ناوەندی ژنۆلۆژی: ناوەندی ڕەنگەکانی ژن

سارا مارچا

ژنۆلۆژی لە باخچەی گوڵ دەچێت، کە هەموو ژنێک بە ڕەنج و ڕەنگی خۆیەوە بەشداری تێدا دەکات. ئەم باخچەیە، لە پاشخان و کەلەپوور و میراسی ژنانی بەرگریکارەوە پێکهاتوو، ڕۆژ بەڕۆژ گەشە دەکات و ڕەنگەکانی بە هەموو جیهاندا بڵاو دەکاتەوە. لە ڕێگەی ئەو کارانەی ناوەندی ژنۆلۆژی ئەنجامی دەدات، هۆشیاری و هزری ژنان بەهێزتر دەبێت.

ساڵی 2017 ناوەندی ژنۆلۆژی لە برۆکسل کرایەوە، لە سەرتاسەری جیهان لە ئەڵمانیاوە بۆ کەتەلۆنیا، لە یۆنانەوە بۆ کەنەدا و سوید و زۆر وڵاتی تری جیهان پرۆژەکان پێشکەشکران. وێرای پەروەردە بۆ فراوانکردنی ئاسۆی بیرکردنەوە و وشیاری ژن خولی وشیاری، لێکۆڵینەوەی هاوبەش، پانێڵ و سیمینار و پێشانگا و نمایشکردنی کتێب هتد.. بەڕێوەچوو. یەکێک لەو بابەتانەی کە سەرنجی ژنان ڕادەکێشێت و لە دیدی ژنۆلۆژییەوە گفتوگۆی لەسەر کراوە، مێژووی نەنووسراوی ژن و شوێنەوارناسی سەرنجی ژنان ڕادەکێشێت.

ژنۆلۆژی ڕێیەکی ئەلتەرناتیڤە

ژن لە هەموو سەردەمەکانی مێژوودا بناغەی ژیانی پێکهێناوە، هەر لە کۆمەڵگەی سروشتییەوە تا دەگاتە شارستانییەتی میزۆپۆتامیا، لە سەدەکانی ناوەڕاستەوە تا شارستانییەتی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی ئەمڕۆ. هەروەها بووە یەکەم پێکهاتەی کۆمەڵایەتی کە لە ئەنجامی کێشمەکێشێکی مێژووییدا دووچاری داگیرکاری و چەوسانەوە بوویەوە، بەڵام هێزی وشیاری ژنان لە کۆمەڵگای نیۆلۆلێتیکدا ئەمڕۆ لە شۆڕشی ژنانی سەدەی 21دا جارێکی تر دێتەوە مەیدان. ڕێنێسانسی ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە پێشەنگایەتی ژنانی کورد ڕێگایەکی ئەلتەرناتیڤ دەخاتەڕوو بەداڕشتنی بناغەیەک بۆ ژنان لە هەموو جیهاندا بۆ گۆڕینی ئەو تێگەیشتنە پۆزیتیڤیست و ڕۆژهەڵاتناسییەی کە بەسەر کۆمەڵگای ئەمڕۆدا سەپێنراوە. هەر بۆ ئەوەش لە ساڵی ٢٠١٨ ناوەندی ژنۆلۆژی بەشداری لە پێشانگایەکدا کرد، لە مۆزەخانەی ناوەندی هامبۆرگ بەناوی پرۆژەی ”ئامارگی: کەلەپوری کولتووری ڕۆژاڤا”. ناوەندی ژنۆلۆژی بە بەشداریکردنی لەو پێشانگایەدا بە ڤیدیۆ، وێنە و بەرهەمی هونەری سەرنجی بۆ سەر کولتووری بەرخودان و شۆڕشی ژن لە ڕۆژاڤادا لە دژی داعش ڕاکێشا. لە هەمان پێشانگادا شرۆڤەیەکی ڕاست لەسەر ئەو پارچە و بەرهەمە شوێنەوارییانە کرا کە لە سەرەتای سەدەی ٢٠دا لەلایەن ئەرکۆلۆگی ئەڵمانی ماکس ڤان ئۆپنهایمەوە لە تەل خەلەف دزران.

 ژنۆلۆژی بە بەشداری ئەو کارە ئەوەی خستەڕوو کە مێژوو دیاردە و ڕووداوگەلێک نییە، بە تێگەیشتنێکی قەدەرگەرایی و پۆزەتیڤیست سەیری بکرێت. تێگەیشتنی حەلەزۆنیانەی ژنۆلۆژی بۆ مێژوو لە ئاست دیاردە و ڕووداوە مێژووییەکاندا، کۆتێزبوونی بەرهەمی ١٢ هەزار ساڵ بەر لە زایینی لەگەڵ دووەمین شۆڕشی ژن لە ڕۆژی ئەمڕۆدا فەراهەم کرد. لەو پێشانگایەدا سیستەمی هاوسەرۆکایەتی هاوسەنگ لە نێوان خودا-خوداوەند، فیگوری خوداوەند عەشتار، بەرخودانی شەڕڤانانی ژن، بەیەکگەیشتنەوەی کولتووری دایکەخوداوەند و سیمبوولی ئازادی ژن لە مەنبەج لە بەرامبەر زهنیەتی مێژووی پێنج هەزار ساڵەی پیاوی دەسەڵاتدار نیشان دران.

گفتوگۆکان بەرەو قاڵبوونەوە و دەوڵەمەندیی دەچن:

ژنۆلۆژی لە مۆزەخانەکانەوە بگرە تا ئاکادیمیا و زانکۆکان، گەشەندنی شۆڕشێکی پارادایمی ئەنجام دەدات. گفتوگۆی نێوان ژنۆلۆژی و ئاکادیمیسیانە فێمینستەکان ڕۆژ بە ڕۆژ دەوڵەمەندتر و قووڵتر دەبێتەوە. خەبات بۆ ژنان و گەشەدانی ناسنامەی ئازادی ژن و گەڕان بەدوای بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی ئازاد بە تێپەڕاندنی کۆمەڵگەی ڕەگەزگەرایی، تا دێت فراوانتر دەبێت. بەڵام تیۆرییە هەنوکەییەکانی زانست و واقیعی کۆمەڵایەتی ڕێگرن لەوەی ژنانی ئەکادیمی لە دەرەوەی سیستەم سەیری ڕووداو و ڕاستییەکان و هەڵسەنگاندنیان بۆ بکەن، خۆیانی لێ ڕزگار بکەن. دەبێتە هۆی ناکۆکی نێوان فێمینستەکان، ئێڵ جی بی تی، کویەر و چەقبەستووییان. ژنۆلۆژی ئامانجی هێنانەدی ڕەهەندێکی نوێیە بۆ گفتوگۆ و هەڵسەنگاندنەکان لەسەر ناکۆکییە سەرەکییەکان و پێویستی یەکگرتنی ژنان، هەروەها کردنەوەی ڕێگای نوێ بۆ پاراستنی ڕەنگی ژنان. گەڕان و قوڵبوونەوەیەکی هەمەلایەنە پێویستە لە دژی ئەو پەرتەوازەیی و پارچەبوونەی لە نێوان جەستە و وشیاری ژن، واقیعە مێژوویی و کۆمەڵایەتییەکەی ژندا دروست بووە. پەرەسەندنی دیدی ئازادی ژن لەسەر بناغەی کولتووری دایکانە، زەمینەیەکی نوێ بۆ زامنکردنی گۆڕانکاری ڕیشەیی فەراهەم دەکات، بە تێگەیشتن و کوشتنی چەمکی پیاوێتی کە لە چەقی سیستەمدا جێکەوتە بووە.

کاری فرەڕەنگ

لە بونیادی ژنۆلۆژیدا کاروبارەکان بۆ بەهێزکردنی تێکۆشانی ژن لە دژی زهنیەتی فیوداڵی و لیبرالیزم و شیکردنەوەی کاریگەری ئایین، خێزان و دەوڵەت بەردەوامە. ئەم بابەتانە بە فراوانی لە پانێڵە ئەکادیمییەکانی بە ناوی ”دیداری خوێندنی جێندەر لەگەڵ ژنۆلۆژی” گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت. لەو چوارچێوەیەدا لە زانکۆی پاریس هەشت، لە بەشی فەلسەفە سیمینار لەسەر کولتووری ژیان و ژیانی ئازادانەی گەریلایانی ژن و کۆمەڵگای کورد پێشکەشکرا. گواستنەوەی یۆتۆپیای ژیانی ئازاد لە پارتی ژنەوە بۆ بواری ژیانیی و چەمکی ئێتیک (تیۆری ئەخلاق) و ئێستێتیک، زەمینە فەراهەم دەکات بۆ ئەوەی ژن پەرە بە جوانناسی هزر، گوتە و کرداریان بدەن. لەسەر ئەم بنەمایە ژنۆلۆژی وەک زانستێک کە ژن و ژیان لە چەقەکەیدایە، بە پرسیاری ”چۆن بژین ؟” باشترین وەڵام دەداتەوە و دەیەوێ خەونی شەهیدەکانی بهێنێتەدی.

سارا مارچا لە سەمیناردا

ئامانج  خۆبوونە لە کارەکاندا

ناوەندی ژنۆلۆژی کە دامەزراوەیەکی کۆمەڵایەتییە، ئەنجامی لێکۆڵینەوە و هەڵسەنگاندنەکانی لەگەڵ ژنان و بەشە جیاوازەکانی کۆمەڵگە لە ڕێگەی مەشق و ڕاهێنانەوە هاوبەش دەکات، بیروڕا و هەڵسەنگاندنی نوێ کۆدەکاتەوە. بۆ پێشخستنی کۆمەڵگەیەکی سیاسی و ئەخلاقی، ئەندامانی ناوەند، بەپێی پێویستیەکانی ژنان، ئەنجوومەن، ناوەند و ڕێکخراوەکانیان، شێواز و ڕێبازی جیاوازی پەروەردەیی دیاری دەکات. لە ڕێگەی وانە، خول، کۆبوونەوە، سیمینار، پانێل، گفتوگۆ و گروپی کار. کوشتنی ژن و هۆکارەکانی بەردەوامی توندوتیژییەکانی سەر ژن لە کۆمەڵگە و خێزان و واقیعی سیستەمی زاڵ ڕوون دەکاتەوە، لە بەرانبەردا تێکۆشانەکانی ژن لە جیهان و ژنانی کورد دەناسێنێ. پەرەدان بە سیستەمی ژنانی ئازاد لەسەر بنەمای خۆشویستنی یەکتر، وشیاری ڕەگەزی و ئایدیۆلۆژیای ڕزگاری ژن لە گرنگترین ئەو بابەتانەیە کە ئەمرۆ ژن هەم پێویستییەتی، هەم وەڵامدەرەوەیە. پێویستە سەرەتا پاراستنی مافەکانی ژنان لەنێو ژنان خۆیانەوە دەستپێ بکرێت. بۆ ئەوەی ژن خۆی لە کۆنترۆڵ و فێڵی پیاو بپارێزێت، پێویستە ژن بە ”خۆبوون” هەبوونی، وشیاری هاوبەش و هەروەرزییانە و ڕێکخستنبوونی پێشبخات. ئامانجی سەرەکی ڕاهێنان، چالاکی و پرۆژەکانی ناوەندی ژنۆلۆژی هەموو ئەوانەیە.

بە ژنۆلۆژی ژنانی جیهان بەیەک گەیشتن

لە ساڵی 2017ەوە، ناوەندی ژنۆلۆژی لە ئاستی نێونەتەوەییدا پەیوەندی بە چەندین بزووتنەوە و ڕێکخراوی ژنانەوە هەیە. ساڵی ڕابردوو لەگەڵ زاپاتیستەکانی هەرێمی چیاپاس چالاکی هاوبەشمان بەڕێوەبرد. پەرەمان بە پەیوەندی دا لەگەڵ خەڵکی برێتۆنیا، وڵاتی باسک، خەڵکی سکۆتلاند، کەتەلۆنیا، خەڵکی ماپوچە و فەلەستینی، چەندین گەلی خۆجێی و بندەست، بە تایبەتی لەگەڵ ژنان و ڕێکخراو و بزوتنەوەکانیان. لە ئەنجامی یەکترناسین جۆشێکی گەورە، هیوا و وشیاری هاوبەشمان هێنایە ئاراوە. بەپێشەنگایەتی ئەزموونی تیۆری و پراکتیکی ژنی کورد، گرنگ بوو پەرە بە وشیاری نەتەوەی-دیموکراتی و پەیوەندی نێوان هەموو ژنان بدرێت. یەکێک لە پرۆژە سەرەکییە بەردەوامەکان، لە دیدی پاراستنی ژن، زیندووکردنەوەی کولتووری شۆڕشگێڕی و کاری هەرەوەزییە لەناو ژنانی جیهان و گەیشتنە بە سیستەمێکی کۆنفیدراڵی دیموکراتی گەردوونی. بۆ ئەو مەبەستەش مەشق و ڕاهێنان بە ژنان دەکرێت و پەرە بە پڕۆژەی کولتووری و هونەری دەدرێت. ناوەندی ژنۆلۆژی ئەندامەکانی لە ١٥ وڵاتی جیاوازەوە هەیە، پەیوەندییەکانیان لەڕێی ناوەندەکەوە بەهێز دەکەن. لەپاڵ بواری ئابووریدا، توێژینەوە، وەرگێڕان و کەرەستەی پەروەردەی زانستی ئامادە دەکەن.

ئەندامانی ئینتەرناشناڵی ژنۆلۆژی

ئەو بیر و بۆچوونانەی بە فەلسەفەی ئۆجالان لەسەر ژن گەشەی کردووە، لە ڕووی هزری و پراکتیکییەوە ئێستا هەموو سنوورەکانی تێپەڕاندووە. گۆڤار، نامیلکە، کتێب و ماڵپەڕ، ڤیدیۆ، پانێڵی ڕاستەوخۆ لەسەر هێڵی ئینتەرنێت، گفتوگۆ لە بوارە جیاوازەکانی ژیاندا لە هەموو جیهاندا لە بەرنامەی کارەکانمانن. ئەندامانی ناوەندی ژنۆلۆژی دەتوانن هەر لە سیاتلەوە تا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ڕێگەی ئاسانکاری تەکنیکییەوە، گفتوگۆی زانستی بکەن. ژنۆلۆژی لە هەر چوار لای جیهان لەگەڵ بزووتنەوە، کۆمەڵە، ڕێکخراو، خوێندنگە و هەرەوەزی جۆراوجۆر، لە دایکانەوە بگرە تا خوێندکاران، چالاکوانان تا کرێکاران لەسەر ئابووری، دادپەروەری، ئیکۆلۆژی، پەروەردە، تەندروستی و بەرگری و هتد… پەرە بە پەیوەندییەکانی دەدات. بەو شێوەیە بە شیکردنەوەی ئەو داگیرکارییەی سیستەمی سەرمایەداری لەسەر ژن، کۆمەڵگە و سروشت بەڕێوەی دەبات و لە بەرانبەر ئەوە پرۆژەی ئەلتەرناتیڤ و جێگرەوە دەناسێنێت. هەروەها ژنان لە ڕێگەی گفتوگۆی زانستی و کاری وزەبەخش و ورەبەخشەوە تەنانەت لە سەروبەندی کۆرۆنا، ئەو شەڕی تایبەتە پوچەڵ دەکەنەوە کە دەوڵەتانی جیهان لە بەرانبەر کۆمەڵگە بەرێوەی دەبەن. بێگومان شاشەی کۆمپیوتەرەکان ناتوانن پێویستی هەستکردن بەیەک و دیالۆگ پڕ بکەنەوە. بۆ ئەوەش، پێویستە ڕەهەندی ژیانی دیجیتاڵانە بەپەلە تێپەڕێنرێت. ناوەندی ژنۆلۆژی بەنیازە لە ماوەی داهاتوودا چەند پڕۆژەیەکی ناوخۆیی زیاتر پەرەپێبدات، بەتایبەتی لە بەلجیکا چونکە ناوەندەکەمان لێرەیە. بۆ ئەوەش داوا لە ژنانی ئەوروپا دەکەین کە بەشداری لە کاری ناوەندی ژنۆلۆژیدا بکەن و ببنە ئەندام.

ئامانجەکانی ناوەندی ژنان

لە ئەنجامدا، دەتوانین بەکورتی ئامانجەکانی ناوەندی ژنۆلۆژی بە شێوەی خوارەوە ڕیز بکەین:

– هاندانی ژنان بۆ لێکۆڵینەوە و ناسینی مێژوو و بەرگری ئەو ڕاستییەی تێیدا دەژین.

– ڕێکخستنی گفتوگۆی گروپی کار بۆ ناسینەوە و داکۆکیکردن لە مافەکانی ژنان.

– ڕێکخستنی سیمینار و چالاکی، ڕاهێنان و خولی پەروەردە.

– نووسینی کتێب، وتار، نامیلکە و هتد…

– هۆشیارکردنەوەی ژنان و هەڵوێستنیشاندان لە دژی توندوتیژی سەر ژن، توندوتیژیی خێزانی، دەستدرێژی سێکسی، ئەو تاوانانەی لەژێر ناوی ناموس، هاوسەرگیریی زۆرەملێ و هتد… ئەنجام دراوە.

– پەرەپێدان بە پەیوەندی لەگەڵ ڕێکخراوەکانی ژنان، کە بۆ ئازادی ژن لە ئەوروپا و جیهاندا تێدەکۆشن.

چۆن بەشداری لەو پرۆژە و کارانەدا دەکرێت؟

– بوون بە ئەندام.

– پشتگیریکردن و ئابوونەی مانگانە یان ساڵانە و بەخشیش.

– دروستکردنی گروپی لێکۆڵینەوە و گفتوگۆ لە چێوەی بابەتەکانی ژنۆلۆژی.

– بەشداری لەو چالاکییانەی لەبارەی ئازادی ژنە.

– بەشداری لە وەرگێڕان.

– پشتیوانی لە ڕێکخستنی گروپی کار، سیمینار و چالاکی و ڕاهێنانەکانی ناوەندی ژنۆلۆژی.

– داهێنان بکەن و ڕێگای نوێ بکەنەوە بۆ پێشخستنی ژنۆلۆژی!

تێبینی: سارا مارچا خەڵکی فەرەنسایە لە ساڵی ٢٠١٥ ەوە لە سیمینارێک لە پاریس ئاشنا دەبێ بە ژنۆلۆژی، ئێستا یەکێکە لە ئەندامە چالاکەکانی ناوەندی ژنۆلۆژی لە بروکسل و یەکێکە لە دامەزرێنەرەکانی ناوەندەکە.

بابەتی پەیوەندیدار