک لەسەر پێی خۆی ڕاوەستێت و بفڕێت.

لە زەردەشتیدا کە کۆنترین سیستەمی باوەڕی کوردە، منداڵان لە ڕێگەی ڕێوڕەسمەکانی پێگەیشتنەوە کە پێیان دەوترێت نەڤجۆتە بۆ کۆمەڵگە ئامادە دەکرێن و پێش ئەم ڕێوڕەسمانە پەروەردەیەک تۆکمە دەکرێن. ئەمڕۆ، سیستەمی باوەڕی کوردانی یارسان، کاکەیی، زەردەشتی، ئێزیدی و عەلەوییەکان شوێنەواری شێوازە پەروەردەییەکانی ئەم سەردەمە کۆنانەیان تێدا ماوە. هەر خێزانێک و تاکێک مامۆستایەکی هەیە پێی دەوترێت ‘پیر’ کە زانیاری ئایینی و ژیانیان فێر دەکات. ئەمە وەک ڕێبەرێک ناسراوە نەک وەک چینێکی پلەبەندی. ئەمە پەیوەندییەکە بە درێژایی تەمەن. لە کاتە دیاریکراوەکانی ساڵدا، تاکەکان بە پرۆسەیەکی ڕەخنە و ڕەخنەدان دەچن. لەبەردەم کۆمەڵگەی خۆیاندا لە ئاهەنگەکاندا کە پێیان دەوترێت جەم، سەما یان دارا چەکمە. ئەمەش ڕێگەیەکە بۆ دامەزراندنی ڕایەڵەی زانین و ژیان. ئامانجی ئەوەیە کە فەلسەفەیەکی ژیان بە خەڵک ببەخشێت. ڕوانگە فەلسەفییەکەی ئەم باوەڕانە، بە خۆشەویستی بۆ مرۆڤایەتی، سروشت و بەهاکانی ژیانی کۆمەڵایەتی دیاری دەکرێت. بەهۆی کۆمەڵکوژی و هێرشەکانەوە، بیرۆکە فەلسەفییەکانی ئەم کۆمەڵانە تەنیا توانیوویانە لە ڕێگەی مۆسیقا و چیرۆکەکانەوە بەردەوامی بە خۆیان بدەن، بەڵام ناتوانراوە بۆ دامەزراوەی پەروەردەیی هاوچەرخ بگۆڕدرێن.

لە کۆمەڵگەکانی ئێزیدی بە ڕێی قەول، عەلەوی، یارسان و کاکەییدا، هۆنراوەی خاوەن ناوەرۆکی فەلسەفی کە پێیان دەوترێت گولبانگ یان دەییش و بە مۆسیقاوە پێشکەش دەکرێن. بە تایبەتی لە کۆمەڵگەی یارساندا، دەیان ژنی هۆنەر هەن کە ئەم هۆنراوانە دەڵێنەوە. بەڵام ئەمڕۆ، ئەوانە بوونەتە داب و نەریت نەک بابەتی پەروەردەیی کە پێداویستییە کۆمەڵایەتییەکان دابین دەکات، واتە بە شێوەیەکی بەرفراوان کارکرد و ئامانجی ڕاستەقینەیان لەدەست داوە. لەنێو کوردانی سەر بە مەزهەبی حەنەفی و شافیعیدا، خوێندنگەکان ئەم کارەیان کردووە. ئەومەدرەسانەی کە بە کوردی پەروەردەیان دەدا، کۆمەکێکی گەورەیان لە گەشەپێدانی زمان و ئەدەبی کوردیدا کردووە. فەلسەفە، مێژوو و ئەدەبیش لەم مەدرسانەدا فێر دەکران. ژمارەیەکی زۆر سنووردار لە ژنانیش دەرفەتی خوێندنیان لەم دامەزراوانەدا هەبوو. بەڵام بە گشتی، جگە لە چینی ئەرستۆکرات، ژنان لە کوردستاندا ڕیی خوێندنیان لە خوێندنگە نەبوو. بەهۆی دۆخی داگیرکراویی کوردستانەوە، ئەزموونی پەروەردە و دامەزراوە پەروەردەییەکانی خودی کۆمەڵگە بچوک دەبینران و کۆمەڵگەی کورد وەک کۆمەڵگەیەکی نەزان نیشان دەدرا کە پێویستی بە پەروەردە و شارستانیکردن هەیە.

لە دوو سەدەی ڕابردوودا، پەروەردە بۆ کورد مانایەکی پێچەوانەی مانا ئەتیمۆلۆژییەکەی چەمکی پەروەردە وەرگرت. پەروەردەی کۆلۆنیالیست، بووە ئامرازێک بۆ ئەوەی کورد لە بوونی خۆیان کران، ئاسیملە کران و لە خۆیان نامۆ کران. لە کوردستانی دابەشکراو بە چوار بەش، منداڵان پەروەردەیان بە زمانی دایک وەرنەگرت، بەڵکو بەو پرۆسە پەروەردەییانەدا تێپەڕێنران کە نەتەوەپەرستی عەرەبی، فارسی و تورکیان لە مێشکیاندا دەچاند. دەیان ساڵ، منداڵانی کورد لە لە خوێندنگەکاندا تووشی تراوما بوون، بە هۆی قەدەغە و پێشگوێخستنی زمانی دایک و ناسنامەیان. ئەم منداڵانە لەم خوێندنگانەی ڕووبەڕووی پرۆسەی بەتورککردن، بەفارسکردن یان تەعریب دەکرانەوە، لە کۆمەڵگەی خۆیان نامۆ دەبوون و زمانیان لەبیر دەکرد و مەحکوم دەکران بە دابڕانیان لە ناسنامەیان. لەبەر ئەوەی ژنان بەهۆی نەریتە باوکسالارە فیودالییەکانەوە ڕێگەیان پێنادرێت بخوێنن یان کار بکەن، لە مافی پەروەردە بێبەش دەکرێن. ئەم دۆخە بووە هۆی چەوسانەوەیان لە خێزان و کۆمەڵگەدا. ئەوەش بە شێوەیەکی تر ڕێگری لەوە کرد کە لە دامەزراوە داگیرکراوەکاندا هاوشێوە بکرێن و ژنانی کورد بەو پێیە بوونە پارێزەری زمانی دایک و کولتووری کوردی لە ڕووبەرەکانی خێزاندا. بزووتنەوە لیبرال فێمینیستەکانی لەگەڵ دەوڵەتدا کاریان دەکرد کە بێ ئەوەی داگیرکەری بخەنە ژێر پرسیارەوە، ژنانی کورد لە ڕێگەی کەمپەینە جۆراوجۆرەکانەوە بەکێشی خوێندنی زمانی سەپێنراو بکەن. منداڵانی کورد، بە تایبەتی ژنان، لە هەندێک هەرێمدا بە زۆر لە خێزانەکانیان جیا کرانەوە و بە پەروەردە لە خوێندنگە ناوخۆییەکانی هەرێمی، لە شارە جیاوازەکاندا ئاسیملە دەکران.

سەرەڕای هەموو ئەمانەش، ئەو گەنجانەی توانیان بخوێنن بە کاریگەری بزووتنەوە شۆڕشگێڕییەکانی جیهان داگیرکاری و سەرمایەداریان ناسی و تێگەیشتن کە کوردستانیش داگیرکراوێکە. بە کاریگەری بزووتنەوەی گەنجانی ١٩٦٨ەوە، پەکەکە و ڕێبەر عەبدوڵڵا ئۆجالان کە لەنێو خوێندکارانی زانکۆوە دەرکەوتن، پەروەردەیان کردە بنەڕەتیترین کاری شۆڕشگێڕانە. ئەو چالاکییانەی بە خوێندنەوە و گفتوگۆ لەسەر پەرتوک لە کۆمۆنەکانی ماڵی خوێندکارانەوە دەستی پێکرد و گۆڕینی ئەم گفتوگۆیانە بۆ کاری نووسراو، مۆدێلی ئەکادیمیای هێنایە ئاراوە کە ئەمڕۆ ڕوانگەی پەروەردەیی بزووتنەوەی ئازادیخوازی کوردستان و ژنۆلۆژی دیاری دەکات.

لە تەنیشت پەروەردەی سەربازی، دەست بە پەروەردەی سیاسی و فەلسەفی کرا لە کەمپەکانی ڕێکخراوی ئازادیخوازی فەلەستینەوە و پاشان لە ئەکادیمیای دیمەشقدا دەیان ساڵ، ئەم چالاکییانە ڕوانگەیەکی پەداگۆگی بێهاوتا و مۆدێلێکی ئەکادیمیای هێنایە ئاراوە. هەزاران کەس لەم ئەکادیمیانەدا پەروەردە کران. لە هەموو بوارێکەوە لە کەمپە گەریلاییەکانەوە، کۆمۆنی خوێندکار و کرێکاران، گەڕەک و گوندەکان تا بوارە ئەکادیمییەکان، ئەو ڕوانگە پەداگۆگییەی کە لەم ئەزموونەوە هات کرایە بناغەیەک. ئەکادیمیا لە هەموو ئەو هەرێمانە دامەزرێنرا کە بزووتنەوەی ئازادیخوازی کوردستان کاریگەری تێدا هەبوو. ئەم ئەکادیمیانە بەبێ پچڕان، بەردەوامن لە ئەنجامدانی کاری پەروەردەیی.

 

لە ساڵی ٢٠٠٤ەوە، مۆدێلی ڕێکخستنی بزووتنەوەی ئازادیخوازی کوردستان پێکهاتەی کۆنفیدراڵی دیموکراتیکە. ئەم سیستەمە لەسەر بنەمای کۆمۆن، ئەنجومەن، ئەکادیمیا و هەرەوەرزی ( کۆپەراتیڤ)ە کان دامەزراوە. لەم ڕووەوە، کولتوور و هونەر، خۆپاراستن، ژنان، گەنجان، ئابووری، سیاسەت و هەموو بوارێک کە بیری لێدەکرێتەوە، ئەکادیمیای تایبەت بە خۆی هەیە. بە شۆڕشی ١٠ ساڵەی ڕۆژئاڤاوە، دەیان ئەکادیمیا لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کاری پەروەردەیی بەبێ پچڕان ئەنجام دەدەن. لەم ئەکادیمیانەدا، چالاکی ئەکادیمی دامەزراو لە هەموو بوارێکەوە، لە سیاسەتەوە تا خۆپاراستن، لە ئازادیخوازی ژنانەوە تا ئابووری، لە کولتوور و هونەرەوە تا لێکۆڵینەوەی ڕۆژنامەوانی ئەنجام دەدرێت.

 

هاوکات پەرە بە سیستەمێکی پەروەردەیی خۆسەریش درا بۆ ژنان. لەم پەروەردانەدا کە وەک ‘پەروەردەی خۆسەر’ پێناسە دەکرێن، ژنان خۆیان و یەکتر پەروەردە دەکەن. ئەم پەروەردانە ڕۆڵێکی زۆر گرنگیان هەیە لە لاوازکردنی کاریگەرییە کۆمەڵناسی-دەروونییەکانی کۆمەڵگەی ڕەگەزگەرا- سێکسیست و نەریتەکانی باوکسالاری لەسەر ژنان و لە بەهێزکردنی بەتوانای ژنان بۆ بونیادنان و بەڕێوەبردنی شوێنەکانی ژیان و دامەزراوەکان. پەروەردە خۆسەرییەکان ڕۆڵی بەهێزکەریان هەبووە لە پەرەپێدانی هێزی بیرکردنەوە، بەدەستهێنانی متمانە بە خۆبوون، هاوبەشیکردن و شیکردنەوەی ئەزموونەکانی ژیان بەبێ نیگەرانی و دامەزراندنی ڕایەڵەی هەڤاڵێتی و هاوڕێیەتی لەنێوان ژناندا. ‘ پەروەردەی خۆسەر’ بۆ پیاوانیش ڕێکدەخرێن، بەڵام ئەم پەروەردانە لەلایەن ژنانەوە دەدرێن. چەندین ساڵە کۆرسەکانی وەک ڕەگەز، مێژووی ئازادیخوازی ژنان و ژنۆلۆژی بە تەواوی لەلایەن ژنانەوە دەوترێنەوە. کاری شیکردنەوەی ئەزموونەکانی ژیانی پیاوان و دروستکردنی ڕوانگەیەک لەسەر خۆیان، لەلایەن کۆمیسیۆنەکانی کۆرسەکانەوە ئەنجام دەدرێت کە پێکهاتوون لە ژنان. ئەم وانانە لەسەر بنەمای ڕێنماییەکانی ساڵی ١٩٩٦ی عەبدوڵڵا ئۆجالان لەسەر تیۆری کوشتنی پیاوێتی و پڕۆژەی بزووتنەوەی ئازادیخوازی ژنانی کوردستان بۆ گۆڕانکاری لە پیاواندا ئەنجام دەدرێت. ئامانجەکانی ئەم کۆرسانە دیموکراتیزکردنی خێزان، نەهێشتنی دەستەواژە و ڕەفتاری سێکسیست- ڕەگەزگەراییەکانە و هەروەها پەرەپێدانی پەیوەندی فەلسەفی، زانستی، یەکسان و ئازادیخوازانەیە لەنێوان پیاو و ژندا.

ڕوانگە پەداگۆگی ئەلتەرناتیڤی ژنۆلۆژی بە شێوەیەکی سەرەکی لەسەر ئەزموونی نزیکەی ٥٠ ساڵی تێکۆشانی بزوتنەوەی ئازادی کوردستان دامەزراوە. بە دەوڵەمەندکردنی ئەزموونەکانی بزووتنەوەی ئازادیخوازی ژنان و ڕوانگە پەداگۆگییەکانی دامەزراو لەسەر شیکردنەوەکانی کۆلۆنیالیزم، لەبەرەوە دەگۆڕێت بۆ تیۆر و پراکتیکێکی پەداگۆگی ئازادیخوازی ژن لە هەموو بوارێکی ژیاندا. لایەنە هاوبەشەکانی نێوان ژنان و کۆمەڵگە کۆلۆنیکراوەکان ئەم ڕوانگە پەداگۆگییە دەکاتە پێویستی. نزیکەی ٨ ساڵە، بە رێگای کۆرس، کەمپ و ئەکادیمیاکانی پەروەردە، گروپەکانی کار و گفتوگۆ، ئەکادیمی گەرۆک، سیمینار، گفتوگۆکانی بەکۆمەڵ و چالاکی پەروەردەیی لە سەرانسەری جیهاندا لە چوارچێوەی ژنۆلۆژیدا ئەنجام دراوە. پەروەردەی تێکەڵیش ڕێک دەخرێن، تەنها بۆ ژنان یان تەنها بۆ پیاوان یان تێکەڵ. بابەت و شێوازە هەڵبژێردراوەکان بەپێی پێداویستییەکانی پێکهاتەکان دیاری دەکرێن. دوای هەر پەروەردەیەک، بۆچوون لەسەر ناوەڕۆک و شێوازی پەروەردەکە وەردەگیرێت و لەگەڵ ئەکادیمیای ژنۆلۆژی بەش دەکرێن و لێکۆڵینەوەکان بەپێی پێداویستییەکانی واقیعی کۆمەڵناسی ئەنجام دەدرێن. ئەگەر بە شێوەیەکی بەرجەستەتر دەریببڕین، دەتوانین هەندێک لەو بابەتانەی ڕوانگە پەداگۆگییەکەمان دەیەوێت چارەسەری بۆ دابین بکات، بەم شێوەیەیە:

١. ئامانجی پەروەردە ئەوەیە کە تواناسازی لە تاک و کۆمەڵگە پێش بخات و بگاتە ئاستی ” خۆبوون“: چەمکی خۆبوون پەیوەندییەک لەنێوان بوون و هۆشیاری دەکاتە پێداویستیەک. لەکاتێکدا ئەو جوگرافیایەی تێیدا دەژین، واقیعە کولتووری- کۆمەڵایەتییەی شێوەی بە بوونمان داوە، لایەنێکی دیکە ئەو وێرانکاریی، هاوشێوەکردن و لەناوبردنەیە کە ئایدۆلۆژیاکانی دەسەڵات ئەنجامیان داوە لە کەسایەتیدا. لەم ڕووەوە، فێربوونی واقیعی مێژووی کۆمەڵناسیمان شتێکی بنەڕەتییە لە ڕوانگە پەداگۆگییەکەماندا. کاتێک بە واقیعی کۆمەڵایەتی کورد ئاشنا دەبین، دەرفەتمان بۆ دەڕەخسێت کە زانینی واقیعی کۆمەڵایەتیمان نوێ بکەینەوە و شوێنەوارەکانی داگیرکەریی لە کەسایەتییەکان وەلابنێین. ئەو ڕێبازە زیاتریش بۆ ژنان ڕاستە. ئێمە لە پەروەرەکاندا توانای ژنان دەهێننە ئاراوە لە بونیادنانی بوارەکانی ژناندا، بە دانایی مێژوویی، بە هەستیاری ژینگەیی و بەرخودان، بەکارهێنانی ژنان لەلایەن ئایدۆلۆژیا ڕەگەزگەراییەکەی دەسەڵاتدارێتی، سیستەمی باوکسالاری  و سەرمایەداری ئاشکرا دەکەین. بە دامەزراندنی وەها پەیوەندییەک لەنێوان بوون و هۆشیاری، پەروەردەکانمان بنەمای ‘خۆت بناسە’ی بە دانایانی دێرین پەیڕەو دەکەن.

٢. لە پەروەردەکاندا، بە ڕێبازی شیکاریی پەیوەندی نێوان زانین و ژیان دامەزرێنین

لە چوارچێوەی بابەتێکدا، کەس لە کوێی بابەتە گفتوگۆکراوەکەدایە، چۆن ئەم زانینە لە ژیانیدا جێبەجێ دەکات یان بۆچی جێبەجێی ناکات بە ڕێبازێکی بەکۆمەڵ دەخرێتە ژێر پرسیارەوە. بۆ نموونە، کاتێک باس لە ڕەگەز دەکرێت، لە تاکەکە دەپرسرێت نموونە لە منداڵی یان ژیانی ئێستای بهێنێتەوە، شیکردنەوەی لەسەر بکات کە پاشان لەلایەن پێکهاتەی خوێندنگەوە دەگۆڕدرێت بۆ پرسیار و بینینی بۆ تاکەکە. لە ژینگەی پەروەردەیی، ڕەفتاریش دەتوانێت بابەتی ئەم شیکردنەوانە بێت. لە وانەیەکی ڕەگەزدا، پیاوێک هۆکارەکانی بە کەمزانینی ژنان و بەکارهێنانی توندوتیژی دەخاتە ژێر پرسیارەوە. ژنێک هۆکارەکانی ئەوە ئاشکرا دەکات کە بۆچی خۆی بە ناتەواو دەزانێت و چاوەڕوانی ئەوە دەکات پیاوان بیپارێزن. ئەمەش کۆمەک دەکات لە کۆمەڵایەتیبوون، هاوسۆزی، ناسینی یەکتری و گۆڕانکاری. لە هەر ئەکادیمیایەکدا، وەرزش، چالاکی هونەری، خوێندنەوە یان پەروەردەی تەکنیکی جیاواز دابین دەکرێت.

٣. شوێنی ڕاهێنان، ڕاهێنەر و پێکهاتەی ڕاهێنان بەپێی پێداویستی و ئەگەرەکان دیاری دەکرێت

ئەکادیمیا، ڕوانگەی هەموو چالاکیەکە پەروەردەییەکانە. چونکە ئەکادیمیا ڕێبازێکی نەرمی پەروەردەیە لە ڕووی ماوە، پێکهاتە و شوێنەوە. جارێک لەژێر دارێک، لە باخچەی ماڵێک، جارێک لە جێی حەوانەوەی زانکۆیەک، لە چادرێکی پەنابەراندا، لەژێر بەردێک لە چیا یان لە ژوورێکدا. شوێنی پەروەردە زۆرجار بە شێوەیەکی کۆمەڵایەتی ئامادە دەکرێت. چێشتلێنەر، پاکژکەرەوە، بەڕێوەبەر، نووسەر یان پاسەوان نییە. تاکەکان یان کۆمەڵێک تاک لە پێکهاتەی پەروەردەوە ڕۆژانە دەبنە ئیشکگر بۆ جێبەجێکردنی ئەم ئەرکانە. سەرکەوتن یان شکست لە جێبەجێکردنی ئەم ئەرکانە لە پەروەردەکاندا هەڵدەسەنگێندرێت. ئایا کەسەکە نابەرپرسیارە؟ ئایا خۆپەرستە؟ ئایا ئازاردەرە؟ ئایا چاکسازە؟ ئایا داهێنەرە؟ دیموکراتیکە؟ زۆربەی کات، ئەو ئەنجامانەی لە ئەنجامدانی ئەم ئەرکە ژیانییانەدا دەردەکەون زیاتر واقیعی کەسایەتی ئاشکرا دەکەن وەک لە خۆهەڵسەنگاندنەکانی پەروەردەدا. پەروەردەکاران دەتوانن لە ناوەوە یان دەرەوەی پێکهاتە پەروەردەییەکە بن. بەڵام لە حاڵەتی هاتنی کەسێکی دەرەوە، دوو کەس لە ئەکادیمیاکەوەش لەگەڵ ئەم پەروەردەکارە، پێکەوە وانەکە دەڵێنەوە. پێکهاتەیەکی هاوسەنگ پەسەندترە لە پۆلێنی دیاریکراو لە پێکهاتەی پەروەردەدا. ئەم هاوسەنگییە لەسەر پێکهاتە یەکترتەواوکەرەکان دامەزراوە لە ڕووی تەمەن، ڕەگەز، خوێندەواری و پەروەردەی پێشوویەوە. بەم شێوەیە، نموونەیەکی واقیعی گشتی کۆمەڵایەتی ئاشکرا دەبێت و ناکۆکییەکانی نێوان نەوە، ڕەگەز و چینەکان، پەروەردەکە کاریگەرتر دەکات. لە ژینگەی پەروەردەیی، ئامانج ئەوە نییە کە لە پرۆسەی پەروەردەدا ڕێگری لە ململانێی نێوان واقیعە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکان بکرێت، بەڵکو گرنگە کە هێزی چارەسەرکردنی ئەم ململانێ کۆمەڵایەتییانە ئاشکرا بکرێت.

٤. ڕێکخستنی ژیان ئامانجی پەرەپێدانی ژیانی کۆمەڵایەتییە

هەوڵدەدرێت توانای کۆمەڵایەتیبوون نەک تەنها بەو کەسانەی خۆشیان دەوێن و زیاتر خاڵی هاوبەشیان هەیە، بەڵکو بە گشتی لەگەڵ هەموو کەسێک، بە بەشداربووان بدرێت. لەبەر ئەم هۆکارە، پێکهاتەی ئەو کەسانەی لە شوێنە هاوبەشەکاندا پێکەوە دەمێننەوە، لە ماوەی دیاریکراودا دەگۆڕدرێت. ڕێگە بە هیچ تاکێک نادرێت خۆی بەسەر ژینگەکەدا زاڵ بکات یان لاواز بخرێت. تاک فێری ئەوە دەبێت کە چۆن لەناو ئەم پەیوەندییانەدا کۆمەڵایەتیبوون بەدەست بهێنێت، بەبێ ئەوەی ناسنامەکەی لەدەست بدات. توانای متمانەکردن بە یەکتر، گفتوگۆ لەگەڵ هەموو کەسێک دەکرێت و گوێ لە هەموو کەسێک دەگیرێت. لە ڕێگەی ‘سیستەمی ئەنجومەن و کۆبوونەوە’ەوە، کە دەرفەتی هەڵسەنگاندنی چالاکییە ڕۆژانەیی یان چەند ڕۆژێک و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان دەدات، پەرەسەندنی پەروەردە، ژیان، ئەرک و بەرپرسیارێتییەکان هەڵدەسەنگێنرێت. لە ڕێگەی ڕەخنە و ڕەخنەدان لەم کۆبوونەوەی هەڵسەنگاندنانەدا، کێشە و پەرەسەندنە ئەرێنییەکان لە سیستەمی قوتابخانە، بەرنامە، پەروەردەکاران و ئەو پێکهاتانەی بەشداری پەروەردە دەکەن، هەڵدەسەنگێنرێت و کێشەکان بە شێوەیەکی گونجاو چارەسەر دەکرێن. بە ڕێبازێکی دیموکراتیانە، پلانەکان بە ئیرادەی هاوبەش دادەڕژرێن و هەرەوەزییانەش جێبەجێ دەکرێن.

٥. بەرنامەی پەروەردە بەپێی پێداویستییەکان دیاری دەکرێت و دوای هەر پەروەردەیەک پێداچوونەوەی بۆ دەکرێت

جگە لە بابەتەکانی وەک مێژووی جیهان، زانست، فەلسەفە، مێژووی ئاینەکان، مێژووی ئازادیخوازی ژنان و کۆمەڵناسی، کۆرسەکانی وەک ئەناتۆمی، تەندروستی و فریاگوزاریش بە پێی پێداویستی دەدرێن. زمان و ڕێبازی باشتر خۆدەربڕین و بەهێزکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیش فێردەکرێن. لەبەر ئەوەی هەم کۆمەڵگەی کورد و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەم ژنان بەردەوام لە جەنگ و لە ژێر هێرشدان، بابەتی خۆپاراستن لە بەرنامەدا لە ئاستی تیۆری و پراکتیکیشەوە بابەتێکی سەرەکییە.

لە کۆتایی هەر وانەیەکدا، پەروەردەکار لە کۆمیسیۆن دەپرسێت کە وانەکە چۆن بوو و هەڵسەنگاندن لەسەر کۆمیسیۆنی پەروەردە دەکرێت. ڕەخنە و پێشنیار دەکرێت و لایەنە بەهێز و لاوازەکانی کۆرسەکە هەڵدەسەنگێندرێت. لەم خاڵەدا، سیستەمێک هەیە کە مامۆستا دەبێتە خوێندکار و خوێندکار دەبێتە مامۆستا.

٦. تۆماری دەنگیی وانەکان دەپارێزرێت، بەشێک لەوان لە کتێبدا بڵاودەکرێنەوە و لەسەر ئەو بنەمایەش کتێب و کەرەستەی پەروەردەیی تایبەت بە خۆمان ئامادە دەکەین.

ئەگەرچی زمانی کوردی زمانی سەرەکی وانەکانە، بەڵام ئەوانەی کوردی نازانن، بەو زمانەی تێیدەگەن، هەم دەتوانن خۆیان دەرببڕن و قسەکانیشیان وەرگیڕانی بۆ دەکرێت. ئەگەر پێکهاتەیەک بە زۆری زمانێکی هاوبەش قسە بکات یان هەندێکی دیکە ئەو زمانە تێبگەن، ئەوە پەروەردەکە بەو زمانە دابین دەکرێت. سەرەڕای ئەم بنەمایانەی کە بە شێوەیەکی گشتی دەربڕی مۆدێلی ئەکادیمی و پەروەردەییمانن، ئامانجمان ئەوەیە کە یارمەتی تاک بدەین بۆ خودناسی، خۆدەربڕین و تێکۆشان لە دژی ئەو کۆسپانەی کە ڕێگر بوون لە پەرەسەندنیان لە ڕێگای چەندین ڕێباز و شێوازەوە. بۆ نموونە، بەهۆی شێوازی خوێندنگەکانی دەوڵەت-نەتەوە کە تەنها لەسەر ئەزبەرەی بێ تێگەیشتن دامەزراون، ئێمە پەرە بە ڕێبازگەلێک دەدەین کە بەسەر ئەم ڕێبازە ئەزبەرییەدا زاڵ دەبن لە وانەکاندا و توانای شرۆڤەکردنی کەسایەتی پەرەپێدەدەین. دەمانەوێت تاک ماددەیەکی نووسراو، بینراو یان گوێگرتن، چیرۆکێک بە لە ڕوانگەی خۆیەوە شرۆڤە بکاتەوە. هەندێکجار ڕێبازی پەروەردە بۆ دەربڕینی بابەتێک، بە شێوەی نووسین، شانۆ یان شیعر دەبێت. داوایان لێدەکەین کە گروپ پێکبهێنن و بابەت پێشکەش بکەن و پاشان داوا لە گروپەکان دەکەین هەڵسەنگاندن بۆ یەکتری بکەن. هەوڵدەدەین ئەو ڕێگایانە ئاشکرا بکەین کە هەر تاکێک دەتوانێت ئەزموونی خۆی دەربڕێت. دەمانەوێ لەوە دڵنیا بینەوە لەوەی ئەو زمانەی لە وانەکانماندا بەکاری دەهێنین سادە، شیاوی تێگەیشتن و گونجاو بێت لەگەڵ مێژوو و کولتووری ئەو کۆمەڵگەیەی بۆی دەدوێین. بەم شێوەیە دەتوانن پەیوەندییەکی بەهێزتر دامەزرێنن لە نێوان پەروەردە و لێکۆڵینەوە ئەکادیمییەکان و ژیانی خۆیاندا.

چاوەڕوانییەکان بۆ پەروەردەی ژنان زۆر لە ئاستێکی بەرزدان. خەڵک چاوەڕێی دەستڕاگەیشتنیانە بە زانینی نوێ و دیدێکی جیاواز و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ئەو کێشە کۆمەڵایەتییە جددییانەی کە ڕووبەڕووی دەبنەوە. بابەتەکانی وەک ئەخلاق-جوانناسی ( ئێتیک-ئێستیتک)، هاوژیانی ئازاد، خۆبوون و گۆڕانکاری لە کەسایەتی پیاودا ئەو بابەتانەن کە زۆرترین گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت و بایەخیان هەیە. لەم پەروەردانەددا، نهێنیترین ئەو بابەتەنەی زۆرجار وەک ژیانی تایبەت بە ناو دەکرێن، دەتوانرێت بەبێ هیچ نیگەرانییەک گفتوگۆیان لەسەر بکرێت و پرسیاریان لەسەر بکرێت. ژنان تێگەیشتن و خودناسییان قووڵتر دەکەنەوە. پیاوانیش زۆر حەزیان بە وانەکانی ژنۆلۆژییە، چونکە پیاوان کێشەی ئازادی خۆیان و لاوازییەکانیان لەم تێکۆشانەدا دەبینن. هەندێکجار پیاوان ڕەفتاری “با ژنان ئازادمان بکەن” دەربڕن، لە کاتێکدا هەندێکی دیکەیان هەڵگری تێگەیشتنی هەڵەی وەک “من ئەوەندە ڕەگەزگەرا نیم وەک پیاوانی تر”ن. لە کاتێکدا ژنان زیاتر بە ڕاشکاوانە گفتوگۆ دەکەن، شایەتحاڵی ئەوە دەبین کە پیاوان زیاتر شەرم دەکەن و نایانەوێت لەبەردەم پیاوانی تر باسی کەموکوڕی و هەڵەکانی خۆیان بکەن. ئەگەرچی وانەکان کاریگەرییان هەیە، ئەوەش واقیعێکە کە پێویستە بەردەوام بێت و زیندوو بهێلڕێتەوە.

پێشخستنی کەلتوورێک کە ڕێگە بە هەر تاکێک بدات خۆی، خێزانەکەی و ئەو کەسانە پەروەردە بکات کە لەگەڵیان دەژین و کاردەکەن، بابەتێکی تری گرنگە لە کارە پەروەردەکارییەکانماندا. ئێمە پەروەردە نەک وەک چالاکییەک کە ماوە و شێوەی دیاریکراوە، بەڵکوو وەک پرۆسەیەکی ناکۆتا دەبینین کە هەموو بوارەکانی ژیان پێشدەخات.

لە ئەنجامدا، پەروەردەکانی ژنۆلۆژی دەبنە هۆی دروستبوونی ڕوانگەیەکی نوێ لە هەر بوارێک کە دەستی پێ ڕا بکات و ئامانج لەم پەروەردانە، چارەسەرکردنی ئەو کێشە بنەڕەتییانەیە کە کاریگەری لەسەر ژیانی خەڵک و تێکۆشانە شۆڕشگێڕییەکانیان هەیە. ئێمە بەردەوام ڕێباز و بەرنامەکانی پەروەردە نوێ دەکەینەوە، بەپێی پێداویستییەکان شێوەیان پێدەدەین و هەوڵدەدەین پێکەوە ئەو زانین و زانیاریانە فێربین و فێر بکەین کە دڵنیایی لەوە دەکات کە “هەموو دارێک لەسەر بنجی خۆی دەڕوێتەوە”، کە پەندێکی بنەڕەتی کوردانە.

سۆزان سیما

لە ئینگلیزیەوە: ئەڤین هێرش

بابەتی پەیوەندیدار