ژنۆلۆژی زانستی ژن و ژیانە. زانستێکە کنە و پشکنین بۆ ژیان و مێژووی ژن دەکات. بە چاوێکی ڕەخنەییەوە تەماشای ئەو پێناسانە دەکات، کە لە دەرەوەی ژن بۆی دیاریکراوە. مێتۆدێکە بۆ تێگەیشتن لە جیهان و دۆزینەوەی ڕاستی، زانستێکی کۆمەڵایەتییە پەیوەست بە هۆشی سەردەمی هەنووکەوە. ژنۆلۆژی پرسیاری ئەوە دەکات؛ ژن پێویستە چۆن خۆی بناسێ؟ ژنۆلۆژی لێکۆڵینەوەیە لەبارەی بوون و مەعریفەی ژن. ژن لە مێژوودا سڕاوەتەوە و دەنگی کپکراوە، بۆیە ژنۆلۆژی ئیش لەسەر ئەو بەها مێژووییانە دەکات کە ژن لێی سەنراوەتەوە و لەدەستیداون. لەبەرئەوە ژنۆلۆژی تەواو پەیوەستە بەخۆناسین. بۆیە ژن وەک مرۆڤێک ناتوانێ لە ژنبوونی خۆی ڕا بکات. مرۆڤبوون و ژنبوون بەیەکەوە پەیوەستن.

لە ساڵی ٢٠٠٨ لە کتێبی سۆسیۆلۆژیای ئازادی عەبدوڵا ئۆجەلان ژنۆلۆژی پێشنیار دەکات؛ دەڵێ: ”ژن بوونێکی بناغەیی ژیانە. بەتایبەتی وەک کۆمەڵگەبوون، هەموو شتێکی بۆ خۆی دروستکردووە. بۆچی زانستێکی خۆی نەبێت؟”

بناغەی ژنۆلۆژی بریتییە لە خەباتی بەرخۆدانی ئازادی ژنانی کورد و میراتی ژنان و تێکۆشانی فێمێنیستی لە سەرانسەری جیهان. هەر لە سەرەتاوە، کارکردنی ژنۆلۆژی پرۆسەیەکی پێکەوەیی بوو. وردە وردە ڕووەو فۆڕمی زانستی ژن و ژیان گەشەی کرد. ئەو  زانستە بە ماوەیەکی کەم  لە ئەدەبیاتی ژناندا جێی  خۆی گرت. لە ساڵی ٢٠١٥ کتێبی ”دانوستانەکانی ژنۆلۆژی” و ”دەروازەیەک بۆ ژنۆلۆژی” بوون بە سەرچاوەی سەرەکی بۆ خەباتی ژنۆلۆژی.

ژنۆلۆژی لە ئیشکردن و پەروەردە و لێکۆڵینەوەکانیدا، زانینی ژن، مێتۆدی ئەلتەرناتیڤی زانست، پەروەردە، هونەر، پزیشکیی سروشتی، خۆپاراستن و ڕێگەی جیاواز بۆ بەرهەمهێنانەوەی ژیان و چێکردنی جڤات دەدۆزێتەوە و بەکاردەهێنێت. ژنۆلۆژی لە مەیدانەکانی پەیوەست بە مێژوو، ئابووری، دیمۆگرافی، ئێتیک و ئێستێتیک، تەندروستی، سیاسەت، پەروەردە و ئیکۆلۆژی لێکۆڵینەوە دەکات و زانین بەرهەم دەهێنێت.

ئێمە بەڕێی ژنۆلۆژییەوە، بوون بە خۆ و ناسینی خود وەک بەشێک لە ژینگە، کۆمەڵگە و مێژوو دادەنێین کە سەرچاوەی هەموو زانینێکە. ناتوانرێ بەبێ ژن لەکۆمەڵگە و مێژووەکەی تێبگەین. بڕوامان وایە ئێستا ساتی وزەی جیهانییە لەگەڵ ژندا بۆ گۆڕان. بۆیە بەردوام دەڵێین: ”ئەو زانستەی لە دەوری ژن گەشە دەکات، دەبێتە یەکەم هەنگا بەرەو سۆسیۆلۆژیایەکی ڕاستەقینە”.

ناوەندی لێکۆڵینەوەی ژنۆلۆژی لە باشوور لەلایەن کۆمەڵێک ژن کار و چالاکییەکانی بەڕێوە دەبات.